وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
لە سەردەمی بەدیجیتاڵبوون، زەمەن و کات فرە بەنرخن. زۆرێک لە داهێنانە تەکنەلۆژییەکان – هەر لە هێڵی ئەنتەرنێتی خێراوە بگرە تا بەرنامە و ئەپڵیکەیشنەکانی پەیوەندی – بۆ ئەو مەبەستە دروست و دیزاین کراون کە ژیانی مرۆڤ سادەتر و کاراتر بکەن و یارمەتیدەر بن لە گەڕانەوەی کات بۆ ئەنجامدانی کاری فرە گرنگتر، کەچی زۆرێکمان هەتا دێت زیاتر هەست بە بێزاربوون و دڵتەنگی دەکەین. ئێمە لەنێوان لۆمەکردنی تەکنەلۆژیا بۆ ئەم پاڵەپەستۆ کاتییەی کە بۆی دروست کردووین لەگەڵ دەستبردن بۆ تەکنەلۆژیا بۆ چارەسەری هەمان پاڵەپەستۆ، دوودڵ و وڕ و کاسین.
ئەم دڵبەستراوییەی ئێمە بۆ بەکارهێنانی بەسوودی کات، چیرۆکی (شازده چکۆڵە – The Little Prince)مان بیر دەخاتەوە. پاڵەوانە ناسراوەکەی (ئانتوان دو سانت ئێگزوپێری – Antoine de Saint-Exupery.) کە لەسەر زەوی فرۆشیارێک دەدۆزێتەوە حەبی دەستکرد بۆ نەهێشتنی تینوویەتی مرۆڤەکان دەفرۆشێت: “یەکێک لەم حەبانە بخۆ، وەک ئەوە وایە هیچ پێویستت بە خوارنەوەی ئاو نەبێت. ”
کاتێک شازدە چکۆڵە لە فرۆشیارەکە دەپرسێت: “بۆچی شتێکی وا دەفڕۆشیت؟”
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: “ئەمە دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردنی بڕێکی زۆری کات! پسپۆڕە لێزانەکان بە وردی لێکیان داوەتەوە کە بە خواردنی هەر حەبێک لە حەفتەیەکدا، ٥٣ خولەک کات پاشەکەوت دەکرێت. ”
شازدە چکۆڵەش لە وەڵامدا دەڵێت: “من ئەگەر ٥٣ خولەک کاتی زیادەم هەبێت، ئەوا هێواش و لەسەرخۆ بەرەو کانییەک دەچم.. ”
ڕوون و ئاشکرایە کە ڕاڕایی و نیگەرانییەکان بۆ پاشەکەوتکردنی کات شتێکی تازە و نوێ نییە؛ هەر لە کۆنەوە یەکێک لە بابەتەکانی تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان، پرسیارکردن بووە لەو هەستەی کە گوایە ژیانی ڕۆژانە هەتا دێت خێراتر دەبێت.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، (گێئۆڕگ زیمێڵ – Georg Simmel) لە کتێبی (فەلسەفەی دراو – The Philosophy of Money) دەکەوێتە شەنوکەوی ئەم پرسە کە چۆن شارە گەورە مۆدێڕنەکان دەبنە هۆی دروستبوونی ئاستێکی نوێ لە خێرایی ژیان؟!
لە ڕوانگەی زیمێڵەوە، خێرابوونی ژیانی شاری، بە شێوەیەکی دانەبڕاو گرێ دراوەتەوە بە خێرایی دەستاودەستکردنی دراو. شیکار و شڕۆڤەی زیمێڵ بۆ مێشک و تێهزرینی مرۆڤی مۆدێڕن کە بە تێکەڵەیەکی دەزانێت لەگەڵ (پەلەکردن – immediacy)، (هاوکاتی – simultaneity) و (ئێستاگەرایی – presenrism)، گوایا قسە لەبارەی هەستێکەوە دەکات کە ئێمە بە خێراییەکی زۆر بۆ ژیان هەمانە.
