كارزان گلی – ههولێر
عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێڕاق، سێیەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی بۆ وڵاتی توركیا بوو، لە لایەن رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرؤككۆماری توركیاوە پێشوازییەكی گەرمی لێكرا، میدیاكانی توركیا، بەگرنگەوە باسیان لەو سەردانە كرد.
بەر لەوەی زەیدی بێتە توركیا، میدیاكانی توركیا باسیان لەوە كرد، چەندین تەوەری گرنگی ئابووریی و ئەمنی لە نێوان توركیا و عێڕاق باس دەكرێت، كە سوودی بۆ هەردوو لا دەبێت.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی گەرووی هورمز داخراوە و نەوتی عێڕاق بەو گەرووەدا ناڕوات، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر ئابووریی عێڕاق هەیە، زەیدی دەیەوێت توركیا ببێتە جێگیرەوەی هورمز بۆ هەناردەكردنی نەوتی عێڕاق بۆ بەندەری جیهان.
بورهانەدین دوران، وەزیری گەیاندنی توركیا لەبارەی سەردانەكەی زەیدی قسەی بۆ میدیاكان كرد و گوتی: ”لەچوارچێوەی ئەو سەردانەدا، باسكردن لە پەیوەندیی ئابووریی، ئەمنی و وزە و ئاو دەكرێت، ئەمانە هەموو چاوی پێدادەخشێندرێتەوە و ئەگەر پێشووتریش رێككەوتنی لەسەر كرابێت، قسەی تری لەبارەوە دەكرێت و رێككەوتنی تر دەكرێت.“
لەسەردەمی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێڕاقدا، توركیا و عێراق چەندین رێككەوتنیان ئیمزا كرد، بەتایبەت لەبارەی رەوشی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و ئەوكات سودانی رێكخراوی پەكەكەی وەكوو رێكخراوێكی قەدەغەكراو ناساند، هەرچەندی توركیا هەوڵیدا عێڕاق پەكەكە وەكوو تیرۆرست بناسێنێت بەڵام سودانی رەتی كردەوە.
ئەگەرچی پرسی چارەسەری لە گۆڕێیە و لەناو پەرلەمانی توركیا قسە لەبارەی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بەپرسی چارەسەری كورد و چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە دەكرێت، بەڵام ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا هەموو هەوڵێك دەدات زەیدی بەفەرمی پەكەكە وەكوو رێكخراوێكی تیرۆرستی بناسێنێت نەك رێكخراوێكی قەدەغەكراو.
رێگەی گەشەپێدان دەبێتە تەوەرێكی گرنگی نێوان زەیدی و ئەردۆغان، چوونكە رێگەی گەشەپێدان لە فاوەوە تا توركیایە و لەو رێگەیەوە نەوتی عێراق دەگەیەنرێتە بازاڕەكانی جیهان و دەبێت هەردوو وڵات رێككەوتنی جدی لەسەر بكەن و پرۆژەكە فراوان بكرێت و پەلە بكرێت لەوەی بەزووترین كات كۆتایی پێ بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی گەرووی هورمز بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران داخراوە، رێگەی گەشەپێدان بەدیلێكی گەورەی ئەو گەرووەیە.
یەكێك لە ناكۆكییە جدییەكانی نێوان توركیا و عێراق بابەتی ئاوە، بەردەوام عێڕاق رەخنەی لە توركیا گرتووە، بەوەی ئاوی كەم بەردەداتەوە بۆ رووباری دیجلە و فورات، توركیاش ئاوی وەكوو كارتی فشار دژی عێڕاق بەكارهێناوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت رێككەوتنێكی كۆنكرێتی و كۆتایی لەبارەی ئاوەوە بكەن و ئیدی ئەو بابەتە نەبێتە كێشەی نێوانیان.
لە ٢٠٢٥دا هەردوو وڵات رێككەوتن لەسەر ئەوەی ژێرخانی ئاو بەهێز بكەن و دروستی بكەن، تا بتوانن ئاوی دیجلە زۆر بێت و ئیدی مەترسی وشكبوونی لەسەر نەبێت، بۆ ئەمەشیان رێككەوتن كراوە عێڕاق لە پارەی فرۆشتنی نەوتدا بەشێك پارە گل بداتەوە بۆ بابەتی دروستكردنی ژێرخانی ئاو.

