رۆژنامەی ھەولێر

تەلارسازی و گەڕان بەدوای مۆرکی نەتەوەییدا

خوسره‌و جاف
ئەکپاتانا پایتەختی دەسەڵاتی “ماد” بووە. “ھێرۆدۆت” مێژوونووسی یۆنانیی پێش زایین، دەربارەی ئەکپاتانا دەڵێت: “ئەو شارە حەوت شوورەی بەدەوردا بووە؛ ھەر شوورەیەکیان بە ڕەنگێک بووە و لە نێوانیاندا چەندان گالیسکەی جەنگی شانبەشان پڕتاو ڕۆیشتوون. کۆشکی شا و ناوەندی دەسەڵات لە چەقی شاردا بوون، بە دەوریشیدا کۆشک و باڵەخانەی جۆراوجۆر بنیاد نراون.”
میللەتی ماد نزیکەی پێنسەد ساڵ لەژێر دەستی دەسەڵاتی ئاشوورییەکاندا بوون. سەرەنجام دەسەڵاتی ئاشوور لەلایەن لەشکری داخ‌لەدڵی مادەوە لەناو برا؛ شاری نەینەوای پایتەختی ئاشوور، نەک تەنیا سووتێنرا، بەڵکوو بەردی بەسەر بەردەوە نەما و کرا بە تەپۆڵکەیەکی گەورەی خۆڵەمێش.
دەمارگرژە فارسەکان لە سەردەمی محەمەد ڕەزاشای پەهلەویدا، کاتێک جەژنی دوو ھەزار و پێنجسەد ساڵەیان گێڕا، سەدوھەشتا ساڵی دەسەڵاتی مادیان لەسەر مێژووی ئێران هەژمار نەکرد. دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانیش ھەر وەک ئەوان بیر دەکەنەوە و بە ھیچ جۆرێک دۆسیەی دەسەڵاتی ماد ناخەنە ڕوو. بێگومان ئەم پشتگوێخستنەش ناتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی مێژوو دابپۆشێت، چونکە لێرەولەوێ ئاسەوارەکانیان هێشتا ماون.
زانستی تەلارسازی (میعماری) زنجیرەیەکە و بەستراوەتەوە بە یەکەوە. چاتمەیەک لەپڕ پێک نەھاتووە، بەڵکوو ئەو چاتمەیە زادەی فکری خێزانێکی تەلارسازییە و بەپێی قۆناغی جۆراوجۆر گەشەی کردووە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ. گوڵتە و پایە بنەماڵەیەکی ڕیشەداری دنیای تەلارسازین؛ وردەکارییەکانیشیان پەیوەندی بە ڕابردووەوە ھەیە و بە گوێرەی ژینگەی وڵاتان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە تا گەیشتوونەتە ئێستا.
ئەوە حاشاھەڵنەگرە کە هیچ شێواز و پێکهاتەیەکی تەلارسازی لەپڕ دروست نەبووە، بەڵکوو هاوشێوەی ڕەچەڵەکی مرۆڤ خاوەن ڕابردوویەکی دوورودرێژە. ئەگەر جیاوازییەکیش لە نێوانیاندا هەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ژینگە و کەرەستەی خۆماڵی. دەمەوێت بڵێم: مەحاڵە کۆشکەکانی (پێرسپۆلیس) کە لە سەردەمی کۆرش و خشایارشادا دروست کراون، تەنیا زادەی فیکر و هونەری سی چل ساڵەی دەسەڵاتی هەخامەنشییەکان بن؛ ئەگەر سەدوھەشتا ساڵ دەسەڵاتی ماد و ئەزموونە تەلارسازییەکانی ئەوان نەبووایە، مەحاڵ بوو (پێرسپۆلیس) بەو شێوازە دروست بکرێت.
ئاشکرایە کە مێژوو هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نووسراوەتەوە. ئێمەش نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵە بێدەسەڵاتین و پاشکۆی پایتەختە بیانییەکانین، ئەوانیش دوورن لە ویژدانەوە. تەلارسازی و گەشەکردنی، ئەوسا، ئێستا و ئیسەولایش هەمیشە بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتەوە؛ مەحاڵە میللەتێک ببێتە خاوەنی قوتابخانەیەکی تایبەتی تەلارسازی ئەگەر خاوەن دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی نەبێت. ئەمە دەسەڵات و توانای دارایی دەوڵەتەکانە کە وا دەکات بیر لە ئاوەدانی و دروستکردنی کۆشک و تەلارە شکۆدارەکان بکەنەوە. زۆرجار ملهوڕەکانی مێژووش لەبەر نیشاندانی ترس و هەیبەتی خۆیان دەستیان داوەتە تەلارسازیی گەورە. ئێستاش، دەوڵەت و دەسەڵاتداران، ئەگەر ئابوورییەکی جێگیر و دەسەڵاتێکی پتەو و دامەزراوەیییان نەبێت، ناتوانن بیر لە گەشەپێدانی تەلارسازی بکەنەوە. ئەمە هاوکێشەیەکی ناسراوە: پێشکەوتنی تەلارسازی بەستراوەتەوە بە ئابووری، ئاسایش و لایەنی ئەکادیمییەوە.
