رۆژنامەی ھەولێر

هاوین و مەلەکردن؛ چۆن کاتێکی خۆش و سەلامەت بۆ خێزانەکەت دەستەبەر دەکەیت؟

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

لەگەڵ داهاتنەوەی وەرزی گەرما، مەلەکردن دەبێتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و چێژبەخشترین چالاکییەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزان و هاوڕێیاندا. بەڵام ئەم وەرزشە ئاوییە، وێڕای سوودە زۆرەکانی، پێویستی بە ئامادەکاری پێشوەختە و پابەندی بە چەند ڕێسایەکی سەرەکی هەیە بۆ ئەوەی دوور بین لە ڕووداوی نەخوازراو.

لێرەدا گرنگترین ئەو هەنگاو و ڕێنماییانە دەخەینە ڕوو کە پێویستە پێش چوونە ناو ئاو و لە کاتی مەلەکردندا جێبەجێ بکرێن:
١. خوێندنەوەی هێما و ڕێنماییەکانی سەلامەتی
پێش چوونە ناو هەر مەلەوانگەیەک، پێویستە گەورەکان بە وردی تابلۆ ڕێنماییەکان بخوێننەوە. ئەم تابلۆیانە کۆمەڵێک یاسای گرنگی وەک قووڵایی ئاوەکە، ڕێساکانی پاککڕاگرتنی شوێنەکە و ڕێنماییە فریاگوزارییەکان لەخۆ دەگرن. ئەرکی دایک و باوکانە بە زمانێکی سادە و ڕوون ئەم یاسایانە بۆ منداڵەکانیان ڕوون بکەنەوە تا دڵنیا بن کە لە بنەماکانی سەلامەتی تێگەیشتوون.
٢. بەوریایی ڕۆیشتن و ڕێگری لە خلیسکان
ناوچەی دەوروبەری حەوزەکانی مەلەکردن بەهۆی پرژانی ئاوەوە هەمیشە خلیسکاوە. بۆیە پێویستە گەورەکان و منداڵان لە کاتی ڕۆیشتندا زۆر وریابن. دایکان و باوکان دەبێت منداڵەکانیان لە ڕاکردن و پێشبڕکێکردن لەسەر لێواری حەوزەکە قەدەغە بکەن. لە کاتی دەرچوون لە ئاوەکەشدا، پێویستە گەورەکان پشت بە پەیژە یان شوێنە جێگیرەکان ببەستن بۆ ئەوەی نەکەون. ئەگەر بینرا منداڵان ڕەفتارێکی نائارام یان مەترسیدار دەکەن، دەبێت دەستبەجێ چاودێرانی مەلەوانگەکە (ڕزگارکەران) ئاگادار بکرێنەوە.
٣. جیاوازیی نێوان حەوز و ئاوی کراوە (دەریا)
مەلەکردن لە حەوزدا جیاوازە لە مەلەکردن لە دەریا و ڕووباراندا. بۆ پاراستنی منداڵان پێویستە ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێن:
• فێربوونی مەلەوانی: تۆمارکردنی منداڵان لە خولی تایبەت بە مەلەکردن لە ئاوی کراوەدا زۆر گرنگە بۆ ئاشنابوونیان بە شەپۆل و تەوژمەکانی ئاو.
• چاودێری بەردەوام: هەرگیز نابێت بۆ چرکەیەکیش چاو لەسەر منداڵان لەناو ئاودا لاببرێت و پێویستە تیمی فریاگوزاری هەمیشە ئامادە بن.
٤. پشکنینی قووڵایی ئاو پێش خۆهەڵدان
پێش ئەوەی خۆت فڕێ بدەیتە ناو ئاوەکەوە، پێویستە شوێنەکە بپشکنیت. خۆهەڵدان لەو شوێنانەی کە قووڵاییان کەمە یان ڕێگەپێنەدراون، دەبێتە هۆی پێکان و شکان لە مل و پشتدا. هەروەها نابێت ڕێگە بە منداڵان بدرێت بچنە ناوچە قووڵەکان کە لە سەرووی توانای جەستەیی خۆیانەوەیە.
