مستەفا محمد مستەفا
مۆسیقا لە مێژوودا بەشێک بووە لە ژیانى مرۆڤ، وەک هونەرێک بەکارهاتووە بۆدەربڕینى هەست وسۆزو خۆشەویستى و بیروڕا و کێشە دەروونییەکان، هەروەها مێشک ئارام دەکاتەوە، لە چەند دەهەى ڕابروودا، توێژینەوە زانستییەکان سەڵماندویانە گوێ گرتن لە مۆسیقا ڕاستەوخۆ کاریگەرى هەیە لە سەرمێشک و کۆئەندامى دەمار. مۆسیقا دەتوانێت ڕۆڵێکى بەرچاو بگێرێت لە باشترکردنى نیشانەکانى نەخۆشییە دەروونییەکان.
• خەمۆکى (Depression).
لەم سەردەمەى ئێستادا، خەمۆکى یەکێکە لە باوترین نەخۆشییە دەروونییەکان لە جیهاندا، نیشانەکانى بریتین لە هەستکردن بە خەم وخەفەت و ڕەشبینى وبێ ئومێدى بێزاربوون لە ژیان، هەڵچوون و تووڕەبوونى بەردەوام، زۆربەى کەسەکان هەندێک کات هەست بە بێزارى و بێهێزى دەکەن بەهۆى کێشەکانى ژیان، یان لە دەستدانى کەسێکى نزیکى. لە ڵایەن کەسانى تووشبوو بە نەخۆشیى خەمۆکى ژیان بە رێکردن وبەسەربردن هیچ خۆشیى وبەهایەکى تێدا نامێنێت. توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە، مۆسیقا دەتوانێت ئاستى هۆڕمۆنەکانى فشارە دەروونییەکان وەکووکۆرتیزۆل کەم بکاتەوە، هۆڕمۆنى خۆشیى وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین زیاد بکات.
گوێ گرتن لە مۆسیقاى هێمن وخۆش، بەتایبەتى مۆسیقاى کلاسیک، دەتوانێت خەمۆکى کەم بکاتەوە و، وزە زیاد بکات و خەویش باشتربکات. هەروەها نووسینى گۆرانى یان ژەنینى ئامێرەکانى مۆسیقا، ڕێگایەکە بۆدەربڕینى هەستە ئاڵۆزەکان و کەمکردنەوەى هەستى تەنیایى.
• فشاردوایى ڕووداو(Post-traumatic stress disorder : PTSD).
ئەم نەخۆشییە لە دوایى ڕووداوى کارەساتبارتووشى مرۆڤ دەبێت، نیشانەکانى بریتین لە بەبیرهاتنەوەى ڕووداوەکە و، خەونى ناخۆش و، هەستکردن بە ترس و بێ ئارامى. لێردا مۆسیقا وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەى فشارى دەروونى ڕۆڵ دەبینێت، مۆسیقاى هێمن دەتوانێت کۆئەندامى دەمارچاڵاک بکات و بەرهەمهێنانى هۆڕمۆنى ئۆکسیتۆسین زیاد بکات و، هەستى ئاسوودەى و متمانە بەهێزدەکات. لە نەخۆشیى (PTSD) دانیشتن لەگەڵ مۆسیقادا لە چارەسەرى دەرووناسییدا یارمەتى نەخۆشەکە دەدات لە کاردانەوەى ترس و بەبیرهاتنەوەى ڕووداوەکانى ڕابردوو کەم دەکاتەوە.
• نەخۆشیى دڵەڕاوکێ (Anxiety disorder).
نیشانەکانى دڵەڕاوکێ بەشێوەى هەستکردن بە ترس و زیاد لێدانى دڵ و ئارەقەکردن دەردەکەوێت، مۆسیقا دەتوانیت وەک دەرمانێکى سرووشتی و بێ کاریگەرى ڵاوەکى کاربکات. گوێ گرتن لە مۆسیقاى (هێمن) بە تایبەتى لەکاتى هێرشى شەپۆڵەکانى دڵەڕاوکێدا، دەتوانێت لێدانى دڵ و پەستانى خوێن کەم بکاتەوە، ماسووڵکەکان هێوردەکاتەوە، هەستى پشوودان و ئاسودەیى دەبەخشێت بە کەسەکە.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان تێبینیان کردووە کە ئەو کەسانەى کە تووشى نەخۆشیى دڵەڕاوکێ بوونە، ڕۆژانە بۆماوەى (سیى) خوڵەک گوێیان لە مۆسیقاى هێمن دەگرت، دەرکەوت نیشانەکانیان تا ئاستێکى باش و بەرچاو کەمتربووەتەوە.
• شیزۆفرینیا (Schizophrenia).
شیزۆفرینیا نەخۆشییەکى قورس و درێژخایەنى دەروونییە، کارلە شێوازى بیرکردنەوە،و هەست و ڕەفتاردەکات. نیشانەکانى بریتین لە وەهم و خەێاڵ، و بێهێزى و کشانەوە لە کۆمەڵگا. مۆسیقا لەم نەخۆشییەدا وەکوو چارەسەرى پشتگیرى بەکاردێت.
توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە، گوێ گرتن لە مۆسیقا لەگەڵ چارەسەرى بە دەرمان، دەتوانێت نیشانەکانى وەهم وخەیاڵ کەم بکاتەوە. تێکەڵاوبوونى کۆمەڵایەتى زیاد بکات و، خۆڕاگرى نەخۆش لە ژیانى ڕۆژانەدا باشتربکات. ژەنیننى مۆسیقا یان بەژدارى کردن لە دەستەى مۆسیقادا بۆنەخۆشانى شیزۆفرینیا گرنگە، چونکە پەیوەندى کۆمەڵایەتى و ڕاهێنانى مێشک بەهێزدەکات.
• نەخۆشیى دووجەمسەرى (Bipolar).
ئەم نەخۆشییە بە مۆسیقاى ڕتمى خێرا و دەنگى بەرز بارودۆخى دەروونى نەخۆشەکە لە خەمۆکییەوە زیاتردەکات بۆ(هەلوەسە) مانیا (Mania)
مۆسیقا دەتوانیت ڕێکخستنى بارودۆخى دەروونى ئاسان بکات لە قۆناغەکانى خەمۆکیدا، مۆسیقاى وزە دار و خۆشحاڵ، دەتوانێت وزە و ورەى نەخۆشەکە بەرزبکاتەوە.
لە قۆناغەکانى مانیادا، مۆسیقاى هێمن دەتوانێت هەستى نا ئارامى و تووڕەیى کەم بکاتەوە. پێویستە چارەسەرى مۆسیقا لەم نەخۆشییەدا بە وریاییەوە لە ڵایەن کەسانى پسپۆربەڕێوە ببرێت، چوونکە مۆسیقا بە ڕتمى خێرا دەتوانێت شەپۆڵەکان لە دۆخى مانیادا زیاتر بکات.
مۆسیقا لە هەموو تەمەنەکاندا کاریگەریى خۆى هەیە. بەڵام لە تەمەنى منداڵان و کەسانى پێگەیشتوودا، ڕۆڵى تایبەتى هەیە. بۆمنداڵانى ئۆتیزم، مۆسیقا دەتوانێت پەیوەندى کۆمەڵایەتى و قسەکردنیان باشتر بکات. بۆ کەسانى هەرزەکارى خەمۆک، مۆسیقا وەکوو ڕێگایەکى سەڵامەتە بۆدەربڕێنى هەستەکان کاردەکات. بۆ کەسانى پێگەیشتوو و بەتەمەنەکان، مۆسیقا یادەوەرییە خۆشەکان دەهێنێتەوە یاد وهەستى تەنیایى کەم دەکاتەوە.
ئامادەکارى جەستەیى و دەروونى :
مۆسیقا کارلە کۆئەندامى دەماردەکات. کاتێک گوێ لە مۆسیقا دەگرین. ناوچەکانى مێشک وەک ناوچەى پاداشتى دۆپامین و، ئەمیگداڵا (بەرپرسیارە لە ترس)، هەروەها ناوچەى هایپۆکامپس (یادگاى مێشک چاڵاک دەکات).
گۆڕانکارییە خێراکانى ڕیتمى دەنگى مۆسیقا، دەتوانێت گاریگەرى ڕاستەوخۆى لەسەرهەناسەدانى خێرا،و لێدانى دڵ و چاڵاکى دروست بکات.
بۆنموونە: مۆسیقاى خێرا دەتوانێت هۆڕمۆنى هیماتۆکرین و وزەى کارەبایى مێشک زیاد بکات (Electroncephalography:EEG) ، لە کاتێکدا مۆسیقاى هێواش دەتوانێت مێشک بخاتە دۆخێکى هێمن وئارام.
چارەسەر بە مۆسیقا (Music therapy).
ئەم جۆرە چارەسەرییە لە ڵایەن پسپۆرێکى ڕاهێنراو بەڕیوە دەبرێت، کەسەکە بەژداردەبێت لە گوێ گرتن و ژەنین، نووسینى گۆڕانى یان جوڵە بە مۆسیقا. لە نەخۆشخانە دەروونییەکانى جیهاندا، چارەسەرى بە مۆسیقا بەشێکە لە بەرنامەى چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
لە هەندێک توێژینەوەدا، بەکارهێنانى مۆسیقا کاریگەرى هەبووە لەسەر کەمکردنەوەى خەمۆکى و دڵە ڕاوکێ لە نەخۆشخانەکاندا.
هەرچەندە مۆسیقا کاریگەریەکى ئەرێنى هەیە لەسەر مرۆڤ، بەڵام نابێت وەکوو جێگرەوەى دەرمان بەکاربهێنرێت بۆ دۆخە قورسەکانى نەخۆشییە دەروونییەکان، بۆیە پێویستە چارەسەر بە مۆسیقا لە ڵایەن کەسانى پسپۆربێت لە پاڵ چارەسەرى پزیشکى و دەروونناسیدا بەڕێوە بچێت، هەروەها هەمووجۆرە مۆسیقایەک کارناکات، مۆسیقا بە ڕتمى خێرا دەتوانێت نیشانەکانى لە هەندێک نەخۆشییە دەروونییەکان خراپتربکات.

