رۆژنامەی ھەولێر

٣٠ـی ئەیلوول دوا مۆڵەتە بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپە لەیاسادەرچووەکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

داماڵینی چەک و کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان دروشمی زۆربەی حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکان بووە، بەڵام ئەمجارەیان عەلی زەیدی دەیەوێت تا ٣٠ی مانگی داھاتوو چەکی گرووپە چەکدارەکان بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمەش ناکۆکییەکی قوڵی خستۆتە نێو سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە.

٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ دوا مۆڵەتی حکوومەتی عێراقە بۆ ئەوەی گرووپەکانی بەرەی مقاومە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، بەڵام سێ گرووپی چەکدار بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەک دابنێن. شرۆڤەکارێکی سیاسییش دەڵێت: دوای ئەو بەروارە گۆڕانکاری گەورە لە عێراق ڕوودەدات و بە زەبری ھێزییش بێت ھەموو گرووپە چەکدارەکانی عێراق چەک دەکرێن.
یەکەم بڕگەی کارنامەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان بوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵی وەکو دوا مۆڵەت داوە بە گرووپەکانی بەرەی مقاومە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان، فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان سوورە لەسەر بڕیارەکەی و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییش بوونەتە نێوەندگیر تاکو بە گفتوگۆ و دانوستاندن ئەم پرسە یەکلا بکرێتەوە.
عەباس جبووری، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ئاشکرای کرد: سەرەتا چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆیان کێشەیان ھەیە، ناکۆکن لەسەر پۆستەکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەم ناکۆکییەش نوێ نییە، لەسەردەمی کاندید بوونی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران سەری ھەڵداوە، بۆیە ئێستا دانانی چەکی میلیشیاکان دووبەرەکی زیاتر دروست کردووە لە نێو ماڵی شیعە و بەشێکیان بڕوایان بە دانانی چەک ھەر نییە.
داخستنی گەرووی ھورمز ئابووری عێراقی دارووخاندووە و ئەمنیەتی ناوخۆش بەھۆی شەڕ و ئالۆزی ناوچەکە ناسەقامگیرە، بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانە، ھەنگاوی یەکەم فشارە بۆ کۆتایی ھاتنی ھەیمەنەی وڵاتانی دراوسێ و پاشان ڕێکخستنەوەی دۆخی ئابووری لە کەشێکی ئەمنی ئارامدا.سەرھەد نازم، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بنەمایەک ھەیە کە سەقامگیری لەبەرامبەر وەبەرھێنانە، ئەگەر چەک بکەوێتە دەستی دەوڵەت کۆمپانیا بیانییەکان زیاتر ڕوو لە عێراق دەکەن، ئەو کاتە عەلی زەیدی پاڵپشتی زیاتریش بەدەست دێنێت، بەڵام سێ گرووپی بەرەی مقاومە خۆیان یەکلا کردووتەوە کە چەکەکانیان ڕادەست ناکەن، بەوھۆیەوە لە دوای ٣٠ی ئەیلوولەوە گۆڕانکاری گەورە لە عێراقەوە ڕوودەدات بە زۆریش بێت چەکەکانیان دەگەڕێتەوە دەستی دەوڵەت.
ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە گەورەترین بەربەستن لەبەردەم حکوومەتی عێراق، ھەوڵەکانی چاکسازی ئابووری و ئەمنی، بەشێکی سەرکردەکانی شیعە نایانەوێت عێراق لەژێر ڕکێفی وڵاتانی دراوسێ دەرچێت و بەشەکەی دیکەش پاڵپشتی حکوومەت دەکەن، ئەم دووبەرەکییەش ڕەنگدانەوەی داوەتەوە لە بڕیارە سیاسییەکان.