ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە قۆناغەکانی کۆتایی مۆندیالی 2026 تا دێت کاردانەوەکان لەبارەی ئەو مۆندیالە زیاتر دەبێت کە تێیدا رۆژانە یارییەکان بە هاوبەشی لە وڵاتانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەکرێن، هاوکات گەشتەکانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا هەموو جیهانی شۆک کردووە. لە لایەکی دیکشەوە داهاتی ئەو مۆندیالە دوو هێندەی مۆندیالەکانی پێشوو زیادی کردووە.
ئینفانتینۆ زۆربەی کاتەکانی لە ئاسمان بەڕێکردووە،
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، لەم مۆندیالە زۆربەی کاتەکانی لە ئاسمان و لەناو فڕۆکە بەڕێکردووە، تاوەکو ئێستا لەوەتەی یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەستیپێکردووە، ئینفانتینۆ زیاتر لە 66 کاتژمێر لەناو فڕۆکە لە ئاسمان بووە، هەندێک رۆژ هەبووە سێ یاریی لەناو یاریگا بووە.
جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا لە قۆناخی کۆمەڵەکان لە 24 یاریی ئامادە بووە، لە کۆی ئەو 16 یاریگایەی یارییەکانی لێ بەڕێوە چووە، ئەم پیاوە کەچەڵە لە 15 یاریگا ئامادە بووە و لە پەخشی راستەوخۆی یارییەکان دەرکەوتووە.
ئینفانتینۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە فیفا دابینی کردووە، لەنێو شارەکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک هەر خەریکی هاتووچۆ بووە، هەندێکجار لە گەشتەکانی چوار هەزار و 507 کیلۆمەتری خایاندووە و شەش بۆ حەفت کاتژمێر لەناو فڕۆکە بووە بۆ ئەوەی لە یاریگایەکەوە بچێتە یاریگایەکی دیکە تاوەکو لە یارییەکی مۆندیال ئامادە بێت، هەندێک رۆژ ئینفانتینۆ سێ گەشتی لە یەک رۆژدا کردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 70 کاتژمێری لەناو فڕۆکە بەسەر بردووە بۆ ئەوەی لە یارییەکانی مۆندیال ئامادە بێت.
بەهۆی بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بۆ ئامادەبوونی لە یارییەکانی مۆندیال، رێکخراوەکانی ژینگە رەخنەی توند لە ئینفانتینۆ دەگرن و دەڵێن، ئەوەی لەم دوو هەفتەیە سەرۆکی فیفا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی تایبەت بە پیسکردنی ژینگە کردوویەتی، یەکسانە بە پیسکردنی ژینگەی 78 مرۆڤ لە تەواوی ساڵێکدا، ژینگەپارێزان سەرۆکی فیفا بە پیسکردنی ژینگە لەپێناوی حەز و ئارەزووییەکی خۆی تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن پێویست فڕۆکە تایبەتەکەی ئینفانتینۆ رابگیرێت و چیدیکە هێندە ژینگە پیس نەکات.
داهاتی ئەم مۆندیالە فڕیوە
داهاتی ئەم مۆندیالە بۆ فیفا 12 ملیار یۆرۆ دەبێت و بەراورد بە مۆندیالەکانی رابردوو دوو هێندە داهاتی مۆندیال زیادی کردووە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، داهاتی مۆندیالی 2026 نزیکەی 12 ملیار دۆلار دەبێت لەکاتێکدا داهاتی مۆندیالی 2022 تەنیا 6.6 ملیار یۆرۆ بوو، داهاتی مۆندیالی 2018 لە رووسیا تەنیا 5.6 ملیار یۆرۆ بوو.
فیفا لەو داهاتەی لە مۆندیال دەستی دەکەوێت تەنیا 640 ملیۆن یۆرۆی بەسەر هەڵبژاردەکان دابەش دەکات، 44 ملیۆن یۆرۆ بە پاڵەوانی مۆندیال دەدات و هەر هەڵبژاردەیەکیش لەم مۆندیالە ئەگەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی بکات، 9 بۆ 11 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت، بەراورد بە مۆندیالەکانی رابردوو فیفا ٪50 پاداشتی دارایی هەڵبژاردە بەشداربووەکانی لە مۆندیال زیاد کردووە، هەڵبژاردەی عێراق گەرچی هیچ خاڵێکی بەدەست نەهێنا و سەرجەم یارییەکانی دۆراند، بەڵام 10.5 ملیۆن یۆرۆی دەستکەوتووە.
