ڕائیب جادر – هەولێر
پارتی داوا دەکات ھەر چی زووە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، وەکو ھەنگاوی یەکەم بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم. حزب و لایەنەکان بەدەم بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتییەوە دێن و پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن. جگە لەسەر ئاستی سیاسی، ڕۆشنبیران و چاودێرانی سیاسی بە گرنگییەوە دەڕوانە پەیامەکە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەڵێن، چەند کاراکردنەوەی پەرلەمان دوا بکەوێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست دەکات. ھاووڵاتییانیش داوا لە لایەنەکان دەکەن ڕێکبکەون بۆ ئەوەی حکوومەتێکی خزمەتگوزاری نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان دروست بێت.
٢٠-١٠-٢٠٢٤ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو یەکەم ھێزی سیاسی کوردستان توانی زۆربەی ھەرە زۆری کوردسییەکانی پەرلەمان بەدەست بھێنێت.
ڕۆژی شەممە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسییان زۆرە و چ ئەوانەی کورسی کەمتریان ھەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو ھۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، ھەموولایەکمان پابەندی ئەو ڕێگاچارەسەرە بریارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان بین.
بۆرھان مەجید، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەیاننامەکەی پارتی دەستپێشخەرییەکی گەورەیە و دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ دەربازبوونی ھەرێم لەو چەقبەستووە سیاسییەی کە ھەیە، سەرۆک بارزانی وەکو مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند و داوای کرد ھەموو لایەنەکان لە دەوری یەکدی کۆببنەوە و ھەرچی زووە پەرلەمان کارا بکەنەوە، بۆیە پێویستە لایەنەکان بەپیر بانگەوازی سەرۆک بارزانی و پارتییەوە بێن و بەپەلە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و حکوومەتی ھەرێم پێکبھێنن، چونکە کاراکردنەوەی پەرلەمان گرێکوێرەکان دەکاتەوە و زۆربەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان چارە دەکات.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە خەڵکی کوردستان بەشداری پرۆسەی ھەڵبژاردنیان کردووە و دەنگیان داوە بۆ ئەوەی پەرلەمان کارابێت، پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی دەستووری و یاساییە، پێویستە بەردەوام کارا بێت بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، کارانەکردنەوەی پەرلەمان لێکەوتەی نەرێنی ھەیە لەسەر پرۆسەی سیاسیی و دەستووریی ھەرێمی کوردستان.
د. ئازاد جابر، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پەیامەکەی پارتی بە پەیامێکی نیشتمانی و کوردستانی دەبینم بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، دەبێت ھەموو لایەنەکان بەدەم ئەو بانگەوازیەوە بێن و ھەرچی زووە پەرلەمان کارا بکەنەوە، چونکە چەند کاراکردنەوەی پەرلەمان دوا بکەوێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ھەرێمی کوردستان دروست دەکات، ئەگەر پەرلەمان کارا کرایەوە، پێکھێنانی حکوومەت ئاسان دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت پەرلەمان بکرێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسەکان و ھەرلایەنە و بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن مافی خۆی پێبدرێت، نەک ھەرلایەنە و لە شوێنی خۆیەوە قسە بکات، بۆیە بەیاننامەکەی پارتی باشترین بنەمایە بۆ دەربازکردنی ھەرێم لەم دۆخە سیاسییە چەقبەستووە.
دڵشاد جەلال، چاودێری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەم بانگەوازە نوێیەی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەکان بەمەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر پابەندبوونی حزبەکە بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ دەنگی گەل، لە ڕوانگەی پارتییەوە، پەرلەمان تەنیا دامەزراوەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو سەنگەری پاراستنی قەوارەی ھەرێم و تاکە ڕێگەی شەرعییە بۆ ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵک لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە.
ئەو چاودێرە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ئەمڕۆ کە کوردستان پێویستی بە یەکڕیزی و بڕیاری ئازایانە ھەیە، ئەرکی سەرجەم ھێزە سیاسییەکانە کە بەرپرسیارانە و بێ مەرج وەڵامی ئەم دەستپێشخەرییە بدەنەوە، چونکە تێپەڕاندنی قەیرانەکان و بەھێزکردنەوەی پێگەی ھەرێم، تەنیا بە شەرعیەتدان بە دەنگی گەل و کاراکردنەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکان بەدی دێت، ئەگەر بەڕاستی لەگەڵ دەنگدەرانی خۆتان ڕاستگۆن و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، فەرموون نوێنەرەکانتان بنێرنە پەرلەمان کە ماڵی گەلە، لەبری ھاتووھاواری بێسوودی پشت مایکەکان، قورسایی کورسییەکانتان ببەنە ناو پەرلەمان و لەوێ لەسەر حکوومەتی داھاتوو و دامەزراوەکان گفتوگۆ بکەن.
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، بە ڕۆژنامەی ” ھەولێر”ـی ڕایگەیاند: ئێمە وەک پێکھاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان، لەپەراوێزی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی وەک خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.
سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئاماژەی بەوەش کرد، باوەڕمان وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ بەھێزکردنی دامەزراوە دیموکراتییەکان، پاراستنی ڕۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی کارکردنی حکوومەت، ھەروەھا ئەم ھەنگاوە لە بەرژەوەندی ھەموو ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندایە، چونکە پەرلەمان ماڵی گەلە و سەرچاوەی چارەسەرکردنی کێشە و داواکارییەکانی خەڵکە.
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئەوەشی گوت: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان، ئامادەین بە ڕووحی بەرپرسیارێتی و ھاوکاری، بەشدارییەکی کارا و بەرھەمدار لە کار و چالاکییەکانی پەرلەماندا بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەکی بەھێز بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی، پاراستنی مافەکانی ھەموو پێکھاتەکان و پشتگیری لە ئاسایش، ئارامی و گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، جەختیشی کردەوە: بەردەوامبوونی کار و چالاکیی پەرلەمان پێویستییەکی نیشتمانی و دیموکراتییە، بۆیە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەبێت بە ھەستی بەرپرسیارێتییەوە ھاوکاری بکەن، تاوەکو پەرلەمان بتوانێت بە شێوەیەکی کارا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و وەڵامی ھیوای ھاووڵاتییان بداتەوە.

