رۆژنامەی ھەولێر

هەڵەگواستنەوەی بریندار مەترسیدارە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

زۆرجار ڕووداوە نەخوازراوەکان لە چرکەساتێکدا ڕوو دەدەن، بەڵام ئەوەی چارەنووسی قوربانییەکە دیاری دەکات، شێوازی مامەڵەکردنی دەوروبەریەتی لە یەکەم ساتەکانی ڕووداوەکەدا. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە گواستنەوەی نادروستی کەسی تووشبوو، لەبری هانا بۆ بردن، ڕەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی هەمیشەیی.

د. بێریڤان ئیبراهیم عەقراوی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک، شکان و بڕبڕەی پشت، چەند ڕێنمایی و هۆشدارییەکی گرنگ دەخاتە ڕوو کە پێویستە هەموو کەسێک لە ژیانی ڕۆژانەیدا بیزانێت:
١. لە کاتی گومانکردن لە شکان یان پێکان، جووڵە بە نەخۆشەکە مەکە، کاتێک کەسێک تووشی ڕووداوێک دەبێت و گومانی شکانی ئێسک یان پێکانی بڕبڕەی پشتی لێ دەکرێت، مەترسیدارترین هەنگاو گواستنەوەیەتی بە شێوازی هەڵە. جووڵانی نادروستی بریندارەکە، ڕەنگە ببێتە هۆی بڕینی دەمارەکان بەهۆی تیژیی ئێسکە شکاوەکەوە، یان زیان گەیاندن بە کەناڵی دڕکەپەتک کە دەرەنجامەکەی ئیفلیجی دەبێت؛ بۆیە ئەرکی سەرەکی لەو ساتەدا جێگیرکردنی نەخۆشەکەیە تا گەیشتنی تیمی پزیشکیی فریاکەوتن.
٢. هۆشداری لە بەستنی ئێسکی شکاو بە شێوازی باو و نەریتی، پەنابردن بۆ کەسانی ناپسپۆڕ و نەریتی بۆ ڕاستکردنەوە یان بەستنی ئێسکی شکاو، باشنییە. ئەم کارە زۆرجار دەبێتە هۆی خوار چاکبوونەوەی ئێسکەکە، تێکچوونی جومگەکان، یان تەنانەت بڕانی خوێن لەو پەلەدا کە مەترسیی مردنی شانەکانی لێدەکەوێتەوە. تەنها پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت لە ڕێگەی تیشکەوە (تیشکی ئێکس) بڕیار بدات کە ئایا چارەسەرەکە پێویستی بە گەچگرتنە، یان نەشتەرگەریی.
٣. سوان و داخورانی جومگەکان هەمیشە پێویستی بە گۆڕینی جومگە نییە ترسێکی باو لە نێوان نەخۆشەکاندا هەیە؛ کاتێک تووشی کێشەی ئەژنۆ یان حەوز دەبن، پێیان وایە ڕاستەوخۆ دەبێت جومگەکەیان بگۆڕن. لە ڕاستیدا گۆڕینی جومگە دوا قۆناغ و کۆتا چارەسەرە. لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا، هەنگاوی وەک دابەزاندنی کێش، وەرزشی تایبەت، بەکارهێنانی دەرمان، یان دەرزی ناو جومگە، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئازار و گەڕانەوەی جووڵەی ئاسایی بۆ مرۆڤ.
٤. پاراستنی بڕبڕەی پشت لە کاتی بەرزکردنەوەی کەلوپەلی قورس بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە دیسکی پشت یان داخورانی بڕبڕەکان، پێویستە شێوازی جووڵەی جەستەمان بگۆڕین. لە کاتی بەرزکردنەوەی هەر شتێکی قورس لەسەر زەوی، نابێت پشت بە ڕەقی ڕابگیرێت و مرۆڤەکە دابنەوێتەوە، بەڵکو دەبێت ئەژنۆکان بچەمێنرێنەوە و قورساییەکە لە جەستە نزیک بکرێتەوە. بەم شێوازە زانستییە، پەستانی قورساییەکە دەکەوێتە سەر ماسوولکە بەهێزەکانی قاچ، نەک بڕبڕە هەستیارەکانی پشت.