وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
«سارا ٣٢ی ساڵی بوو، ژنێکی ڕاقی، کۆمەڵایەتی و بەسۆز و میهرەبان بوو. قژە خورمایی – زەرد باوەکەی و چاوەیلە ڕامنەکراو و کێوییەکانی، کەمێک شێتانەیان نیشان دەدا. بە هۆی زۆرخۆرییەکەیەوە کەمێک زگی لەپێشەوە بوو و ئەومەش نیشاندەری ئەوە بوو کە ئەم بابەتە مەسرووفی زۆری پێوە بووە. » (لە ڕۆمانی ژنەکان)
ئێوارەیەکی پاییزی، چارلز بۆکۆفسکیی شاعیر لە (ترۆبادۆر – Troubadour) بە پاکەتێکی ٦ بیرەییەوە چووە سەر ستەیجەکە. چەند شیعرێکی ئاشقانەی خوێندنەوە کە پێشکەشی (پامێلا)ی کردبوون. مەست و سەرخۆش و شێتانە بەنێو ئامادەبووان دەسووڕایەوە و لە بەردەم هەر ژنێک کە دەوەستا، هێندە بەرز هاواری دەکرد و قسەی دەکرد، وەک بڵێی شیعرەکانی بۆ ئەو ژنە نووسیوە.
بۆکۆفسکی دوای ئەوەی دەستی کردە خوێندنەوەی شیعرێک کە پێشکەشی (خاتوو نازدارە – Miss Pussycat) قژ خورماییەکی کردبوو، ژنەکە هۆڵەکەی جێهێشتبوو و چەند هەفتەیەک دواتریش لە ژیانی بوکۆڤسکی بە تەواوی چووە دەرەوە.
ئەو شەوە پاش نمایشەکە، بۆکۆفسکی کە بە تەنیایی خەریک بوو ترۆبادۆری جێدەهێشت، (لیندا لی بیگل – Linda Lee Beighle) دەرکەوت. خۆی پێناساند و گوتی یەکێکە لە سەرسامبووەکانی. شاعیر، ژمارە تەلەفۆنی خۆی لەسەر پارچە کاغەزێک نووسی و دایێ.
لیندا لی بیگل لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٤ بوو و لە خێزانێکی دەوڵەمەند لە پێنسلڤانیا گەورە ببوو. لە نێوەڕاستەکانی دەیەی ٦٠ لەگەڵ گرووپێک لە هیپییەکان چووبووە هیندستان. کە گەڕایەوە بۆ ئەمریکا، ببووە لایەنگری ڕێبەری هیندی مەهر بابا (دڵخۆش بن نەوەک دڵتەنگ) و لە مەیامی و لە وێستگەیەکی تەلەفزیۆنی دەستی بە کارکردن کردبوو. دواتە گواستبوویەوە بۆ کالیفۆڕنیا و (ڕێستۆرانتێکی خواردنی سروشتی – Hälsokost) کردبووەوە.
لیندا، کارەکتەری (سارا)یە لە ڕۆمانی (ژنەکان).
چەند ڕۆژێک دوای کۆڕی شیعرخوێندنەوەکە، بۆکۆفسکی چووبووە ڕێستۆرانتەکەی لیندا:
«سارا لە پشت پێشوازییەکە وەستابوو. منی بینی.
گوتی: سڵاو هێنری! تۆزێک بوەستە ئێستا دێم.
خەریک بوو خواردنی بۆ کەسێک ئامادە دەکرد. چوار یا پێنج پیاو لە هۆڵەکە بوون. یەکێکیان لەسەر قەنەفەیەک دانیشتبوو. یەکێکی تر لەسەر ئەرزەکە. هەموویان لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا بوون، هەموویان لە یەکتر دەچوون، هەموویان شۆرتێکی تێنسیان لەبەربوو و تەنها دانیشتبوون. هەر ناوەناوە یەکێکیان قاچی دەخستە سەر قاچی یان دەکۆکی. سارا ژنێکی تا ڕادەیەک جوان بوو، لاواز و چوست و چەلەنگ. ڕاقی. قژی، خورمایی – زەردباو بوو؛ و جوانیش.
گوتی: ئێستا دێم و پێتڕادەگەم.
گوتم: زۆر باشە.
لەوێ، ڕەفەیەکی کتێبیشی لێبوو. چوار پێنج لە کتێبەکانی منیشی تێدا بوو. کتێبێکی (لۆڕکا)م دۆزییەوە و دانیشتم و وام نیشان دا کە دەیخوێنمەوە. بەم شێوەیە ناچار نەبووم تەماشای کوڕە شۆرتلەبەرەکان بکەم. واپێدەچوو کە تا ئێستا دەستیان بەر ڕەش و سپی نەکەوتبێت. سەریان هەمووی داهێنراو؛ بە بازنەیەکی ڕووناک لە ڕەزامەندی و خۆبەزلزانی. هیچکامێکیان تا ئێستا زیندانی نەکرابوون و کارێکی قەرسیشیان بە دەستەکانیان ئەنجام نەدابوو، تەنانەت بە قەدەرا سزایەکی سەرپێچیی پارکینگ، خیلاف و شتی خراپیان نەکردبوو، هەموویان شیری پاکیان خواردبوو، شیری قووتوو». (لە ڕۆمانی ژنەکان)
بۆکۆفسکی چوو بۆ (فۆنێکس – Phoenix) و لەوێ لەگەڵ (لیندا کینگ – Linda King) ئاشنا بوو. هەردووکیان لە پەیوەندییەکەیان شکستیان هێنا. چیتر یەکتریان نەبینییەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٣ لە نامەیەک بۆ (ویلیام پاکارد – William Packard)، نووسی کە لیندا کینگ تەلەفۆنی بۆ کردووە و بە چەنەبازییەوە گووتوویەتی دەیهەوێت دەربارەی چیرۆکی خۆشەویستییەکەیان کتێبێک بڵاو بکاتەوە و دەیهەوێت ژمارەیەک لەو نامە ئاشقانانەی کە بۆکۆسکی بۆی نووسیوە، لە کتێبەکدا بڵاویان بڤکاتەوە. نووسەریش، ئاواتی سەركەوتنی بۆ خواستبوو.
