ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
تەڵاڵ سەڵاح، وێنەگری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، لە ئەمریکا دیپۆرت کرایەوە و ئێستە بەرەو مەدریدی ئیسپانیا بەڕێوەیە، تا لەوێشەوە بگەڕێتەوە عێراق.
سەرچاوەیەک لە هەڵبژاردەی عێراق بە ئاژانسی مەعلوومەی ڕاگەیاندووە: دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەی شیکاکۆ، بە شێوەیەکی ورد و چڕ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق تەڵاڵ سەڵاح کردووە و زیاتر لە ١٠ کاتژمێر ڕایانگرتووە.
ئاشکراشی کرد: لە کۆتاییدا دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەکە، بڕیاریان دا ڕێی لێ بگرن و نەهێڵن بچیتە نێو ئەمریکاوە و دیپۆرتیان کردەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەسەر ئەوە بووە کە وێنەگرەکە سەردانی ئێرانی کردووە و هەندێ پۆستی ئایینی لە فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە.
ئاشکراشی کرد: یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش شکستی خوارد لە هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی بڕیاری دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەکە، بۆیە ئێستە بەرەو مەدرید بەڕێوەیە و لەوێوە دەگەڕێتەوە عێراق.
پێشتریش لە هەمان فڕۆکەخانە، یاریزانی ناسراوی هەڵبژاردەکە ئەیمەن حوسێن بۆ ماوەی ٧ سەعات ڕاگیرا و دواتر ڕێگەی درا یاوەریی هەڵبژاردەکەی بکا و بچێتە نێو ئەمریکا.

