ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
دوای 14 ساڵ دابڕان وەرزی داهاتوو نوێنەرێكی شاری كەركووك دەگەڕێتەوە خولی ئەستێرەكانی عێراق، بەمەش بۆ یەكەمجار لە مێژوودا پێنج یانەی كوردستانی بەشداریی لە گەورەترین خول لەسەر ئاستی عێراق دەكەن.
لە دوایین گەڕی خولی نایابی عێراق، یانەیەكی شاری كەركووك لەنێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار كرد بۆ وەرزی داهاتوو دەبێتە نوێنەرێكی دیكەی كوردستانی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق.
لە گەڕی 38ـی خولی نایابی عێراق، یانەی گازی باكوور لە نێو یاریگەی خۆی شكستی بە یانەی حوسێن هێنا و بە فەرمی پلەی دووەمی خولی نایابی عێراقی گرت و سەركەوتنی بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراقی وەرزی داهاتوو مسۆگەر كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی حدوود نەیتوانی راستەوخۆ بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق سەربكەوێت، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی ئەم وەرزە بەرامبەر یانەی حەشدی شەعبی تووشی شكستێكی جەرگبڕ بوو.
یانەی گازی باكوور ژمارەی خاڵەكانی لە پلەی دووەمی ریزبەندی گەیاندە 74 خاڵ، لە بەرامبەردا یانەی حدوود 69 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەم مایەوە بۆ گەیشتن بە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەچێتە قۆناغی پاشكۆ.
یانەی گازی باكوور دەبێتە نوێنەری شاری كەركووك و وەرزی داهاتوو بۆ یەكەمجار لە مێژوودا هاوشانی یانەكانی هەولێر، دهۆك، زاخۆ و نەورۆز بەشداریی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتووە، رەنگە گازی باكوور بۆ وەرزی داهاتوو تاوەكو یاریگەكەی بە تەواوەتی ئامادە دەبێت، یارییەكانی سەرەتای وەرز لە یاریگەی نەورۆزی شاری سلێمانی دەكات.

