مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
بەرشلۆنە رۆیشتنی فێران تۆرێسی لە یانەكەی بەرەو پاریس ڕاگەیاند
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، كە هێرشبەرەكەیان فێران تۆرێس چووەتە یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی.
یانەی بەرشلۆنە، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە: لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان ڕێك كەوتین، لەسەر گواستنەوەی فێران تۆرێس بۆ یانە فەڕەنسییەكە.
لەلایەكی دیكەوە، یانەی پاریس سان جێرمان، ڕایگەیاند كە گرێبەستیان لەگەڵ فێران تۆرێسدا كردووە، ماوەی گرێبەستەكە تا ساڵی 2031ـە و درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت.
یانەی پاریس سان جێرمان لە پێگەی فەرمیی خۆیەوە ڕایگەیاند: فێران تۆرێس، لە ڤۆیۆسی ئیسپانیا لە 29ی فێبرایەری ساڵی 2000ـدا لە دایك بووە، لە ساڵانێكی زووی تەمەنیدا، بەهرەی تۆپی پێی تێدا ئاشكرا بوو، بە تایبەت لە تۆپی پێی هۆڵی داخراودا.
باسی لەوەش كردووە، كە لە تەمەنی 7 ساڵانەوە، چووەتە دەستەی ئەكادیمیای یانەی ڤاڵێنسیا، دوای تەواوكردنی هەموو قۆناغەكانی خۆپێگەیاندن لە یانەكە، بووە یەكەم یاریزانی لەدایكبووی سەدەی بیستویەك، كە بەشداریی خولی ئیسپانیا بكا بەرانبەر ئێبار لە 16ی دیسێمبەری ساڵی 2017ـدا.
یانە فەڕەنسییەكە كە خولی فەڕەنسای كۆنتڕۆڵ كردووە و دوو ساڵیشە ئەورووپایشی كۆنتڕۆڵ كردووە، دەیەوێ لەو پێگە و ئاستەی بەردەوام بێت، زیاتر لەسەر یاریزانە تازەكەی وتی: فێران تۆرێس لەگەڵ یانەی ڤاڵێنسیا سێ وەرزی بە بەرزترین ئاست بە ڕێ كرد، لە نێوان ساڵانی 2017 تا 2020ـدا، هەروەها یەكەم ئەزموونی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپایش تاقیی كردەوە.
لە ماوەی 97 یاریدا بە درێسی شەمشەمەكوێرەكان، ئەو هێرشبەرە ئیسپانیاییە بە روونی جێپەنجەی خۆی دەرخست و بەو تەمەنە بچووكە چەندان ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد، دوای ئەوەی بووە 19 ساڵ و 324 ڕۆژ، بووە بچووكترین یاریزان كە 50 یاری لە خولی ئیسپانیا ئەنجام بدات.
هەروەها بووە گۆڵكەری خولی یانە پاڵەوانەكان لەئاست ئەو یاریزانانەی لە سەدەی بیست و یەك لە دایك بوون، ئەویش لە یانە ئیسپانییەكەیدا. هەروەها یەكەم ناسناوی پیشەگەریی لە ساڵی 2019ـدا بە دەست هێنا، دوای ئەوەی جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ یانەی ڤاڵێنسیا بردەوە.
هەروەها یانەكە باسی لەوەش كردووە: ڕێ بە تۆرێس درا لە ساڵی 2020ـدا بچێتە یانەی مانچستەر سیتی، ئەوەیش بە هۆی ئەو ئاستە بەرزەیەوە. لە ژێر سەرپەرشتیی پێپ گواردیۆلادا یەكەم گۆڵی لە جامی پیشەگەری تۆمار كرد، ئەویش بەرانبەر یانەی بێرنلی بوو. ئەوەیش دوای تەنیا شەش ڕۆژ لە یەكەم دەركەوتنی لە خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلتەرا بەرانبەر یانەی وێڵڤەرهاپتۆن.
لە ساڵی 2021ـیشدا، بەشداریی گەشتی یانەی مانچستەر سیتیی كرد تا یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا. هەروەك تیپەكەی ناسناوی خولی ئینگلتەرا و جامی پیشەگەریی ئەو وڵاتەی بردەوە.
هەروەها یانە فەڕەنسییەكە درێژەی بە باسكردنی كاروانی ژیانی وەرزشیی ئەو یاریزانە تازەیەیان دا و وتی: لە ماوەی وەرزی 2021 – 2022ـدا، فێران وەرزەكەی لەگەڵ مان سیتیدا دەست پێ كرد، پێش ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بۆ ڕیزەكانی یانەی بەرشلۆنە بگوازرێتەوە.
بە گشتی ئەو یاریزانە بە كۆی گشتی 43 یاریی بە درێسی مانچستەر سیتییەوە ئەنجام دا و 16 گۆڵی تۆمار كرد و 4 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی ئاسان كرد.
