رۆژنامەی ھەولێر

عوسمان دێمبڵی: رۆیشتنی دیدیە دیشامپ پاڵنەرە بۆ ئەوەی مۆندیال بەدەست بهێنین

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یاریزانی فەڕەنسیی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، عوسمان دێمبڵی، باسی لەوە کرد، ڕۆیشتنی چاوەڕێکراوی دیدە دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی پێش مۆندیال، سەرنج و ئامانجی یاریزانان ون ناکات، بەڵکوو دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی زیاتر پێشکەشی تیپەکە بکەین و بە جوانترین شێوە کۆتایی بە کاروانەکە بهێنین.

پێشتر دیدیە دیشامپ ڕایگەیاندبوو، کە نیازی وایە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، کۆتایی بە کاروانی راهێنەرایەتیی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بهێنێت، ئەوە لە کاتێکدایە ١٤ ساڵە راهێنەری کەڵەشێرەکانی فەڕەنسایە.
دێمبڵی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی ئێسپن، ڕایگەیاندووە: بەڵێ ئەمە دواپاڵەوانیەتییە بۆ دیشامپ، ئەو راهێنەرێکی باڵایە و زۆر ئەنجامی باش و گەورەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا بە دەست هێنا و ئێمەش زۆر بە بوونی ئەو لەگەڵماندا ئاسوودە بووینە و پێشتریش لەگەڵیدا لە مۆندیال بووین.
عوسمان دێمبڵی، وتیشی: ئەمە کارێکە واتە دەکات وردتر سەرنج بخەینە سەر ئەرک و ئامانجەکانمان، ڕۆییشتنیشی کار لەسەر تێهزرینمان لەم پاڵەوانیەتییەدا ناکات، بەڵکوو دەمانەوێ لەگەڵ ئەودا کاروانەکە بە جوانترین شێوە کۆتایی پێ بهێنین، کە بگەینە یاریی کۆتایی مۆندیال، ئەو پشت بە هەموو یاریزانانی فەڕەنسا دەبەستێت و هەموو جارێک دوای هەر یارییەک پیرۆزباییمان لێ دەکات و هانمان دەدات.
ئەو یاریزانەی باڵەکان لە فەڕەنسا، وتیشی: ئەو زۆر لە ڕوانگەی منەوە لە ڕووی کاروانی ژیانی پیشەگەرییەوە زۆر گرنگە و هەوڵ دەدەین وەکوو راهێنەر ئاستێکی باشی لەگەڵ پێشکەش بکەین، چونکە شاییشتەی ئەوەیە.
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٢ـدا، دیدیە دیشامپ، بووە راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا و شوێنی لۆران بلانی گرتەوە. سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد لە بردنەوەی مۆندیالی ٢٠١٨ و خولی نەتەوەکانی ئەورووپای ٢٠٢١، هەروەها هەڵبژاردەی فەڕەنسایشی گەیاندە کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەورووپای ٢٠١٦ و یاریی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢ و نیوەی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەورووپای ٢٠٢٤.
ئێستە دیدیە دیشامپ بە یەکێک لەو راهێنەرانە دادەنرێ، کە لە مێژوودا زۆرترین ماوە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتێک بەردەوام بووبێ، کە تیپی وڵاتەکەی خۆیشیەتی.
دیدیە دیشامپ، لە مۆندیالی ٢٠٢٦ـدا سەرپەرشتیی هونەریی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دەکات، کە تیپەکەی لە گرووپی یەکەمە شانبەشانی سەنیگال، ئێران و نەرویژ.
دێمبڵی کە خۆی تازەکی لەگەڵ یانەکەیدا چامپیۆنس لیگی ئەورووپای بردووەتەوە، روونی کردەوە، کە گرووپەکەیان لە دۆخێکی باشدان، بەڵام دەبێ سەرنجی زۆریان هەبێ، بە هۆی ڕکەبەریی توندی ئەم مۆندیالەوە.
هاوکات دێمبڵی، وتیشی: چەندان هەڵبژاردە پاڵێوراون بۆ بردنەوەی ناسناوەکە، ئێمە دەزانین ئەرژەنتین هەڵگری ناسناوی ڕابردووە، بۆیە لە بەربژێرە دیارەکانی ئەم مۆندیالەیشە بۆ بردنەوەی جامەکە، هەروەها ئیسپانیا کە پاڵەوانیەتیی یۆرۆی ٢٠٢٤ی بردەوە، لەگەڵ ئینگلتەرا، پورتوگال و ئەڵمانیا، هەروەها هەڵبژاردەی زۆر قورس و ئاڵۆزی وەکوو بەڕازیل، ئیکوادۆر و پورتوگال هەن، کە تیپی سەخت و بەهێزن.
دێمبڵی، ڕایشیگەیاند: بەربژێر زۆر هەن، بەڵام کاتێک یاریەکان دەست پێ دەکات، ١١ یاریزان بەرانبەر ١١ یاریزان دەوەستێت، بۆیە هیچ بەربژێرێکی دیکە هەلی نابێ جگە لەوەی باش یاری دەکات، بۆیە دەبێ سەرنج ون نەکەین.