رۆژنامەی ھەولێر

بە فەرمی یانەی هەولێر بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوەی عێراق دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری دا جامی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، بەمەش یانەی هەولێر بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكی دەرەوەی عێراق بە رێژەی 100% مسۆگەر كرد. لە لایەكی دیكەیشەوە 3 یانەی كوردستانی مافی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا بەدەستهێنا.

جامی عێراق هەڵدەوەشێتەوە
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی هەولێر، جامی عێراقی ئەم وەرزە ناكرێت و پاڵەوانێتییەكە هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بڕیاربوو لە قۆناغی 16ـی پاڵەوانێتییەكە دهۆك و هەولێر رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.
هەفتەی رابردوو تیروپشكی قۆناغی 16ـی جامی عێراق راكێشرا و رووبەڕووبوونەوەی ئاگرینی لێكەوتەوە، بڕیار بوو دهۆك لە نێو یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر میوانداریی هەولێر بكات، زاخۆش لەو قۆناغەدا میوانداریی مینای دەكرد، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی ستافە نوێیەكەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە سەرۆكایەتی یوونس مەحموود بڕیار درا جامی عێراقی ئەم وەرزە هەڵبوەشێتەوە.
بەپێی ئەو تیروپشكەی لە سەردەمی ستافی عەدنان درجال كرا، بڕیار بوو یارییەكانی جامی عێراق لە رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دەستپێبكات، یارییەكانی قۆناغی پێشكۆتاییش دەكەوتە نێو یارییەكانی مۆندیالی 2026، بەڵام پاڵەوانێتییەكە هەڵدەوەشێتەوە و بڕیارەكەش لە سوودی یانەی هەولێرە، چونكە ئەو یانەیە بە فەرمی بەشداریی چامپیۆنزلیگی كەنداوی ساڵی داهاتوو دەكات، لە ئەگەری بەدەستهێنانی پلەی دووەمیش دەتوانێت بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیای دوو بكات.

8 یانەی عێراق مافی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتی ئاسیا بەدەستهێنا
بە فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەشت یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق هەڵكرد كە دەتوانن بۆ وەرزی داهاتوو بەشداریی لە پاڵەوانێتییە كیشوەرییەكان بكەن، لە نێویاندا 3 یانەی كوردستانی تێدایە.
عەمار عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری لێژنەی مۆڵەتدان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند لە ماوەكانی رابردوو چەندان یانەی عێراق فایلی بەشداریكردنییان بۆ پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی پێشكەش كرد بوو، لە نێویاندا هەشت یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراق مۆڵەتی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتی كیشوەری بۆ وەرزی 2026 ـ 2027 بەدەستهێنا.
لە ماوەكانی رابردوو لێژنەیەك كە لە ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا پێكهاتبوو، بە مەیدانی سەردانی ئەو یانانەیان كردبوو كە داوای مۆڵەتیان لە پاڵەوانێتییەكانی ئاسیا كرد بوو، لە نێویاندا ئەم یانانە رێككارەكانیان لەڕووی یاریگە و كێشەی گرێبەستی یاریزانان و راهێنەران تەواو بوو، بۆیە بە فەرمی دەتوانن بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عێراق بكەن، یانەكانیش پێكهاتوون لە (قوە جەوییە، شورتە، هەولێر، زەورا، گەرمە، زاخۆ، دهۆك و كارەبا، بەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراق هەشت یانە لە هەموو فلتەر و پێوەرەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دەردەچن.
دوای ئەوەی جامی عێراق هەڵوەشایەوە، یانەكانی دهۆك و زاخۆ، زەورا، گەرمە و كارەبا، هیچ هیوایەكیان نەما بۆ ئەوەی لە رێگەی جامی عێراقەوە بەشداریی پاڵەوانێتییەكی دەرەوە بكەن، وەرزی داهاتوو تەنیا یانەكانی قوە جەوییە، شورتە و هەولێر دەبنە نوێنەری عێراق لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە. یانەی هەولێر بە ڕێژەی 100% مافی بەشداریكردنی لە چامپیۆنزلیگی كەنداو مسۆگەر كرد.