باسی لەوەش كرد: لەگەڵ بەرشلۆنە، تۆرێس خۆی وەكوو یاریزانێكی سەرەكی و ڕەهەند و پایەیەكی گرنگی یانەكە خۆی سەلماند.
بە گشتی لە ماوەی 207 یارییدا لەگەڵ بەرشلۆنەدا، 65 گۆڵی تۆمار كرد، لە نێویاندا گۆڵەكەی لە یاریی كۆتایی جامی ئیسپانیا كە تیپەكەی لە ریاڵ مەدریدی بردەوە و ناسناوی ساڵی 2025ی بە دەست هێنا.
هەگبەی تۆرێس لەگەڵ بەرشلۆنە، بە بردنەوەی سێ ناسناوی خولی ئیسپانیا، ناسناوێكی جامی ئیسپانیا و دوو ناسناوی جامی سوپەری ئیسپانیا دەوڵەمەند بوو.
پێشتر یانەی پاریس سان جێرمان، دوای ئەوەی لە گرێبەەستی دیۆماندی كشایەوە، ڕایگەیاند هەموو توانای خۆی بۆ دەستخستنی و سەرخستنی بۆندی فێران تۆرێسی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە دەخاتە ڕوو.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی مۆندیالدا، پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ تۆرێس كراوە، پاریس سان جێرمان پێداگر بوو لە سەرخستنی گرێبەستی تۆرێس.
هاوكات كەسایەتیی لویس ئێنریكیی راهێنەر و پڕۆژە گەورە وەرزشی و ئابوورییەكەی یانە فەڕەنسییەكەش و چوونی چەندان یاریزانی گەورە بۆ ئەو یانەیە، سەرنجی فێران تۆرێسی ڕاكێشا، بۆیە دواجار خۆی بۆ ئەو یانەیە یەكلا كردەوە. لە كاتێكدا یانەی بەرشلۆنە فشاریش لەسەر دروست كرد بۆ مانەوە لە ریزەكانیان، بەڵام درەنگخستنی دۆسیەی تۆرێس و یەكلانەكردنەوەی، دڵی ئەو یاریزانەی شكاند.
ئەتلەتیكۆ مەدرید، گرێبەستی لەگەڵ ئامانجەكەی بەرشلۆنە و ئارسناڵدا واژۆ كرد
یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی، دوێنێ شەممە سەرخستنی گرێبەستی یاریزانێكی بەرگریی ڕاگەیاند، كە ئامانجی هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ئارسناڵ بوو.
یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمیدا، سەرخستنی گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی ئەرژەنتینی كریستیان رۆمیرۆد راگەیاند، كە گرێبەستەكەی تا هاوینی ساڵی 2031ـە، بەو جۆرە بووە چوارەم گرێبەستی یانەكە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ ئەو بەرگریكارەدا واژۆ كرد، كە ئامانجی یەكەمی دیێگۆ سیمیۆنیی راهێنەر بوو بۆ هێڵی بەرگری.
یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، نزیكەی 40 ملیۆن یۆرۆی بەرانبەر گرێبەستكردن لەگەڵ ئەو بەرگریگارە ئەرژەنتینییە داوە، كە 33 ملیۆن یۆرۆی وەكوو بڕەپارەیەكی جێگیرە، هەروەها 7 ملیۆن یۆرۆیشی گۆڕانكاریی تێدا دەكرێ. ئەو یاریزانە ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەكەی پێشتری (تۆتنهام) كرد.
كریستیان ڕۆمیرۆ، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بووە ئامانجێكی سەرەكیی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، بەڵام سەرەتا ئەو بڕەپارە زۆرەی یانەی تۆتنهام هۆتسپێر داوای دەكرد، بووە هۆی دواخستنی ماوەی گرێبەستەكە.
دوای ساڵێك و لەسەر ئە وڕووداوەی لەگەڵ دەیڤید هانكۆ لە ساڵی 2025ـدا رووی دا، بەرگریكارە ئەرژەنتینییەكە گەیشتە یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی پڕۆژەكەی دیێگیۆ سیمیۆنیی هاونیشتمانی.
ئێستە بە دەستخستنی ئەو یاریزانە باڵا و خاوەنئەزموونەی هێڵی بەرگری، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید پشتڕاست دەبێ لە هێڵی بەرگری و متمانەیان هەیە كە خاوەن هێڵێكی پتەوی بەرگری بن و بەربەستی گەورە بن لەبەردەم هێرشبەرانی تیپە ڕكەبەرەكانیان.
بۆ زانین، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، یەكێك بوو لە ئامانجەكانی هەردوو یانەی ئارسناڵ و بەرشلۆنە، بەڵام خۆی گواستنەوەی بۆ ئەتلەتیكۆ مەدرید هەڵبژارد.