ئێمەی کورد لە چوارچێوەیەکدا دەژیین کە سێ نەتەوەی داگیرکەر وڵاتەکەمانیان دابەش کردووە. ئەوان بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ (و هەندێکیشیان زیاتر لە دووهەزار ساڵ) بە ئەوپەڕی توانایانەوە لە هەوڵی لەناوبردنی زمان و ناسنامەماندا بوون و بێبەزەییانە کۆشاون بۆ سڕینەوەمان. بەڵام خۆشبەختانە زمانەکەمان هێندە بەهێز و پتەوە، نەیانتوانی وەک خاکەکەمان قووتی بدەن.
قوتابخانەی تەلارسازیی ئیسلامی شێوازێکی ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبیرمە کۆڕێکم لە کۆڕبەندی زانستیی عێراق (المجمع العلمي العراقي) لەژێر ناونیشانی “بنەماڵە تەلارسازییەکانی جیهان” پێشکەش کرد؛ کاتێک باسی قوتابخانەی تەلارسازیی ئیسلامیم کرد، لە گفتوگۆکاندا تووشی ڕەخنە و تۆمەت بووم کە بۆچی نەموتووە “تەلارسازیی عەرەبی-ئیسلامی” و تەنیا وتوومە “تەلارسازیی ئیسلامی”. تەنانەت یەکێک لە سەرۆک زانکۆکان بە تووڕەییەوە پێی وتم: “من دڵنیام تۆ شعووبیت!” (لەو سەردەمەدا شعووبیەت تۆمەتێکی گەورە بوو). منیش بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەم، بە تەنزەوە وەڵامم دایەوە: “دکتۆر، تۆ بە هەڵەدا چووی؛ من نەک هەر شعووبیم، بەڵکوو بەداخەوە سوننەمەزهەبیشم، خۆزگە شیعەش دەبووم!”
هۆڵەکە بوو بە قاقای پێکەنین. کابرا کەوتە تەنگانەوە و هاواری کرد: “سوورم لەسەر ئەوەی کە تۆ شعووبیت!”
منیش نەمدەویست وردەکاریی مێژووی تەلارسازیی ئیسلامی ڕوون بکەمەوە، بەڵام سەرەنجام ڕووم کردە کابرای دکتۆر و پێم گوت: “مادام وای لێ هات، گوێم لێ بگرە… من وەڵامی ئەم تێبینییە بە پرسیارێک دەدەمەوە: ئایا سەرەتای تەلارسازیی ئیسلامی لە یەکەمین مزگەوتەوە دەستی پێ نەکرد؟”
گوتی: “بەڵێ.”
گوتم: “یەکەمین مزگەوت دیوارەکانی لە قوڕ و بنمیچەکەی لە چڵ و گەڵای دارخورما بووە. بەڵام لەو سەردەمەدا، دوو قوتابخانەی تەلارسازیی پڕ لە جوانی و زەریف لە چەپ و ڕاستی نیمچەدوورگەی عەرەبیدا شانازییان بەسەر بینەراندا دەکرد:
• یەکەمیان قوتابخانەی تەلارسازیی ساسانی
• دووەمیان قوتابخانەی تەلارسازیی بێزەنتی
هەستە بڕۆ سەر بانی ئەم باڵەخانەیە و تەماشا بکە! لە باشووری بەغدادا بەناوبانگترین تاقی دنیا بە چاو دەبینیت؛ ئەوە پاشماوەی شاری (تیسفۆن)ـە کە بە تاقی کیسرا ناسراوە. مزگەوتی ئێستای ئیسلامی لە دوو بنەمای سەرەکی پێک هاتووە: (تاق و پایە)؛ تاقەکەی هی سەردەمی ساسانییەکانە و، پایە و نەخشەکەی هی تەلارسازیی بێزەنتییە.”
لە سایەی دەمارگرژیی وا و لەژێردەستی ئەقڵییەتێکی بێمەعریفەتی ئاوادا، فەراهەمکردنی مەرجە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ نەتەوە مەزڵوومەکان مەحاڵە، چجای بگاتە داهێنان لە تەلارسازی، هونەر و بوارەکانی تری ژیاندا.