)هارتمووت ڕۆسا – Hartmut Rosa) لە کتێبی (پەلەپڕووزێ و بێگانەبوون – Social Acceleration)، نیشانمان دەدات کە چۆن پەیوەندیی بەردەوامی نێو کلتوورێک کە لەدایکبوونی زۆر و خێرا لە پێشینەیەتی، هیچ یارمەتیدەر نییە لە پاشەکەوتکردنی کات. ڕێک وەک ئەوەی دروستکردنی ڕێگای زیاتر تەنها ترافیکی زیاتری لەدووە، یا وەڵامدانەوەی ئیمەیلەکان تەنها کۆمەڵێک ئیمەیلی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
داهێنەرە پێشەنگەکانی (سیلیکۆن ڤالی – Silicon Valley)* کە ئەم تەکنەلۆژیانەیان دیزاین کردووە، بێ هیچ تانە و ڕەخنەیەک، بە چاودێریی کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشنی نوێی نێو بازاڕ، بە دوای چارەسەریی کاتیی ئەم پرسەوەن. یا ئەوەیکە لە کۆتایی حەفتەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕەکەدا دەپچڕێنن، بەڵام دەبێت بگوترێت کە خەونی (ئازادیخوازانەی کالیفۆڕنیاییەکان – Californian Libertarian) **ی ئەوان، ئێستا بەکەڵکی هەڵسووڕاندنی چەرخی سەرمایەداریی زۆر خێرای ئەمڕۆ دێت. ***
(تیم وو – Tim Wu) لە کتێبی (بازرگانانی سەرنج – The Attention Merchants) ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن کەمپەینەکانی تایبەت بە ڕاکێشانی سەرنجی ئێمە بۆ دەستکەوتنی پارە، فۆڕم و شێوە دەدەنە ڕێکلام و پڕووپاگندەکان. ئەو زەمەنەی ئێمە چ لە سەر کار یا چ لە کاتی پشووەکانمان بەرامبەر شاشەکان بەسەری دەبەین، هەرگیز وێنای نەبووە. تیم وو، بە دروستی سەرەنجی خستووەتە سەر دیزاینکردن کە پێی وایە: “شارەزایی و پسپۆڕیی باشترین دەروونناسەکانی جیهان بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی ئێمە بە ئۆنلاین بهێڵنەوە. “هیچ سەیر نییە کە ئێمە ئەم پلاتفۆڕمانە بە ئاڵودەکەر دەزانین، چونکە لە بنەڕەتدا بە شێوازێک دروستکراون کە ئاڵودەکەر بن.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو، تەنانەت ئابووریناسانیش گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو کاتەی بۆ پشوو و حەوانەوە تەرخان دەکرێت، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەزامەندیی مرۆڤ لە ژیان و خۆشگوزەرانی.
وەک ئەوەی کە (جولی ڕۆس – Julie Rose)ی فەیلەسوفی سیاسی لە کتێبی (کاتی ئازاد – Free Time) بانگەشەی بۆ دەکات، کاتی بەتاڵی کەسێک سەرچاوەیەکی سەرەکی و ئامرازێکی گشتگیرە بۆ چاودێری شتێک کە تاک بۆ خۆی بە باشی پێناس دەکات، ئیتر ئەو پێناسە با هەر شتێک بێت. ئەگەر توانای هەڵبژاردنی ئەوەی کە چۆن کاتەکەت بۆ کارە جیاوازەکان تەرخان دەکەیت بخەینە کڕۆکی چەمکێکی ئەرێنی ئازادییەوە، ئەوا کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر پێویستە دەستەبەری ئەوە بکات کە هەموو هاووڵاتییەکانی دەستیان بە بڕێک لە کاتی بەتاڵ و ئازاد ڕابگات.
باشترە لەبری خوێندنەوەی ڕێنماییەکانی هاوکاریی خود بۆ بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵی کات، باشترە تێبگەین کە ئەو پاڵەپەستۆیەی بۆ هەڵکشانی بەکارهێنانی کات هەیە، چۆن دروست بووە؟!
پاشەکەوتکردنی کات، نە دەبێت وەک ئامانجێک لە خود سەیر بکرێت، و نە وەک پاساوێکی ئیلاهی بۆ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان هەژمار بکرێت. لە بری ئەوە، پێویستە لە شازدە چکۆڵەوە فێر ببین کە پرسیارەکە هەمیشە نابێت ئەوە بێت کە (چۆن کات پاشەکەوت بکەین؟)، بەڵکو هەندێک جار دەبێت ئەوە بێت کە (کات بۆ ئەنجامدانی چ کارێک پاشەکەوت بکەین؟)
پەراوێز:
*ناوچەیەک لە کالیفۆڕنیا کە جەمسەری داهنان و بەرهەمهنانی ئەلیکترۆنییە.
** چەمکی (لیبرتاریانی کالیفۆڕنیای) یان (Californian Ideology) ئاماژەیە بۆ ئایدۆلۆژیا یان بەها فکرییەکانی ئەو کەسانەی کە تەکنەلۆژیا لە (سیلیکۆن ڤالی – Silicon Valley) لە کالیفۆڕنیا دروست دەکەن. داهێنەرانی تەکنەلۆژیا لە کالیفۆڕنیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە بەکارهێنانی ئەپ و ئامرازە دیجیتاڵییەکان بەشێکن لەو پاڵەپەستۆیەی کە دەکەوێتە سەر مرۆڤ و هۆکارن بۆ ئاڵوودەبوونی مرۆڤ بە شاشەکان و زیاتر گەڕانی چەرخی سەرمایەداری.
*** (go off the grid): جۆرە ستایلێکی ژیانە کە تیایدا تاک پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گشت ژێرخانە وزەیی و پەیوەندییەکان دەپچڕێنێت. مەبەستی نووسەر ئەوەیە کە ئەم ستایلی ژیانە کە بە ڕووکار بەشێک لە ئازادییان لە سیستەمەکەدا هەیە، نها بە هۆی حەز و خولیای زۆری مرۆڤەکان بۆ ئامرازە ئەلیکترۆنییەکان، بەکەلکی هیچ نایێن جگە لە هەڵسووڕاندنی چەرخەکانی سەرمایەداریی.
سەرچاوە:
گاردین (The Guardian)

