رۆژنامەی ھەولێر

بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ لە چوار ساڵی ڕابردوو باشترە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەرزی بڕینی ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئەمساڵ بەھۆی لەباریی کەشوھەوا و ژیانەوەی کوێستانەکان و زۆربوونی ھەنگەوانەکان، بڕی بەرھەمی ھەنگوین زۆر زیادی کردووە، ھەنگەوان ھەبووە لە یەک سندووق زیاتر لە ١٤ کیلۆ ھەنگوینی دەرھێناوە. ھەنگەوانانیش، دەڵێن، لە زۆر شوێن دووجار ھەنگ بڕاوەتەوە.

کاری ھەنگەوانی لە کوردستان لە وەرزی بەھار لە مانگی چوار تا کۆتایی مانگی شەش، کاتی شڵخە یان پوورەی ھەنگە، ھەر ساڵێک پوورە یان شڵخەی زۆر بوو ئەو ساڵە ھەنگوین کەم دەبێت، ئەمساڵ بەھۆی ئەوەی پوورە نەبووە، ھەنگوین زۆر بووە.
لە کوردستان ڕێژەیەکی زۆر ھەنگەوان ھەن کە ساڵانە ھەنگ و ھەنگوین بەرھەم دێنن، بەھۆی پێشکەوتن لە بوارەکەشدا ھەنگەوانی کوردستان زۆر چووەتە پێشەوە، بەگوێرەی ئاماری تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ ھەزار ھەنگەوان ھەن، کۆی گشتی ٣٥٠ ھەزار پوورەھەنگیان ھەیە، بەپێی ستانداردی جیھانی بۆ پێداویستیی دانیشتووان، پێویستی بە زیاتر لە ٢ ھەزار تۆنە.
پێنج ساڵ پێش ئێستا بەرھەمھێنانی ھەنگوین لە بەرزترین ئاستدا گەیشتە ٩٥٠ تۆن، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت دوو ھێندە ھەنگوین لە کوردستان ھەبێت. سێ جۆرە ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ھەنگوینی شانە، ھەنگوینی پاڵاوتە، جۆرەکەی دیکە ھەنگوینی ھەنگێکە ھەنگەوان خۆی بۆی دادەنێت، باشترین جۆریشیان ھەنگوینی پاڵاوتەیە.
پێشتر نموونەی ھەنگوینی شاخەکانی ھەرێمی کوردستان نێردراوە بۆ تاقیگەکانی دەرەوەی وڵات دەرکەوتووە چەندین ماددەی دەگمەنی سوودبەخشی تێدایە و کواڵیتییەکەی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە.
ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەم جار ھەنگوینی کوردستان لە پاریس، پایتەختی فەرەنسا چووە نێو پێشبڕکێی باشترین ھەنگوینی وڵاتان و پلەی یەکەمی بەدەست ھێنا.
سەبارەت بە نرخی ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان، ھەنگەوانان دەڵێن، لە ڕووی نرخەوە نرخی ھەنگوین دیار نییە، ھەر کەسێک بۆخۆی نرخ دادەنێت، بەڵام نرخەکانیش زۆر گران نین و زۆربەشیان نرخیان دیارە، نرخی ھەنگوینی پاڵاوتە بە ٥٠ ھەزار دینارە، ھی شانە بە ٧٠ ھەزارە، ئەوەشی شانەکەی بۆی دروست دەکرێت، ٨٠ بۆ ١٠٠ ھەزار دینارە.
بەرپرسانی تایبەت بەم بوارە، دەڵێن، ھەنگوینی کوردستان کوالێتییەکی باشی ھەیە و وڵاتان چاویان لەسەرییەتی، بۆ ئەمەش ھەنگوین یەکێکە لەو بەرھەمانەی دەست بە ھەناردەکردنی کراوە، دوای ئەوەی چەندین کۆمپانیا لە ڕێگەی یاساییەوە داوایان پێشکەش کرد، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە دوای پشکنینی ھەنگوینەکە، پرۆسەی ناردنی ھەنگوین دەستی پێ کردووە.
خەڵکی ھەرێمی کوردستان زۆر ھەنگوین ناخۆن، ئەگەر بەڕێژە ھەژماری بکەین ٨%ـە، خەڵکی کوردستان زیاتر ھەنگوین وەک چارەسەری نەخۆشی بەکاردێنن، بە بەراورد بە وڵاتانی تر، بەنموونە وڵاتێکی وەک یەمەن ٥٨% ھەنگوین خۆرن، سعوودیە ٥٠% و کوێت ٤٢% ھەنگوین خۆرن.
بەپێی نوێترین توێژینەوەی زانکۆی سەڵاحەدین، ھەنگوینی کوردستان خاوەن پێکھاتەی بایۆئەکتیڤی زۆر بەھێزە و تایبەتمەندیی چارەسەریی بەرزە.