ئەنچێلۆتی: کەموکورتیمان هەیە
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری بەرازیل دوای ئەوەی لە ژاپۆنیان بردەوە و گەیشتنە قۆناخی شازدەی مۆندیال رایگەیاند ئەو یارییە تەواوترین یاریی بووە کە لە مۆندیال کردوویانە، دەشڵێت: لە نیوەی یەکەمدا زیاتر کێشەمان هەبوو. هەوڵمان دەدا هەندێک دەرفەت لەوێ بدۆزینەوە، چونکە ژاپۆن زۆر بە بەهێزی دەستی پێکرد. ئەوان زۆر داخراو و توند بوون. لە نیوەی دووەمدا بەسەریدا زاڵ بووین. هەندێک پاسمان گۆڕییەوە و باشترین ئاستی خۆمان پیشان دا. بۆیە بڕوام وایە و بێگومان بەرەوپێشچوونە. لە سەرەتادا زۆر هەوڵمان دا بۆ دۆزینەوەی هەندێک بۆشایی، بەڵام لە کۆتاییدا توانیمان ئەوە بکەین.”
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی بەرازیل گۆتیشی”ئێمە کەموکورتیمان هەیە، تۆپی پێ ئەم ساتانەی تێدایە و زۆرجار هەڵەی کوشندە دەکەیت، چونکە کەس بێ کەموکوڕتی نییە. بەڵام پێویستە بەسەریاندا زاڵ بیت و بەرەو پێشەوە بڕۆیت. پێموایە تیپەکەش هەر ئەوەی کرد؛ وەک گوتم لە نیوەی دووەمدا زۆر بە باشی ئەوەیان کرد. بڕوامان وابوو کە نابێت یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی بێت، هەرگیز. کەس بیری لەوە نەدەکردەوە ئەم تیپە نەتوانێت لانی کەم گۆڵێک بکات و کردمان. بە خۆشحاڵییەوە توانیمان گۆڵی دووەمیش بکەین، ئەگەرنا کارەکە بۆ ئێمە زۆر ئاڵۆز دەبوو.”
راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید بە رۆژنامەنووسانی گوت: “کاتێک دێتە سەر لایەنی دەروونی، زۆر گرنگە کە بزانیت دەبێت بەناو ئازاردا تێپەڕببیت، وایە؟ ئەمە ئاساییە و بەشێکە لە یارییەکە. هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، بەتایبەت لە تۆپی پێی سەردەمدا. ئازار چەشتن بەشێکە لە یارییەکە، هەروەک چۆن هەستکردن بە حەسانەوە بەشێکە لێی. من هەمیشە هەوڵ دەدەم ئەوە بەبیر خۆم بهێنمەوە، کە هەندێک جار دەبێت لێرە ئامادە بم، مەبەستم ئامادەبوونە لە کاتی شکستەکاندا.”
ئەنچێلۆتی سەرسامی خۆی بە ئاستبەرزیی ژاپۆن پیشاندا و هێمای بۆ ئەوە کرد دەیانزانی ژاپۆن تیپێکی زۆر مەترسیدارم دەشڵێت: متمانەم بە بەرازیل هەبوو، دەمزانی لەو یارییە سەرەڕای ئەوەی دواکوتیب دەگەڕێینەوە، تیپەکەمان زۆر باش یاری کرد، تەنانەت تاوەکو کۆتایی نیوەی یەکەمیش، دواتر تووشی هەندێک کێشە بووین. دووبارە دەیڵێمەوە، ژاپۆن تیپێکی زۆر بەڕێز و خاوەن ناوبانگە. زۆر بە باشی رێکخراون. یارییەکەی خۆیان دەناسن. زۆر هەلی مەترسیدار دروست دەکەن و نزیک بوونەوە لە گۆڵ. لە رووی جەستەییەوە بەهێزن. بەڵام تیپەکەمان لەناو یاریگادا بوو و ون نەبووبووین.”