ئێمەی کورد چونکە لە دەسەڵات دوور بووین و ئابووریمان بەستراوەتەوە بە پایتەختی داگیرکەرانمانەوە، هەمیشە بە لوتف و قەناعەتەوە (تمەنێک یان دینارێک) بۆ ئاوەدانیی وڵاتەکەمان تەرخان کراوە. بە پێچەوانەوە، هەمیشە وەک مانگایەکی شیردەر نیشتمانەکەمانیان دۆشیوە؛ ئیدی چۆن دەتوانین ببینە خاوەنی تەلارسازیی خۆمان؟
ڕەنگە یەکێک بڵێت: “چۆن تەلارسازیی خۆمان نییە؟ ئەی باڵەخانەکانی ناو قەڵای هەولێر چین؟ ئەی کۆشکەکانی شاری سنە چین؟ ئەی ئەو چەندین تەلارە جۆراوجۆرانەی لە باکووری کوردستاندا هەن چین؟”
ئەم پرسیارە لەجێی خۆیدایە، بەڵام من باسی ئەو باڵەخانانە ناکەم کە وەک “چێشتی مجێور” وان؛ دەر و دیواریان هی تەلارسازیی عوسمانییە، بنمیچ و موقەرنەسەکانیان هی تەلارسازیی ئێرانییە و، پایە و ڕوخساریشیان هی تەلارسازیی ئیسلامییە.
لە باکووردا، ڕەهەندەکانی تەلارسازیی عوسمانی تەواو ناسراون و بە هەر شوێنێکدا بڕوانیت، مۆرک و شێوازی سەردەمی (مەلا سینان)ـی تەلارسازی عوسمانیی پێوە دیارە. باڵەخانە مێژووییەکانی شاری سنەش بەشێکن لە تەلارسازیی سەردەمی سەفەوی و قەجەری. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمەی کورد، وەک گەلانی تر، نابێت خولیای بەدەستهێنانی شێوازێکی تایبەت بە تەلارسازیی نیشتمانیی خۆمان بین.
گەلانی پێشەنگی جیهان لە بواری تەلارسازیدا لە خاڵی سفرەوە دەستیان پێ کردووە تا بوونەتە خاوەنی مۆرکی تایبەتی خۆیان. من نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر بانگەوازێکم ئاراستەی حکوومەت و دەسەڵاتداران کرد، بۆ ئەوەی شەقامێک لەناو شاری هەولێردا تەرخان بکرێت بۆ بەرجەستەکردنی تەلارسازیی نەتەوەیی خۆمان؛ بەجۆرێک کە لەژێر چاودێریی شارەزایانی تەلارسازیدا، چەند مەرج و ڕێسایەکی تایبەت بۆ باڵەخانەکانی ئەو شەقامە دابنرێت؛ هەوڵم زۆر دا، بەڵام دەسەڵات گوێی لێ نەگرتم. ئێستاش درەنگ نییە و دەتوانین لە سبەینێوە دەست پێ بکەین. گەلانی تری جیهانیش بەم قۆناغەی ئێمەدا تێپەڕیون، تەنانەت ڕاوێژکاریان لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان هێناوە و بەپێی پلانێکی تۆکمە، بەردیان خستووەتە سەر بەرد تا گەیشتوونەتە شێوازە نەتەوەییەکەی خۆیان.
خوێنەری بەڕێز! ئێمەی کورد لە هیچ نەتەوەیەکی دەوروبەرمان کەمتر نین (ئەگەر لێهاتووتر نەبین). پێویستە ئەم خولیا نەتەوەییە، وەک زۆر لایەنی تر، نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ململانێی حزبی؛ با پێکەوە و تێکڕا بۆی تێبکۆشین، بە دوور لە حزبحزبانێ، ناوچەگەری و ململانێی بچووک. با دەست بکەین بە بەرد خستنەسەر بەرد تا دەگەینە قۆناغی جوانی و ڕەسەنایەتیی تەلارسازیی خۆمان. ئەگەرچی زۆرجار دەسەڵات و حزبەکان گوێ لە بانگەوازی لەم شێوەیە ناگرن، با هەر گوێش نەگرن؛ من ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم و ئەوەی پێویست بێت دەیڵێم. دڵنیام ڕۆژێک دێت کە ئەم بانگەوازانە دەبنە سەرچاوەی کارکردن. کەی؟ نازانم! بەڵام ئەوە باش دەزانم کە گەلەکەم گەلێکی زیندوو و هۆشیارە؛ جا زوو بێت یان درەنگ، ئێمەی کورد دەبێت ببینە خاوەنی ناسنامە و مۆرکی تایبەتی خۆمان لە تەلارسازیدا؛ ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، بێگومان سبەی دەبێت.