رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
نـــــوێنەری گـــــۆڕان
جولیان بیندا (١٨٦٧ – ١٩٥٦) کە ڕۆشنبیر، ڕۆماننووس و بیرمەندێکی فەرەنسایی بوو، داکۆکیکارێکی سەرسەختیش بوو لە لۆگیک و لە بیرکردنەوەی عەقڵانی. بە کاریگەریی کێشەکەی درایفۆس، ئەو ئەفسەرە بێگوناهەی کە ١٨٩٩ تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە کە جوو بوو، بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە فەرەنسا، لە زیندان توندا کرا، جولیان بیندا ڕوانینێکی نوێی لەبارەی ڕۆڵی ڕۆشنبیرەوە هێنایە ئاراوە. بیندا ڕۆڵی ڕۆشنبیری لەوەدا چڕ کردەوە کە دەبێت لایەنی ڕاستی و داد بگرێت، بە چاوپۆشین لەوەی، هەڵبژاردنی سەنگەری ڕاستی و داد، لە بەرژەوەندیی کام چین، فیکر، ئایین، ڕەگەز، یان نەتەوە دەکەوێتەوە.

جولیان بیندا پێی وابوو، ئەوە بانگەشەکردنە بۆ ڕاسیسزم، ئەگەر بە چاوپۆشین لەوەی لەسەر هەقە یان نا، هەر لایەنی فیکر و ئایین و نەتەوەی خۆمان بگرین و دەیگوت: (ڕۆشنبیر کەسێکی دەگمەنە، هەر لایەنی ڕاستی و داد دەگرێت و لە دژوارترین هەلومەرجیشدا سڵ لە گوتنی هەق ناکاتەوە.) جولیان بیندا لە کتێبەکەیدا کە ناوی لێ ناوە: (ناپاکیی ڕۆشنبیران) و ١٩٢٧ بەشی یەکەمی بڵاو کراوەتەوە، باسی ئەوە دەکات کە ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە، کەسانی دیرۆکبڕن، (وەک چۆن هاژەکی کیشوەربڕ هەیە،) ئیدی هەر لە سوکراتەوە تا سپینۆزا و ڤۆڵتێر و ئارنست ڕینان، کەسانێکن ویژدانی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن.

لە ڕوانگەی جولیان بینداوە، ڕۆشنبیر وەک خەڵکی ئاسایی نییە، بایەخ بە سوودی ماددی خۆی نادات، ئەوەندە بە داد و هەقیقەتەوە پێوەستە، تا ئەو ئاستەی وەک لە واقیع دابڕابێت، ئاخر بێ ئەوەی بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە، بوێرانە بە گژ زۆرداریی سیاسی، ستەمی کۆمەڵایەتی، دەمارگیریی ئایینی و ڕاسیسزمدا دەچێتەوە. لای جولیان بیندا ڕۆشنبیر، نوێنەری دەسەڵاتی مۆراڵی بڵندە، نەک دەمڕاستی دەسەڵاتی سیاسی و ناچێت بە بیانووی داکۆکیکردنەوە لە هەستی نەتەوایەتی و ئایینی، یان لەبەر بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان، دەستبەرداری ڕاستیگوتن و لایەنگرتنی داد و هەق ببێت.

