شیڤان شێرزاد – هەولێر
جیاواز لە ئاهەنگ و بەشداربوون لە شەوە ئاهەنگەکانی میوانخانە و شوێنە گشتییەکان ئەمجارەیان (سەرمەد سدیق) تێکست و ئاوازێک بۆ (زانا سدیق)ـی برای ئامادە دەکات و ئەویش بە حوزنەوە پێشکەش بە مەرگی باوکی دەکات.
ئەو گۆرانیەی (زانا) ناوی نراوە “بابە گیان” و بە ژیری دەستکرد دەستکاری میلۆدییەکەی کراوە و دەربڕینی هەستێکی قوڵە بۆ ئەو ڕۆژەی مامۆستا (سدیق)ـی هونەرمەند بە کۆڵێک ئازار و نەخۆشییەکی سەختەوە دەستی لە خەون و ئاواتەکانی هەڵگرت و دنیای فانی بەبێدەنگی جێهێشت.
هونەرمەند “زانا سەدیق” لە دوای ئەو کۆچە سەختەی بڕیاری دابوو بە تەواوەتی دەست لە کاروانی هونەری هەڵگرێت، بەڵام بە تێکست و میلۆدییەکەی سەرمەد بڕیاری دا جارێکیتر بگەڕێتەوە باوەشی هونەرەکەی، بەڵام ئەمجارەیان تێکستێک بۆ خەمێکی بێ کۆتایی، کە پڕە لە خۆشەویستی بۆ باوکێکی میهرەبان و هونەرزان، کە ساڵێک لەمەوبەر بە نەخۆشیەکی سەخت ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ئێستا ئەو بەرهەمە لە پلاتفۆرمەکان بەشێوەی فراوان بڵاوبووەتەوە و بووەتە نموونەیەک لە وەفا بۆ پاڵەوانێکی ماندووی ژیان، کە تا دوا هەناسە بۆ هونەر و پێگەیاندنی نەوەیەکی هونەردۆست ژیا و دوور لە کۆڕی هونەر و ئەدەب و شیعری ناسکیش سەری نایەوە.

