ئیسماعیل بەرزنجی
شەش ساڵ ژیام
ژیان
لەگەڵ کۆترو پەڕەسێلکەو کەو
ژیان
لەگەڵ زریان و بەفرو مانگ
لەگەڵ خۆرەتاوی کز
لەگەڵ منداڵان
لەگەڵ برایم باڵدار
ژیام
هەر ئەو شەش ساڵە ژیاوم
لەگەڵ کەروێشکی خرپن
مامزی چاوبەخاڵ
کەڵەشێری بەهەیبەت
سوێسکەو هەوێردە
کێشکەو هوزار
ژیام
هەر ئەو شەش ساڵە ژیاوم
لەگەڵ کتێبان
لەگەڵ موزیک
لەگەڵ بنمیچی ژوورەکەم
لەگەڵ جگەرەو بادە
لەگەڵ داڵغەی بێ مانا
لەگەڵ خەونی ئەرخەوانی
هەندەک جاریش جڕناو فڕنا
ژیام
لەگەڵ دوندی شاخ و
تەمی بەرەبەیان
لەگەڵ دەواری ڕەوەندان و
خێوەتی قەرەجان
لەگەڵ کوارگ و دۆمبەڵان
لەگەڵ کەنگرو کاردی
ژیام
هەر ئەو شەش ساڵە ژیاوم