لای جولیان بیندا، ناپاکیکردنی ڕۆشنبیر بریتییە لەوەی، دەست لە ئازادیی فیکریی خۆی هەڵبگرێت، وابەستەی دەسەڵاتی ویژدان و مۆراڵ نەبێت، لە ترسی سزا، یان لەبەر قازانجی تایبەتی، ڕەدووی زۆرینە بکەوێت، پشت بکاتە داد و هەق و خۆی لە ستەم نەبان بکات، با ستەمەکە، زادەی ڕەوتاری لایەنەکەی خۆیشی بێت. ڕۆشنبیر کەسێکە لەبەردەم مۆراڵی خۆیدا بەرپرسە و ئەوە ویژدانی زیندووی خۆیەتی، هانی دەدات هەست بە بەرپرسیاری بکات، ڕەخنەگرتن بە ئەرکی سەرەکیی خۆی بزانێت و ئازایانە ڕۆڵی ڕەخنەگر ببینێت، بە تایبەتی ئەو سەروەختانەی، ڕەنگە لەسەر ڕەخنەیەک ژیان لە دەست بدات.
ئەوە عەوامە، ناهۆشیارانە شوێن بەرژەوەندیی تەسکی لایەنەکەی دەکەوێت، ڕۆشنبیر بەو ئەفیوونە بەنگ نابێت، ڕق بڵاو ناکاتەوە، ئاگری شەڕی حیزبی، ئایینی، یان ڕەگەزپەرستی خۆش ناکات و ئەگەر لاپەڕەکانی ڕابردوویش هەڵبداتەوە، لە پێناوی هێورکردنەوەی تووڕەیی و هەڵچووندا دەیکات. ئەوە ڕۆشنبیر نییە کە حیزب، ئازادی و مافی بیرکردنەوەی لێ زەوت کردووە، ئاخر ڕۆشنبیر کە خاوەنی پەیامێکی ئینسانییە، بەوە قایل نابێت، لە نێو قەفەزی لایەنێکدا بەند بکرێت. ڕۆشنبیر خۆی بڕیار دەدات، چی دەڵێت و کام هەڵوێست دەنوێنێت. ڕۆشنبیر نە دەستبەرداری شکۆی خۆی دەبێت و نە لە هیچ گەمەیەکی سیاسیدا، ڕۆڵی داش وازی دەکات.

ڕۆشنبیر کەسێکی بیرکەرەوەیە، بە بیری خۆی، ژیان ڕۆشن دەکاتەوە، ئەو قسانە ناگوێزێتەوە کە چەندان ساڵە دەکرێن و چەندان نەوە گوێی لێیان بووە، ئاخر ڕۆشنبیر فیکری نوێ دێنێتەوە ئاراوە، قسە سواوەکان پاتە ناکاتەوە. ڕۆشنبیر کەسێکی جیاوازە، هەر بەهرەمەند نییە، هەڵگری پەیامێکی تازەیشە کە دەکەوێتە خانەی داکۆکیکردنەوە لە هەق و لە دادپەروەری. ڕۆشنبیر پرسیاری وا دەورووژێنێت کە دووچاری سەرسامیمان دەکات و لێمان ناگەڕێت لە وەڵامەکەی هەڵێین. ڕۆشنبیر نە بە هیچ هێزێک کەوی دەکرێت، نە دەست لە ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی خۆی هەڵدەگرێت، ئەگەر نا لە داهێنان دەکەوێت.

ڕۆشنبیر بوار نادات ژیان لە جێیەکدا بچەقێت، ئەوە دەڵێت کە خەڵکانی دیکە، لێی بێدەنگ دەبن، ئەوە ئاشکرا دەکات کە کەسانی دیکە دەخوازن بە نهێنی بمێنێتەوە، دڵی بە نیمچەچارەسەر ئاو ناخواتەوە و بە پێچەوانەی ڕێڕەوی چەمی کولتووری زاڵەوە مەلە دەکات. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە نوێنەری هیچ لایەنێک نییە، هەڵگری نامەیەکی گەردوونییە، بە گوتنی هەق و بە لایەنگرتنی داد، بە گژ هێز و ستەمکاریدا دەچێتەوە. ئیشی ڕۆشنبیر بەرەنگاربوونەوەیە، بە فیکری نوێ و ڕۆشن بەرەنگاری هەژموونی دەسەڵاتی زاڵی زاڵم دەبێتەوە.

ڕۆشنبیر لەبەر تیشکی چرای عەقڵانیبووندا و لە سەنگەری داد و هەقەوە ڕەخنە دەگرێت، هاواری لە ناخی خۆیەوە بڵند دەبێتەوە، زایەڵەی قیژە و نەڕەی ئەم حیزب یان ئەو دەسەڵات نییە. ڕۆشنبیر لەگەڵ واقیعی سەروەردا هەڵناکات و نابێتە یەکێک لە ئەندامانی ئەو گرووپەی ستران بۆ تێڕوانینی باو دەڵێن، بەڵکوو ڕەخنە لە کولتووری زاڵ دەگرێت و ڕەمزەکانی وەبەر ڕێژنەی ڕەخنە دەدات. ڕۆشنبیر نوێنەری گۆڕانە و دژی چەقبەستن، ڕەنگە لە ناچارییەوە، ڕێی تاراوگە بگرێتە بەر، بەڵام خۆی لەگەڵ واقیعی تاڵدا ناگونجێنێت.