رۆژنامەی ھەولێر

لوئەی سەڵاح داوای پێنج یاریزانی بۆ یانەی هەولێر کردووە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

یانەی هەولێر دوای ئەوەی لوئەی سەڵاحی وەکۆ راهێنەری نوێی یانەکەی بۆ وەرزی نوێ دەستنیشان کرد، ئەو را‌هێنەرە لە ئێستاوە پێنج یاریزانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی یانەی هەولێر گرێبەستیان لەگەڵ بکات.

یانەی هەولێر دواجار لە نێوان 4 بەربژێر، راهێنەری نوێی دەستنیشان کرد و لەگەڵ لوئەی سەڵاح گەیشتە رێککەوتن و بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوو زنجیرەیەک گرێبەستی نوێ رابگەیەنن.
لە دوای رۆیشتنی باسم قاسم لە یانەی هەولێر و پەیوەندیکردنی بۆ زەورا، ناوی چوار راهێنەر لەسەر مێزی کارگێری یانەی هەولێر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا، لە چەند رۆژی رابردووش سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ عەدنان حەمەد گفتوگۆی کرد،بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن. جگە لەوەش ناوی عەبدولغنی شەهد و رازی شنێشل بە یانەی هەولێرەوە بەسترا بووەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، لوئەی سەڵاح، راهێنەری نوێی یانەی هەولێر داوای لە یانەی لە کارگێری یانەکە کردووە گرێبەست لەگەڵ ئەم پێنج یاریزانە بکەن کە سەرجەمیان لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بوونە لە مۆندیالی 2026، یاریزانەکان پێکهاتووەن لە: مەستەفا سەعدوون بەرگریکاری شورتە، ئەحمەد باسڵ گۆڵپارێزی شورتە، زەید تەحسین بەرگریکاری یانەی پاختاکوری ئوزبەکستان، عەلی یووسف هێرشبەری سەرەڕمی یانەی تەڵەبە و عەلی جاسم یاریزانی باڵی راستی کۆمۆی ئیتاڵیا. رۆژنامەی هەولێر زانیاری دەستکەوتووە کە بڕیارە لەم هەفتەیە لێژنەیەک لە یانەی هەولێر هاوشانی لوئەی سەڵاح لە شاری بەغدا دەست بەگفتوگۆکردن دەکەن بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەو یاریزانانەی لە پلانەکانی لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەی هەولێرن بۆ وەرزی داهاتوو.
لوئەی سەڵاح پێشتر وەکو یاریزان بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە نێوان 2007 تاوەکو 2015 یاریی بۆ یانەی هەولێر کردووە و گۆڵکاری مێژوویی قەڵاومنارە بە تۆمارکردنی 108 گۆڵ.
لوئەی سەڵاح، وەکو راهێنەریش لە ساڵی 2021 تەنیا بۆ ماوەی 3 مانگ راهێنەری هەولێر بووە، لە کۆتایی وەرز یانەی هەولێری جێهێشت و روویکردە یانەی کارەبا، بەمەش لوئەی دوای 1869 رۆژ دەگەڕێتەوە راهێنەرایەتی یانەی هەولێر.
ستافی ڕاهێنەرانی یانەی هەولێر رۆژی 10ـی ئەم مانگە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکەن، هەڵگورد مەلا محەمەد و ئەوس ئیبراهیم وەکو یاریدەدەری یەکەم و دووەمی راهێنەر دەستبەکار دەبن، جەلیل زێدان دەبێتە راهێنەری گۆڵپارێزەکانی هەولێر، حوسام ڕەسم رۆڵی شرۆڤەکاری تەکتیکی دەگێرێت، محەمەد مستەفا دەبێتە ڕاهێنەری توانای جەستەیی یانەی هەولێر.
یانەی هەولێر وەرزی رابردوو پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بەدەستهێنا و بۆ وەرزی نوێ بەشداریی لە چوار پاڵەوانێتی دەکات (چامپیۆنزلیگی کەنداو، سووپەری عێراق، جامی عێراق و خولی ئەستێرەکانی عێراق.