رۆژنامەی ھەولێر

چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بە شانۆیی “پیانۆ”

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

هەموو نمایشێکی هونەریی و چالاکییەکی کولتووری دڵخۆشم دەکات، بەڵام شانۆ لای من هونەرە ڕەسەن و دێرینەکەیە، کە ئاسوودەیی زیاترم پێ دەبەخشێت، چونکە بەرکەوتنم لەگەڵ ئەکتەردا زیندووە. خاڵی درەوشاوەی هەموو نمایشێک ئەوەیە، کە جارێکی تر لەسەر خوانی هونەر بینەر کۆدەکرێتەوە و لەنێو ئەم ژیانە جەنجاڵەدا و لەم سەردەمی ونبوونەدا بۆ چەند ساتێک دەیگەڕێنێتەوە بۆ لای خۆی! واتە شانۆ دەتوانێت ئەو هونەرە بێت بۆ خوانێکی نوێی خۆبوون داوەتمان بکات.

مانگی ڕابردوو بینەری شانۆیی “پیانۆ” بووم، کە لە نووسین و دەرهێنانی “شوان کەریم”ـە، شانۆییەکە ڕۆژانە لە هۆڵی بناغەی کارگەی کولتوور لە سلێمانی نمایش دەکرا، کە کۆمەڵێک ئەکتەر و موزیسیان تێیدا بەشداربوون، وەکو یەکەم نیگا شانۆییەکە جێگەی دەستخۆشییە و من بەو ئومێدەوە چووم، کە تینوێتی ساڵی ڕابردووم لەوێ بشکێنم، کە سلێمانی ساڵی ڕابردوو ساڵێکی بێ شانۆی بەڕێ کرد، بۆیە بوونی ئەم شانۆییە، لەنیگای سەرەتادا جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام من لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت سەرنج لەسەر خاڵێکی دیکە بدەم.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا سێ بۆ چوار شانۆیی ئەم دەرهێنەرەم بینیوە، کە لام جێگەی بایەخ و دەستخۆشی بوون، هەڵبەت بۆ ئەمەش دەستخۆشیم هەیە، بەڵام دەستخۆشییەکەم دابڕاو نییە لە سەرنج و تێبینی. دەرهێنەری ئەم شانۆییە کاری باشتر و بەپێزتری لەم نمایشە نوێیە پێشکەش کردووین، بۆچی ئەمجارە بەم ئاستە هونەریی و تەکنیکییە لاوازە، بەم چیرۆکە لاوازە و بەم دروشمبازییە شانۆیی پێشکەش کردین؟ ئەمە لای من پرسیارێکی سەرەکییە و جێگەی سەرسوڕمانە!
کاتێک دەڵێین هەموو شتێک لە قەیراندایە، شانۆش بەدەر نییە لەو قەیرانە. لە ساڵانی ڕابردوودا بەشی زۆری کارەکانی “شوان کەریم”م بینیوە، جگە لە کارەکانی ئەوروپا، یان ئەوەی شاری هەولێر نمایش کرا، بەڵام هەرچی لە سلێمانی نمایش کرابێت بینەری بووم، تامەزرۆی کارەکانی بووم و بەشێک لە کارەکانی دەرفەتم ڕەخساندووە تا بۆ جاری دووەمیش بیبینمەوە، چونکە هەستم بە بوونی وزەیەکی نوێگەرانە و ڕۆحییەتێک کردووە، کە سەرترە لە خواستی بینەری ئێمە، کە هەر ئەمەشە ئیشی سەرەکی شانۆ، کە هەمیشە بینەر بۆ سەروتر لە ئاستی خۆی داوەت بکات و بۆ جیهانێکی تر داوەتی بکات کە پێی ئاشنا نییە. کارەکانی پێشووی شوان کەریم ئەو وزە و بەپێزییەی تێدابوو، کە خواستم بۆ تەماشاکردنیان هەبووە، بەڵام ئەمەم لە شانۆیی “پیانۆ”دا نەبینی!
شانۆ هونەری داوەتکردنی بینەرە لە ئاستێکی دیاریکراوی مەعریفە و بینینەوە، بۆ ئاستێکی دیکە لە بینین و هەستکردن و مەعریفە. شانۆ چاوێکی ترە بۆ بینەر تا گەورەتر ببینێت، نەک چاوێکی لێ بستێنێتەوە، یان هیچ چاوێکی دیکەی نەبێت پێی بدات. “پیانۆ” لە ئاستی چیرۆک، تەکنیک، نواندندا هیچی نوێی بە بینەر نەدا، کە تامەزرۆی دووبارە بینینەوەی تیابچێنێت. کۆمیدیا لەم شانۆییەدا کۆمیدیایەکی دووبارە و ئاسایی و نزم بوو، کۆمیدیایەک نەبوو بەرزتر لەوەی بینەر بەئاسانی هەستی پێ دەکات. من هەر لە سەرەتاکانی نمایشەوە تووشی مەلەلبووم و لە دوو دڵیدا بووم لەوەی بەردەوام بم لە سەیرکردنی نمایشەکە، یان جێیبهێڵم، دەرهێنەر توانای ئەوەی نەبوو بینەر بۆ جیهانی حیکایەتی کاراکتەرەکانی پەلکێش بکات و بۆ خوانێکی شانۆیی داوەتیان بدات، کە وزەی بەردەوامی بە نمایشەکە بدەن. جوڵەکان ئاسایی و چیرۆکەکەش هەروا تێدەپەڕەی بەبێ گەشەکردن، جگە لە چەند جێگایەک، کە دەبووە دروشمبازی. شانۆ سەکۆی دروشمبازی نییە، لانیکەم لەم سەردەمەدا ئەوە تێپەڕەکراوە، کە لەڕێی شانۆوە دروشم ببەخشینەوە. شانۆ هونەری ڕزگارکردنی بینەرە جیهانێک کە تێی کەوتووە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، جێهانێکی جەنجاڵ، کە مرۆڤەکان تێیدا ونبوون. ئەرکی سەرەکی شانۆ/ یان سەرجەم هونەرەکان ڕزگارکردنی مرۆڤە لەو ونبوون و تەمتومانە. واتە شانۆ ئەرکییەتی پەیامی نوێ و جیهانێکی تازە پیشن بدات تا ئەو وزەی ڕزگارییە ئەگەر بچووکیش بێت لە بینەردا بیچێنێت، نەک بینەر بە هەندێک دروشتم و پێکەنینی بێ ناوەرۆک فریو بدات.
خاڵێک کە دەرهێنەر و نووسەری شانۆییەکە ڕەچاوی نەکردبوو ئەوە بوو، کە ئەم شانۆییە ئاستی بینەری جیاجیا دەیبینێت، بەڵام ئەو تەنها یەک ئاستی لەبەرچاوگرتبوو، ئاستێک کە هەموان بتوانن لێی تێبگەن، بەبێ ئەوەی شانۆییەکە کۆدڕێژکرابێت بە کۆمەڵێک دیدی فیکریی و فەلسەفی، کە ئەم هونەرە لە ئاستە جادەکەیدا داوای دەکات. نمایشەکانی ڕابردووی ئەم دەرهێنەرە لە هەموو ڕوویەکەوە سەرکەوتووتر و باشتربوون، نازانم بۆ قەدەری هونەر لای ئێمە وەهایە، کە بەردەوام لە پاشەکشەدا بێت؟
من دڵخۆشم بەم شانۆییە، بەڵام چاوەڕوانیم زیاترە لە دەرهێنەرێکی وەکو شوان کەریم، کە خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی شانۆییە. بەهیوام لە کاری داهاتوویدا لە ئاستێکی بەرزتردا (لە هەموو ڕوویەکەوە) بینەری کارەکەی بم.