زانکۆکە دەڵێت، بە پشتبەستن بە بەڵگەی تاقیگەیی پێشکەوتوو سەلمێنرا کە ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان، ھاوشانی ھەنگوینی بەناوبانگی “مانۆکا”ی جیھانییە، ئەمەش دەروازەیەکی نوێ و گرنگە بۆ ناساندنی بەرھەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ھەنگەوانان، دەڵێن، ساڵانی ڕابردوو کەشوھەوا لەبار نەبوو، وەکو پێویست باران نەدەباری، ئەوەش ھۆکار بوو کە ھەنگوینی کوردستان کەم بێت، بەڵام ئەمساڵ لەبەر ئەوەی بەفر و بارانێکی زۆر باریوە، تا ئێستاش لە ناوچە کوێستانییەکان بەفر ماوە، ئەوەش ھۆکارە کە گوڵ و گوزار تا ئێستاش بمێنن و ھەنگ سوودی لێ ببینێت، ئەوەش تایبەتمەندییەکی تایبەتی بە ھەنگوینی سنوورەکە بەخشیوە، ھەنگوینی ئەمساڵ زۆر بووە و گەشەی پوورەکانی ھەنگیش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە جۆرێک ھەر سندووقێک تا ١٤ کیلۆ ھەنگوین دەدات.
ھەنگەوانان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، حکوومەت زۆر ھاوکارە و ئەوەی پێویست بێت بۆ ھەنگەوانان دەکات، ھەنگوینی ھەنگەوانان ھەناردە دەکات، لەگەڵ ئەوەی لە ھەر فیستیڤاڵێکی جیھانی ھەنگەوانانی کوردستان بەشداریان کردبێت ھەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم بەردەوام پاڵپشتی ھەنگەوانان دەکات، بۆ زیاتر گرنگی دان بە بەرھەمی ناوخۆ داوا دەکەین ئەو ھەنگوینەی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت کە ساختەیە ڕێگری لێ بکرێت، چونکە زیان بە بەرھەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت، ھەروەھا پێشنیاز دەکەین پێشانگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ھەنگوینی کوردستان بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەمساڵ جۆرایەتییەکەی گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز و دەتوانێت کێبڕکێی بەرھەمی وڵاتانی عەرەبی و جیھانی بکات.
کابینەی نۆیەم، بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی جووتیاران و ئاژەڵداران دۆزینەوەی بازاڕ لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان، تاکو جووتیاران بەردەوام بن لە کشتوکاڵکردن و ڕەخساندنی ھەلیکار بۆ گەنجان.
بەرپرسانی ھەنگ، دەڵێن، چەندین جار داوامان کردووە ھاوشێوەی بەروبوومەکانی دیکە لە کاتی بەرھەمھێنانی ھەنگوین ڕێگری بکرێت لە ھاوردەکردنی ھەنگوینی وڵاتان، ئەوە کراوە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر بازرگانی پێوە دەکەن و بە قاچاخ ھەنگوین دێنە ناو ھەرێمی کوردستان. عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان و شارەزای بواری ھەنگەوانی و بەرھەمھێنانی ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەھۆی بارینی بەفر و بارانێکی زۆر سەراپای کێو و دەشتەکانی کوردستان لە وەرزی بەھاردا بوونەتە گوڵ، بەھارێکی تەڕ و درێژ ھەبوو کە چەندان ساڵ بوو ھەنگەوانان ئاواتەخوازی بوون، ئێستاش لە ھەندێک شوێن بەھارە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەمساڵ ژینگەیەکی لەبار و گرنگ بۆ ھەنگ ڕەخساوە و ڕێژەی ھەنگوین لە چاو ساڵانی پێشوو، چوار جار زیاتر بوو، ئەوەش وای کرد ڕێژەی ھەنگوین ئەوەندە زۆر بووە لە ھەندێک ناوچەی کوردستان، ھەنگەوانان دووجار ھەنگوینیان لە ھەنگەکانیان دەرھێناوە.
سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ھۆکارێکی دیکە بۆ زۆربوونی ھەنگوین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کاری ھەنگەوانی کردووە و ھەنگ بەخێو دەکەن.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، ھەنگوینی کوردستان لە ناوخۆ و وڵاتانی دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە، ئێستا کوالێتی ھەنگوینی کوردستان بووەتە جیھانی و ساڵانە بە دەیان تۆن ھەناردەی دەرەوە کراوە و فرۆشراوە، لەگەڵ ئەوەی لە چەندین پێشبڕکێی جیھانی لەسەر ھەنگوین، ھەنگوینی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە، ئەمەش بەھۆی کەشوھەوا لەبارەکەی و ھەبوونی گوڵی دڕکاوی، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکان.