رۆژنامەی ھەولێر

دایکی ئازیزم!

د. نعمەت ئەحمەد مزووری

 

ناوی تو تەنها بیرەوەریەک نییە، بەڵکو ڕەگوڕیشەی تەواوی جوانیەکانی ڕۆحی منە. هەر هەنگاوێک کە ئەمڕۆ هەڵیدەگرم و بەرەو پێشەوە دەیهاوێژم، ئەنجامی خۆشەویستی و فیداکاریی تۆیە؛ بەرهەمی ئەو فرمێسکانەیە کە زۆر جار بە نهێنی بۆ جگەرگۆشەکانی خۆتت ڕشتووە. لەگەڵ فرمێسکە بەسۆزەکانی خۆت، دەستت بەرەو ئاسمان بەرز کردووەتەوە، لە خوای گەورە پاڕاویتەتەوە بۆ پاراستنی ڕۆڵەکانت. تەنها ئەتوو بووی کە پێش هەموو مرۆڤێک هەستت بە ئێش و ئازاری من دەکرد.

دایکی ئازیزم، فریشتەی خوشەویستم! من کە منداڵ بووم ئەترسای کە نەخۆش بکەوم یان خوانەکردان لە بەرزاییەکەوە بکەومە خواروەوە، جێگایەکم زامدار ببێت. کە تایەکم دەهاتێ ئەتوو لە جیاتی من دەلەرزای؛ پاڕانەوەی بەسۆزی تۆ منی پاراستووە. لە تەمەنی مێردمنداڵیمدا، هەر دڵەڕاوکەت هەبوو، نەکا تووشی کارەساتێک ببم. هەمیشە دڵ و هەست و هزر و بیرت لای من بووە.
گەورە بووم و، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٣، چەکی شەرەف و کوردایەتیم کردە شان و بە شانازییەوە بوومە پێشمەرگە؛ لەو کاتەوە هەتا ئێستایش، ئامادە بوومە گیانی خوم فیدای کوردستان بکەم. بە هەموو پێوەرێک خاکی کوردستان و وڵات دایکی دووهەممە؛ ئەو کاتیش دڵت دەلەرزا و دەترسای بریندار ببم یان شەهید بکەوم. چەندەها شەو بە برسیەتی، سەرت کردووەتە سەر سەرین، نووچێک بدەیت، بەڵام لە خەمی من و جگەرگۆشەکانی دیکەتدا، خەو لە چاوت تۆراوە؛ هەمیشە چاوەڕوان بووی کە بگەڕێمەوە باوەشت. ئەوەی ڕاستی بێت وەکو گەنجێک من زۆر ئاگاداری ئێش و ژانی تۆی ئازیز نەبووم. لەبەر دوو هۆ:

١. سروشتی گەنج وایە زۆر ئاگای لە هەست و سۆزی دایک نییە بەرامبەر جگەرگوشەکانی خۆی. نازانێ دڵیان دەسووتێت و، هەمیشە هزر و بیریان لای ڕوڵەکانیانە.
٢. لای من هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستنی وڵات ئەوەندە بەهێز بوو، وەکو پێویست ئاگام لێت نەبوو؛ وەها خەونم بە ئازادیی کوردستانەوە دەدیت، هەموو شتێکی ترم لەبیر کردبوو. لای من وا بوو، رزگاریی کوردستان و ئازادیی گەلی کورد لە هەموو شتێک گرنگترە، ئێستاش هەر وا بیر دەکەمەوە. ئەوەی لە منداڵییەوە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی هەڵبژارد، ئەرکێکی پیرۆز و ڕامانێکی زۆر جوان و گەورەی هەیە. هەمیشە گیان لەسەر دەست و ئامادەیە بمرێت بو ئەوەی میلەتی خوی بە ئازادی و ئارامی بژیێت.

دایکە ئازیزەکەم!
ئەگەر پێبکەنم زۆر جار گرنژین بەسەر لێومەوەیە؛ ئەگەر فێرە ئەدەب و ڕەوشتی بەرز بووبێتم، ئەگەر هەست بە هیوا و بەختەوەری دەکەم، ئەگەر وشەیەکی دادپەروەرانەم زانیبێ، هەرهەمووی لە قوتابخانە و پەروەردەی تۆوە دەستی پێ کردووە و فێری بوومە. ئەوەتانێ هێشتایش دەنگی لای‌لای مێهرەبانیت و، ئاموژگاریە جوانەکانت و، پاڕانەوەی سۆزداریت کارم تێ دەکات و، دڵنیا و ئارام بە هەر بەردەوام دەبێت.

دایکی ئازیزم!
هەرچەندە بە جەستە لای ئێمە نەماوی و، لەشت مێوانی خاکێکی ساردوسڕە کە مێواندارێکی نەرمونیان نییە، بەڵام من دڵنیام کە ڕۆحە شیرین و جوانەکەت لە بەهەشتی بەریندا شاد و دڵخۆشە؛ ئەمەش مایەی ئاسوودەییە بۆ دڵمان.

دایە گیان!
تۆ لە ناو دڵمدا زیندووی؛ شێرکۆ بێکەس گوتەنی: “لە گیانمدا ڕووباری، نەمردووی هەر ماوی تۆ”؛ ئەو ڕۆژەی منیش دەبمە مێوانی خاکی سارد، لە خوام داوایە پێک شاد ببینەوە.
بابەتەکەم بە ئایەتێکی قورئانی و فەرموودەیەکی نوورانی دەبڕێنمەوە:
خوا گیان دەفەرمێ: مرۆڤینە! ئامۆژگاریتان دەکەین، ئاگاتان لە دایک و باوکتان بێ؛ ئەو دایکەی بە دووگیانی هەڵیگرتبووی و دوو ساڵ شیری پێ دەدای و خۆی لاواز هەڵگەڕابوو؛ شوکرانەبژێری خوا گیان و دایک و باوکیشتان بن؛ ئاقیبەت هەرهەمووتان دەگەڕێنەوە بۆ لای خۆم. (١)
پێغەمبەر گیانیش دەیفەرموو: بەهەشت لە ژێر پێی دایکاندایە. (٢)

پەراوێز:
١.((وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَىٰ وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ)) ئایەتی چواردەی سوورەتی لوقمان
٢. (الجنة تحت أقدام الأمهات)