و. حەمەسەعید حەسەن
هەموو کێڵگەکانی دونیا
دژی لێوی قڵیشاون
هەموو ڕێگەکانی مێژوو
دوژمنی پێی بێ پێڵاون
خۆشەویستم
ئەوان سەرقاڵی سەفەرن
ئێمە دیلی چاوەڕوانی
ئەوان خاوەنی سێدارەن
ئێمە گەردن
ئەوان خاوەنی مروارین
ئێمە برین
ئەوان خاوەنی کازیوە و
ڕۆژ و شەون
ئێمە پێستی زبر و ئێسقان
ئەوەی ئێمە
لەبەر خۆرەتاو دەیچێنین
ئەوان لەبەر سێبەر دەیخۆن
بەرۆکیان دەڵێی ئاوریشمە
سینگمان ڕەقوتەقە وەکوو
مەیدانی لە سێدارەدان
ماڵیان نوقمی شیرینییە
گەڵای ڕزیو
ماڵی ئێمەی داپۆشیوە
بەرکیان هەواری ئەدرەسی
ناپاکە و دز
گیرفانمان جێی ناونیشانی
هەورەبروسکە و ڕووبارە
ئەوان خاوەنی پەنجەرەن
ئێمە شەماڵ
ئەوان خاوەنی پاپۆڕن
ئێمە شەپۆل
ئەوان خاوەنی مەدالیان
ئێمە قوڕاو
ئەوان خاوەنی تەلار و
شوورەی بەرزن
ئێمە تیغی تیژ و گوریس
دە گیانەکەم
وەرە لەسەر پیادەڕێیە
تێر بخەوین
٢
ئەی زانایان
بلیتێکی
سەفەرم دەوێ بۆ ئاسمان
من نوێنەری
وڵاتە خەمگینەکەمم
من دەمڕاستی بێوەژن و
پیرەمێرد و منداڵانیم
چونکە دراوم فرمێسکە
بلیتێکی خۆڕاییم دەوێ بۆ ئاسمان
گەر جێ نییە
منی لادێیی ڕاهاتووم
لەدوای دواوە
یان لەسەر پشتی سوار دەبم
بەڵێن دەدەم
نە دڵی هەور دێشێنم
نە ئەستێرە ئازار دەدەم
من تەنیا هەر ئەوەم دەوێ
بگەمە قووڵاییی ئاسمان
قامچی بدەمە دەست خودا
بەڵکوو بۆ ڕابوون هانمان دا

