ئەمرۆ پێنجشەممە 2026.7.23، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی ژێرخانی شارەکان، هەریەك لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر و زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆكانی هەولێر و ژمارەیەكی تر لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، بە گوژمەی ( 4 ملیار و 772 ملیۆن و 995 هەزار دینار ) لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری و ئاوەڕۆی سندووقی كۆنكرێتیان بۆ شەقامێكی ڕێگای ( هەولێر – پیرمام ) دانا.
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە، دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری نوێ بە شێوازێکی هاوچەرخ بەدرێژی 870 مەتر و دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی کۆنکریتی بە درێژیی 1580 مەتر و چهندین بڕگهی جۆراوجۆری دیكەی خۆڵكاری و پڕكردنهوه و بڕین و تێكهڵه و ڕاخستنی بهردی شكا و كیربستون و قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆسته به درێژیی 7200م2 ، ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییە، لە پاڵ ڕێکخستنی سیمای هەولێری پایتەخت و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێگاوبانەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ڕۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی باران و ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاو لە ناوچەکەدا، ئەمەش هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی شایستە و مۆدێرنی دیکە بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر.