دیدارەکانی لیندا لی بیگل و بۆکۆفسکی، تا دەهات زیاتر و زیاتر دەبوون. لیندا لەگەڵ بۆکۆڤسکی جووت نەدەبوو بەهۆی ئەوەی ڕێبەرەکەی (مەهر بابا) بڕوای وابوو ژنی ڕەبەن پێویستە بەعیفەت و پاک بمێنێتەوە، و لینداش ساڵانێک دەبوو کە بە پاکیزەیی مابووەوە. بۆکۆڤسکی تەنها دەیتوانی ماچی بکات.
«من و سارا دیسانەوە یەکتریمان ماچ کردەوە. هەردوکمان زۆرمان خواردبووەوە…
کە کۆتا شووشەمان نا بە سەرمانەوە، بە سارام گووت لەبەر مەستی ناتوانم شۆفێری بکەم و بچمەوە ماڵەوە.
– ئۆهـ. دەتوانیت لەسەر تەختەکەم بخەویت، بەڵام بێ هیچ سێکس و جووتبوونێک.
– بۆچی؟
– ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە، نابێت پێکەوە بخەون.
– ناخەون؟!
– مەهر بابا دەڵێت ئەم کارە هەڵەیە.
– ئەفڕێنبەریش هەندێک جار هەڵە دەکات.
– هەرگیز.
– باشە. دەچین و دەخەوین». (لە ڕۆمانی ژنەکان)
بۆکۆفسکی، هاوكات لەگەڵ ژنانی دیکەش دەمولفتی دەگەڕا و هامەشۆی هەبوو. ئەو ژنانەی کە لە ڕێستۆرانتە خۆشەویستەکەی (Musso & Frank Grill) لەگەڵیان خوانی ئێوارەی دەخوارد و زۆربەی کات لەگەڵیان دەخەوت.
پەیوەندیی هاوڕێیەتیی لیندا و بۆکۆفسکی دوای ماوەیەک گۆڕا بۆ خۆشەویستی. بۆکۆفسکی ئەودەم بیری لەوە کردبووەوە کە دەبێت ئاگاداری خۆی بێت:
«سارا ژنێکی باش بوو. دەبوو ئاگام لە خۆم بێت. تەنها لەوکاتەدا پیاوێک پێویستی بە ژنی جیاوازە، کە هیچکامێکیان شتێکی تایبەتیان بۆی نییە. پیاوێک دەتوانێت بە پەڕینە سەر ئەم و ئەو، ناسنامەی خۆی لەدەست بدات. شایستەیی سارا زۆر لەوە زیاترە کە من پێشکەشی دەکەم. ئێستا ئیتر بەستراوەتەوە بە منەوە. لەسەر تەختەکە پاڵکەوتم و زوو خەوم لێ کەوت.
بە زەنگی تەلەفۆنەکە ڕاچڵەکێم و هەستامن.
پرسیم: «بەڵێ؟»
– هێنری چیناسکی؟
– بەڵێ
پرسیم:فەرموو؟
– هێنری چیناسکی؟
– بەڵێ
– من هەمیشە ئاشقی نووسینەکانت بووم. پێم وانییە هیچ نووسەرێک لە تۆ باشتر بنووسێت.
دەنگێکی جەحێڵانە و سێکسی بوو..
– دەزانیت، منیش دەنووسم؟ لە لۆس ئەنجلس دەژیم و حەز دەکەم بێم بۆ لات. حەز دەکەم چەند شیعرێکی خۆمت نیشان بدەم.
– خۆ من بڵاوکەرەوە نیم؟
– دەزانم. من تەنها ١٩ ساڵمە، حەزم دەکرد بێم و بتبینم.
– ئەمشەو سەرقاڵم.
– ناوم (ڕاشڵ)ە.
– خوات لەگەڵ ڕاشڵ.
تەلەفۆنەکەم داخستەوە. ئەم جارەیان. سەركەوتوو بووم». (لە ڕۆمانی ژنەکان)
(ستێڤ ڕیچمۆند) لە کتێبی (ترازان لە بۆکۆفسکی – Spinning off Bukowski)، دەنووسێت کە ئەو لە سەردانێکیدا بۆ (کارلتۆن وەی – Carlton Way). لیندا و بۆکۆفسکی لە جلوبەرگی کیمۆنۆی چینی (جلوبەرگی نەریتی وڵاتی چین) بینیوە؛ ئەو جۆرە جلوبەرگانەی کە بە کیمۆنۆی خۆشەویستی بەناوبانگن؛ وەک ژن و مێردێکی بەختەوەر. «دوو هاوسەرم بینی کە ئاشقەیلێکی سەدلەسەد بەختەوەر بوون – I see a pair of 100% happy lovers.»