لەبارەی ئەوەی بۆچی یاریی بە نێیمار نەکرد، کارلۆ گوتی: “بیرمان لێ دەکردەوە. بەوبۆنەیەوە، دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم کە لێرەن، چونکە چ لە بردنەوە یان دۆڕاندا بێت، راهێنەر هەمیشە کەسایەتییەکی گرنگە. بە نەیمارم گوت ئەگەر لە کاتێکی دیاریکراودا یارییەکە یەکسان نەبێتەوە، دەتهێنمە ناو یاریگا. بە کردەیی بیرم لەوە دەکردەوە بیهێنمە ناو یاریگا، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستمان پێی نەبوو، هەرچەندە هەموو شتێک لەگەڵ ئەودا زۆر روون و ئاشکرا بوو.”
نێیمار: دەتوانم لەسەر کوردسی یەدەگیش یارمەتی بەرازیل بدەم
نێیمار داسیلڤا یاریزانی هەڵبژاردەی بەڕازیل، دوای بردنەوەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ژاپۆن رایگەیاند سوپاسی خوا دەکەم کە ئەو دەرفەتەی پێدام بەشداری مۆندیال بکە، گوتیشی: ئێستا کاتی ئەوەیە هاوکاری هاوڕێیەکانم بکەم بۆ ئەوەی کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە بکەین.
نێیمار دوای دابڕانێكی زۆر لە مۆندیال سەرلەنوێ درێسی بەرازیلی پۆشییەوە و بەشداریی یارییەكەی كرد، بەرازیل بە 3 گۆڵی بێوەڵام سەركەوتنی تۆمار كرد، دواتر لە قۆناغی 32ـی مۆندیال بەرازیل لە ژاپۆنی بردەوە، بەڵام نێیمار بەشداری ئەو یارییەی نەکرد.
لە دوای یارییەكەی ژاپۆن، نێیمار گوتی: گەڕانەوە بۆ بەرازیل هەستێکی نایابە و بەڕاستی دڵخۆشم و زۆر ڕازیم، کاتێک لە یارییەکەی سکۆتلەندا فیکەی کۆتایی لێدرا، سەیری خێزانەکەم کرد و تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو، ئەوان لە نزیکەوە سەیری منیان دەکرد و ئێمە هەموو ئامانجمان ئەوە بوو لێرە بین لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی. هەموو ئامانجم ئەوە بوو بەشداری مۆندیال بکەم و ناسناوەکە بەدەست بهێنم. بەڕاستی دڵخۆشم، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە پشتگیرییان کردین، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە لە یاریگاکەدا بوون و ئەمڕۆ ناوی منیان دەهێنا. ئەمە هەستێکی تەواو جیاوازە.
نێیمار گوتیشی: پێش ئەوەی بڕۆمە ناو یاریگا کۆمەڵێک یادگاری بە بەردەم چاوەکانمدا تێپەڕین، بەڵام من تەنها بۆ ئەوساتە سوپاسی خوام کرد و بۆ ئەوەی کە توانیم دووبارە بە درێسی هەڵبژاردەکەم ئەزموونێکی دیکە تاقی بکەمەوە و بۆ ئەوەی دەرفەتی دیکەی پێدام بەشداری مۆندیالێکی دیکە بکەم. ئێستاش کاتی ئەوەیە بە هەموو توانایەک یارمەتی هاوڕێیەکانم بدەم، بۆ ئەوەی کێبڕکێی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیال بکەین.
نێیمار لە بارەی یارییەکەی ژاپۆن گوتی: گرینگ ئەوەیە وڵاتەکەم بردییەوە، من دەتوانم لەسەر کوردسی یەدەگیش یارمەتی یاریزانەکان بدەم.
نێیمار تەمەنی 34 ساڵە، لە گواستنەوەی زستانەی 2025 لە یانەی هیلالی سعوودیە گەڕایەوە سانتۆسی بەرازیلی، لەم وەرزە بە هۆی پێكانەوە تەنیا بەشداریی 15 یاری كرد، شەش گۆڵ و چوار ئەسیستی كرد. نێیمار لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداریی 129 یاری كردووە و 79 گۆڵی تۆمار كردووە.