٥. مەلەکردن بە کۆمەڵ؛ هەمیشە هاوڕێیەکت لەگەڵ بێت
مەلەکردن بە تەنیایی، تەنانەت بۆ مەلەوانە کارامەکانیش، مەترسیدارە. باشتروایە هەمیشە هاوڕێیەکت لەگەڵ بێت کە توانای مەلەکردنی باش بێت بۆ ئەوەی لە کاتی ماندوبوون یان گرژبوونی ماسولکەکاندا یارمەتیدەرت بێت. منداڵانیش هەرگیز نابێت بە تەنیا لە حەوز یان دەریا جێبهێڵرێن؛ پێویستە لەگەڵ هاوڕێ یان هاوتەمەنەکانیاندا بن و لە ژێر چاوێری گەورەكاندا مەلە بکەن.
٦. پاراستنی پێست لە تیشکی زیانبەخشی خۆر
بەرکەوتنی بەردەوام بە تیشکی خۆر لە کاتی مەلەکردندا دەبێتە هۆی سووتانی پێست و لەسەر ئاستی درێژخایەنیش مەترسی شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات. بۆ خۆپاراستن:
• دژەخۆری گونجاو (دژەئاو و بێبۆن) بۆ خۆت و منداڵەکەت بەکار بهێنە و یەک کاتژمێر جارێک دووبارەی بکەرەوە.
• جلوبەرگی تایبەتی مەلەکردن کە پارێزەری پێستن لە تیشکی خۆر بەکاربهێنن.
• ئەگەر تووشی سووتانێکی توندی پێست یان سووربوونەوەی توند بوویت، دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکە.
٧. خواردنەوەی ئاو بە بەردەوامی و ڕێگریکردن لە وشکبوونەوە
مەلەکردن چالاکییەکی جەستەیی ماندووکەرە و دەبێتە هۆی ئارەقکردنەوەی جەستە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو ئاودایت، هەست بە ئارەقەکە ناکەیت. ئەمەش مەترسی وشکبوونەوەی جەستە (کەمبوونی ئاو) زیاد دەکات، بەتایبەت لە ژێر تیشکی خۆردا.
• نیشانەکانی وشکداگەڕان: سەرئێشە، سەرگێژخواردن، هێڵنجدان و بێهێزیەکی توند.
• چارەسەر: دایک و باوک دەبێت بوتڵی ئاوی سارد بۆ منداڵەکان دابین بکەن و هانیان بدەن کە هەر ٢٠ خولەک جارێک بڕێک ئاو بخۆنەوە، با تینوویشتان نەبێت.
٨. هەڵبژاردنی کات و شوێنی گونجاو
مەلەکردن لە کاتی نیوەڕۆدا (سەعات ١٢ بۆ ٣ی پاشنیوەڕۆ) زیانۆکە؛ ئاخر تیشکی خۆر بەهێزە. باشتروایە بەیانیان زوو یان ئێواران مەلە بکرێت. هەروەها پێویستە تەنها لەو شوێنانەدا مەلە بکرێت کە بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراون. دوورکەوتنەوە لە تۆڕ و بۆرییەکانی ئاوەڕۆی حەوزەکان زۆر گرنگە؛ چونکە هێزی ڕاکێشانی ئاو لەو شوێنانەدا بەهێزە و دەبێتە هۆی گیرخواردنی قژ یان پەلی منداڵان، بۆیە ئەگەر هەر کێشەیەک لەو سیستمەدا بینرا، دەبێت دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی مەلەوانگەکەی لێ ئاگادار بکرێتەوە.
بەم هەنگاوە سادانە، دەتوانیت دڵنیا بیت لەوەی کە چالاکیی مەلەکردنی خێزانەکەت تەنها کاتێکی پڕ لە چێژ نابێت، بەڵکو گەشتێکی تەواو سەلامەت و تەندروستیش دەبێت.