رۆژنامەی ھەولێر

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر بەشداری لە کۆنفرانسی “ژنان، ئاشتی و ئاسایش” لە دهۆک کرد

کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ڕایگەیاند، کە بەشدارییان لە کۆنفرانسی “ژنان، ئاشتی و ئاسایش” کردووە کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفرانسە لەلایەن ڕێکخراوی لۆتس فلاوەر (The Lotus Flower) ڕێکخرابوو، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ژنان لە چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیریدا.

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە بڵاوکراوەیەکدا پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی هەموو ئەو ژنانە کرد کە خەڵاتی ڕێزلێنانیان لە کۆنفرانسەکەدا پێبەخشرا. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم خەڵاتانە وەک پێزانینێک بووە بۆ کار و چالاکییە ناوازەکانی ئەو ژنانە و پابەندبوونیان بە بەهێزکردنی پێگەی مێینە لە کۆمەڵگەدا.

هەروەها نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی ئەڵمانیا سوپاسی ڕێکخراوی لۆتس فڵاوەری کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم چالاکییە و جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە هەوڵانە کردەوە.

ئەم بەشدارییەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەوروپی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2026دا بایەخێکی زۆر بە پڕۆژەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان و بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتییان دەدەن، بە ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ پێکەوەژیان و ئاسایش.