ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
کەمیی شیری دایک یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی خانمان لە شیردانی سروشتی، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و گەشەی کۆرپە دەبێت. زۆرجار دایکان لە سەرەتادا بەهۆی کەمکردنی شیرەکەیانەوە تووشی بێئومێدی دەبن و پێیان وایە ناتوانن کۆرپەکەیان تێر بکەن، بەڵام پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە تێگەیشتن لە هۆکارەکان و گرتنەبەری ڕێکاری دروست دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
د. ئاهەنگ دژوار، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون ڕوونیدەکاتەوە: “لە سەرەتادا بەشێک لە دایکان شیریان کەمە، بەڵام بە هەڵە لایان وایە دەبێت یەکسەر واز لە شیردان بهێنن. پێویستە دایک ئاگاداری هۆکارەکانی کەمیی شیر بێت و هەوڵی تەواو بدات تاوەکو شیرەکەی زیاد بکات.”
بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی جارەکانی شیردان لە دوو هەفتەی سەرەتادا لە نێوان ٨ بۆ ١٢ جارە لە ڕۆژێکدا، و دواتر کەم دەبێتەوە بۆ ٧ بۆ ٩ جار لە ڕۆژێکدا.
١٢ هۆکاری سەرەکیی کەمکردنی شیری دایک:
١. ناشارەزایی لە چۆنیەتیی شیرپێدان:
پێویستە دایک بەر لەوەی لە نەخۆشخانە دەربچێت، ڕێنمایی لەسەر ڕێگەی دروستی شیردان وەربگرێت و سوود لە ئەزموونی کەسانی شارەزاش وەربگرێت. شیردانی هەڵە ڕێگرە لە زیائبوونی شیر و وردە وردە وشکی دەکات. زۆرجار کۆرپە بە باشی گۆی مەمکی ناکاتە دەمی، بۆیە پێویستە گۆی مەمکەکە بە تەواوی لە دەمیدا بێت تا شیرەکەی پێ بگات.
٢. کەمخەوی:
پشوودانی دایک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دروستبوونی شیر هەیە. باشترە هەرکاتێک کۆرپەکە خەوت، دایکەکەش پشووبدات و بنوێت.
٣. گوشاری دەروونی و خەمۆکی:
بارودۆخی دەروونیی دایک ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت، بۆیە پێویستە لەڕووی دەروونییەوە ئاسوودە بێت.
٤. ناڕێکیی هۆرمۆنەکان:
ئەمەش بەهۆی گوشاری دەروونیی بەردەوام یان بەکارهێنانی چارەسەری هۆرمۆنییەوە ڕوودەدات.
٥. بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان:
وەک حەبی ڕێگری لە دووگیانبوون (کە ئیسترۆجینی تێدایە)، دەرمانی هەستیاری، چارەسەری نەزۆکی و چارەسەری کیمیایی.
٦. زوو بەکارهێنانی شیری وشک (شیری قووتی):
کاتێک شیری وشک دەدرێتە کۆرپە، مژینی مەمکی دایک کەم دەبێتەوە. جەستەی دایک بەپێی ویستی کۆرپەکە شیر بەرهەم دەهێنێت؛ کاتێک جەستە هەست بکات پێویستی بە شیر نییە، بەرهەمهێنانی کەم دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە، مژینی بەردەوامی مەمک دەبێتە هۆی وروژاندن و زیادبوونی شیر.
٧. بەکارهێنانی مەمەی شیر (شووشەی شیر):
ڕاهاتنی کۆرپە لەسەر مەمکەی دەستکرد وادەکات مژینی مەمکی دایکی ڕەت بكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شیر.
٨. بەکارهێنانی مەمكەمژە:
مەمکەمژە کۆرپە ماندوو دەکات و ماوەی مژینی مەمکی دایک کەم دەکاتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی شیر کەم دەبێتەوە.
٩. دیاریکردنی کاتی دیاریکراو بۆ شیردان:
شیردان کات و ساتی بەستراوی نییە؛ هەر کاتێک منداڵ هەستی بە برسییەتی کرد، دەبێت شیری پێ بدرێت.
١٠. ئەنجامدانی نەشتەرگەریی مەمک.
١١. ناتەواویی زکماکی یان مەمکەنەگرتنی کۆرپە بۆ مژین:
بە تایبەت لە ناو منداڵانی ناکام (پێشوەختە لەدایکبوو)، منداڵانی داون، یان ئەوانەی تووشی شەقبوونی لێو و مەڵاشوو بوون.
١٢. زایین بە نەشتەرگەری:
ئەو دایکانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، پرۆسەی شیردانیان تا ڕادەیەک خاو دەبێتەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم منداڵانە زیاتر کێشەی هەناسەدان یان خەواڵووییان هەیە و پێویستیان بە چاودێرییە، ئەمەش بەیەکگەیشتنی دایک و کۆرپە دوا دەخات. هەروەها دایکەکە دوای نەشتەرگەری تووشی ئازاری زیاتر و بارودۆخی دەروونیی ئاڵۆزتر دەبێت.

