رۆژنامەی ھەولێر

ناوی یاریگەیەکی ئەورووپا دەکرێتە ناوی “کوردستان”

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

سەرۆکی یانەی خیتافی پێشوازی لە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پێکهاتبوون لە گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ لەگەڵ دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ تەواو کردنی رێکارەکانی گرێبەستی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یانەی خیتافی.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووەمجار لەم ساڵ سەردانی یانەی خیتافی دەکات کە ئەو یانەیە هاوشانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە لالیگا یاری دەکات، ئامانجیش لە سەردانەکە لەپێناو پرۆژەیەکی وەبەرهێنانە بۆ راکێشانی گەشتیار بۆ هەرێم کوردستان کە تێیدا رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو ناوی “ڤیست کوردستان” لەنێو یاریگەی یانەی خیتافی بنووسرێت.
ئانجێل تۆرێس سانچێز، سەرۆکی یانەی خیتافی لە مەدرید پێشوازی جارێکی دیکە پێشوازی لە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە نێو شاندی ئەمجارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسپانیا 40 وەبەرهێنەری کوردستان یاوەری شاندەکەیان دەکرد و بەشداربوون لەو کۆڕبەندە ئابوورییەی ئیسپانیا، ئامانجی شاندەکە پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بازرگانییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
شاندی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان هەر لەم هەفتەیە لە هەرێمی مۆرسیا بەشدارییان لە کۆڕبەندێکی ئابووری کرد و بڕیارە لە کۆڕبەندی هەرێمی کاستیالیۆنیش بەشداری بکەن. ئەم سەردانانە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی و ئیسپانیا بەتایبەتی فراوانتر بکات، بەتایبەتی ئاشنابوونی زیاتری وڵاتانی ئەورووپا بەو ئارامی و گەشەسەندنەی لەم چەند سا‌ڵەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان روویداوە، لەم پێناوەیشدا ساڵی داهاتوو یاریگەی خیتافی دەگۆڕدرێت بۆ ناوی “ڤیست کوردستان”.
یانەی خیتافی یەکێکە لە یانە ناودارەکانی شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و بە ڕکابەرێکی سەخت لە ‘لا لیگا’ دەناسرێت و هەمیشە یارییەکانی لە دێربی مەدرید لە دژی ریال مەدرید دەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان دەبێت.