رۆژنامەی ھەولێر

ئەو پیاوەی لەگەڵ وەرزشدا دەژیا

ئاری ئاغۆک

بەیانیان لە شەست مەتری شاری هەولێرێ و لە کاتی یاریکردنی یانەی دایک لەگەڵ فیکەی یەکەمی ناوبژیوان ئەو لە چوار دەورەی یاریگا غاری دەدا تا کۆتاییهاتنی یارییەکە، ئەو لە پێناو وەرزشدا ژیا؛ ئەو لەپێناو ئارەزوویەکی ماددی و کەسی هەوڵی نەدەدا، بەڵکو لە پێناو هۆشیاری وەرزشی و هێنانی کەسانی دیکە بۆ ناو دنیای جوانی وەرزش خەون و کاری لە پێشینەی بوو، لە کاتێکدا
شار بەم شێوەیە کرانەوەی کۆمەڵایەتی و وەرزشی و هونەریی بە خۆوە نەبینیبوو، بەڵام ئەو وەک هەوڵی بەردەوام مەبەستەکەی پێکا و توانیی ببێتە یەکێک لە پێشەنگەکانی بزاڤی وەرزشی لەشاری هەولێر.
ئەو کەسەش وەرزشوانی دێرین و ناسراو و خەمخۆر، خوالێخۆشبێ ( مزۆ لەشکری)یە. ئەمڕۆ ٣٠ ی حوزەیران یادی ٧ ساڵەی ژیانئاوایی ئەم کەسایەتیە جوانەی وەرزشە، بۆیە وەک یاد و وەفایەکی لەبیرنەکراو، یادی دەکەینەوە و گەشتێکی خێرا بەنێو وێستگەی ژیان و کارو چالاکییەکانی دەکەین.

*دەسپێکی خوێندن و وەرزش
مزۆ لەشکری عەزیز، ساڵی ١٩٤٧ لە شاری هەولێر لەدایک بووە؛ ساڵی ١٩٥٣ چۆتە قوتابخانەی ئیبن‌خەلەکان قۆناغی سەرەتایی لەوێ خوێندوە، بەڕێوەبەری ئەوکات ناوی خدر ئەفەندی بوە، دوو مامۆستا هەمیشە لە یادگەی (مزۆ) بوون ئەوانیش مامۆستایەکی کریستیان کە وانەی هونەری پێ دەگوتن، لەگەڵ مامۆستایەکی عەرەب کە وانەی وەرزشی پێ دەگوتن، لەبەر ئەوەی هەر زوو مزۆ لەشکری حەزی لە وەرزش و جووڵە بووە ئەوا ئەو مامۆستایانەشی خۆش ویستووە کە وانەی وەرزشیان بە قوتابیان گوتۆتەوە، دوای چەند ساڵێک خوێندن لەو قوتابخانەیە، مزۆ لەشکری لەلایەن مامۆستا تاهیر ئەفەندی لەگەڵ چەند قوتابیەکی دیکە گرنگیان پێ دەدرێ و وەک یاریزانی تۆپانێ و باسکە و گۆڕەپان و مەیدان و یاری باڵە، هەروەها لە فیستیڤاڵە وەرزشییەکان مزۆ لەشکری وەک قوتابییەکی دیار و بەرچاو لە هەموو یارییەکان بەشدار دەبێ.

*بەردەوامی بە وەرزش
ئیدی ئەو حەزەی بەردەوام دەبێ، نەک لە قوتابخانە بەڵکو ئەو خەونی گەورەتری دەبێ، بۆیە لە هەوڵدان بەردەوام دەبێت، لە بنکەی لاوان (مرکز شباب) یاری دەکات، هەر بەو حەزە وەرزشییەی لە ساڵی ١٩٧٨ لەو بنکەیە دادەمەزرێ و چەند یارییەکی تازە دێنێتە ناوەندە وەرزشییەکە.

