رۆژنامەی ھەولێر

مەلا بەختیار: بەشەکانی کوردستان لەم هەلومەرجە نوێیەی گۆڕانکارییەکاندا ناگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی ڕەشی ستەمکاری

عەبدولقەهار هەولێری/ هۆڵەندا

لە شاری فلاردینگن لە هۆڵەندا، سیاسەتمەداری کورد مەلا بەختیار، کۆبوونەوەیەکی فراوانی بە ناونیشانی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، لە دووڕێیانی گۆڕانکاریدا) بۆ چەندین رێکخراوی ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەری لایەنە کوردستانییەکان و هەڵبژاردەیەکی بەرچاو لەتێکۆشەرانی کوردایەتی سازدا بەئامادەبوونی (ڤیلم د مان) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای فلاردینگ و سیسید دوکەلا نوێنەری حزبی ئێس پەی هۆڵەندی.

ئەو کۆبوونەوە فراوانە، کە بە هەوڵی رێکخراوی چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و کۆنفدراسێۆنی ڕەوەندی کوردستانی، رێکخرابوو، تیایدا کەشێکی ئازادی دیالۆگی بۆ ئامادەبووانی هەر چوارپارچەی کوردستان رەخسێنراو و دوای پێشکەشکردنی بابەتەکە، ئازادانە گفتوگۆ و باسی چارەنووسی کوردستان، لەم هەلومەرجەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاوتوێکرا.
مەلا بەختیار، لە سەرەتادا ئاماژەی بە بارودۆخی کورد و کوردستان لەناو ڕووداوە مێژووییەکانی وەکو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و جەنگی سارد و دابەشکردنی کوردستان کرد و گوتی: لە زەمانی شێخ مەحمودەوە بۆ کۆماری کوردستان، هەتا بەیاننامەی (١١)ی ئازار، بەشەکانی کوردستان، هەر کەوتوونەتە بەردەم سیاسەتی نەتەوەپەرستی دەسەڵاتدارانی عەرەب و تورک و فارسەوە. تەنیا لەدوای داگیرکردنی کوێتەوە، باشووری کوردستان ئاوڕی لێدرایەوە و گەیەندرایە فیدراڵ.
هاوکات، جەختیکردەوە: لە ئێستادا بارودۆخی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەمان لەدەوروبەری کوردستانەکان، چوونەتە ناو پرۆسەی گۆڕانکارییەوە. گۆڕانکارییەکانیش دەخایەنێ. بەڵام ناگەڕێینەوە بۆ پاشەوە.
لەکۆتایی بابەتەکەشدا وەک دەرئەنجامێک مەلا بەختیار چەند خاڵێکی خستەڕوو:
یەکەم: بەشەکانی کوردستان، لەم هەلومەرجە نوێیەی گۆڕانکارییەکاندا، ناگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی رەشی ستەمکاری.
دووەم: سیستەمی حکوومڕانی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە، ناتوانن چەشنی سەدەی رابردوو، درێژە بەحکوومڕانی نەتەوەی گۆشەگیر بدەن.
سێیەم: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەکو رابردوو، رێگە نادەن ببێتە چەقی قەیرانی ئابووریی و کانگای ناسەقامگیری. بەڵکو چارەسەر جێگەی دەردە سەر دەگرێتەوە.
چوارەم: گۆڕانکارییەکان، لەڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەلسەفەی سیاسییشەوە، زەمینە دەڕەخسێنن بۆ سەرهەڵدانی خەباتی دیموکراسی.
لەبارەی رۆڵی گرنگی کوردی تاراوگە، مەلا بەختیار، رایگەیاند: لە هەلومەرج و گۆڕانکارییەکان لەکاتی تەنگژەی رۆژئاوای کوردستان، دەرکەوت چۆن سەدان هەزار تاراوگەنشین، لە نەوەی چوارەمی کوردایەتی، بە رۆحییەت و هەست و پەرۆشی کوردبوون و کوردایەتییەوە، هاتنە سەرجادە و بوون بە پەرژین و پارێزەری کوردایەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان.
لەو کۆبوونەوە فراوانەدا، چەندین کەسایەتی سیاسی لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە، وەک نوێنەرانی رێکخراو و پارتەکانی بەشەکانی کوردستان، ئامادەبوون:
کۆڕەکە لەلایەن شاخەوان دوکانی، سەرۆکی ریکخراوی چەپک بەڕێوەچوو، تیایدا هەمووان بەئازادانە دوان و دەستخۆشیان هەبوو، تیایدا بزاڤ و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنی ئامادەبوون لەوانە؛ کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی هۆڵەندا، بەرپرسی بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵەندا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ڤێنلۆ، لۆبی سەنتەر، فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی هۆڵەندا، رێکخراوی ئەمسفۆرت، پەژاک لەهۆڵەندا، رێکخراوی چەپک، پارتیا وڵاتپارێزیا کوردستان، کۆمەڵەی کوچکاک، ستیفێک کوردیشە فینۆسایدە ئەرکیتک، ڤیلم دمان- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای شاری فلاردینگن، بەرپرسی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان-ئۆرۆپا، بەرپرسی رێکخراوی ئەمسفۆرت، رێکخراوی ئەحمەدی خانی، پارتی دیموکراتی سوریا، ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمکاری دانهاخ، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لێپرسراوی پێشمەرگە دێرینەکان-ئەمستردام، رێکخراوی رێحان هۆڵەندا، رێکخراوی کوردیشەڤەنداخ،یارسانیە بەڕێزەکان. داوایانکرد ئەم جۆرە کۆڕانە گرنگە و وابەستەیە بە رۆژگار و وەزعی سیاسی رۆژەوە هیواداربوون سەکۆی چەپک هەروا بێ جیاوازی رەنگ و ئایدایەک مایکی کراوەبیت و بەردەوامبن.