*هێنانی چەند یارییەک بۆ شاری هەولێر
وەک ئاماژەم پێ کرد ئەو وەرزشی تەنیا بۆ خۆی نەویستیە بەڵکو خەون و خولیای ئەوەبوە خەڵکی دیکەش ئارەزووی وەرزشی پەیدا بکەن، ئەوە بوو چەند یاریەک لەسەر دەستی ئەو هاتونەتە شاری هەولێر، کە وەک مێژوویەکی شانازی دەبێ ئاماژەی پێ بکەین ئەوانیش یاری (بۆکسێن و پایسکیل و زۆرانبازی) کە ئەمە مێژووی شانازییە بۆ هەولێر و هەولێرییەکان دەبێت پسپۆڕانی وەرزش و مێژوو بۆ توێژینەوە و بەدواداچوون و نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا کاری لەسەر بکەن و ئاماژە بەو هەوڵە جوانەی مزۆ لەشکری بدەن، هەر لەسەر دەستی ئەو توانرا چەندین وەرزشوان دروست ببێ.

*غاردان و سوڕانەوەی شەست مەتری
ئەوەی لە ساڵی حەفتاکان ژیابێ تا کۆتایی نەوەتەکان، ئەو دیمەن و ئەو کەسەی لە یاد ماوە کە ڕۆژانە لە چواردەورەی شەست مەتری هەولێر، بێ وەستان لە ڕاکردن بەردەوام بوو، دەربارەی ئەم کارەی لە بەرنامەی دیداری تایبەتدا لێیم پرسی و ئەویش بەم جۆرە وەڵامی داوە:
لە حەفتاکانەوە دەستم پێ کردوە، ئەوکات ئۆتۆمبێل لە شەقام کەم بوو، رۆژانە بە ٤٥ خولەک بە ڕاکردن دەسووڕامەوە و دەگەیشتمەوە شوێنی خۆم، دەربارەی درێژی شەست مەتری گوتی: سووڕانەوەی ناوەوەی شەست مەتری
واتە لای سی مەتری ١٠ کیلۆمەتر و نیوە، ئەوەی دەرەوەش ١١ کیلۆمەتر و نیوە.
بە هۆی ئەو ڕاکردنە بەردەوامیەی مزۆ لەشکری تووشی هەڵوێستی سەیرسەیر بووە، یەکێک لەم یادگاریانە جارێکیان لە کاتی ڕاکردن، چەند ئافرەتێکی بەتەمەن لە لای مزگەوتی سپی ڕایانگرتوە و بە مزۆ لەشکریان گوتووە، گۆلکێکمان بزر کردیە بزانە لۆمان نابینیەوە!

*مزۆ لەشکری و بەچاپگەیاندنی کتێب
لەبەر ئەوەی خۆشەویستی بۆ دنیای وەرزش هێندە قوڵ بووە، ئەوا هەوڵی داوە لە چەندین گۆشەوە خزمەت بەبواری وەرزش بکات، یەکێک لەم بوارانە گرنگیدان بووە بەمێژووی وەرزشوانان بۆیە هەوڵی داوە لە دووتوێی کتێبیشدا خزمەت بە رەوتی وەرزش بکات ئەویش بەچاپگەیاندنی چەند کتێبێکە بەو ناونیشانانە:
مێژووی وەرزش لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ١٩٨٧، زۆرانبازی سەربەست و ڕۆمانی، کتێبی گۆڵچی، ژیاننامەی وەرزشوانە دێرینەکان) ئەم کتێبانە لەسەر ئەرک و ماندووبوونی خۆی لەپێناو گەشەسەندی وەرزش و خزمەتکردن بە کتێبخانەی کوردی توانیی بەچاپی بگەیەنێت، ئێستاش وەک مێژوو و ئەرشیف بۆ ئێستا و داهاتوو دەتوانرێ سوودی لێ وەربگیرێ.
*ئاخیرە باخ
مزۆ لەشکری وەک ئاشقێکی سەرسەختی یانەی وەرزشی هەولێر، لە هەموو جۆرە یارییەکان هاندەر و هاوکاری ئەم یانەیە بووە، بۆیە دەبێ هەمیشە هەولێرییەکان شانازی بەم جۆرە مرۆڤە سەرسەخت و خۆنەیستانە بکەن.
لەم روانگەیەوە لێرەدا کۆدێکی دیاریکراوی مزۆ لەشکری وەک یاد و وەفایەک ئاماژەی پێ دەکەین، ئەویش هەرکاتێک یانەی هەولێر یاری هەبوایە ئەگەر هەولێر لەگۆڵ و یاری لەدواوە بوایە خوالێخۆش بێ (مزۆ لەشکری) هاواری دەکرد (ئاخیرە باخ) ئەمەش وەک ڕۆحی هاندان و بۆ گوڕوتینی ئاریزان ئەو وشەیەی بە کار دەهێنا و زۆر جار ئەو ئاخیرە باخە ئیشی خۆی دەکرد و یانەی هەولێر گۆڵی دەکرد، ئیدی لە گەڵ هات و هاوار و چەپڵە و خۆشیی هاندەران هەمووان ڕوویان لە مزۆ لەشکری دەکرد و دەستخۆشانەیان ئاراستە دەکرد.

*دەربارەی ناوی مزۆ؟
لەبەر ئەوەی ناوی (مزۆ) ناوێکی تایبەتە، پێم خۆش بوو دەربارەی هۆکاری ناوەکەی پرسیاری لێ بکەم و ڕوونکردنەوەم بۆ بدات، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: کاتی خۆی باوکم لەگەڵ عەلی مەحمود چووبوونە شاری سلێمانی؛ لێرە کابرایەک پێی دەڵێت ئەگەر چوویە سلێمانی (گەزۆ و مەزۆ)مان لۆ بهێنە، ئەویش دەڵێ گەزۆ و مەزۆ چییە؟ کە دەچێتە بازاڕ ئینجا دەزانی گەزۆ زۆر خۆشە، بۆیە باوکم بڕیار دەدات ئەگەر منداڵێکی ببێت، ناوی بنێت گەزۆ و مەزۆ
ئەوە بوو برایەکم پێش من لەدایکبوو ناوی نا (گەزۆ) کە منیش لەدایک بووم ناو نرام (مەزۆ) بەڵام دواتر بووم بە مزۆ.

*چالاکی بەردەوام تا ژیانئاوایی
بە هۆی خۆشەویستی بۆ وەرزش ئەم کەسایەتیە وەرزشییە لە حەفتاکانی تەمەنیدا هەمیشە لە چالاکی وەرزشی بەردەوام بوو، یەکێک لەو چالاکیانە بریتی بوو لە کردنەوەی خولی تێنس و وەرزشی جەستەیی لە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، بۆ هاوتەمەنی خۆی خولی دەکردەوە و لەسەر خەرجی گیرفانی خۆی دیاری و لۆگۆی ڕێزلێنانی پێشکەش بە سەرکەوتووانی خول دەکرد، ئەم کارەی خوالێخۆشبوو مزۆ لەشکری نیشانەی وزەی بەردەوام و هاندانی هاوتەمەن و خانەنیشانی دیکە بوو بۆ خۆ سەرقاڵکردن بە وەرزش و تەندروستی، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ کاتێ بە پیادە دەڕۆیشت، ئۆتۆمبێلێک خۆی پێدا دەکێشێ و دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە، لە ڕێکەوتی ٣٠-٦-٢٠١٩ ژیانئاوایی دەکات، لە مەراسیمێکی شایستەدا بە خاک دەسپێردرێ، رۆحی شاد و یاد و بیرەوەری هەمیشە بەخێر.

سەرچاوە: بەرنامەی دیداری تایبەت، کەناڵی ڕەسەن، ئاری ئاغۆک ئامادە و پێشکەشی کردبوو.