رۆژنامەی ھەولێر

زیانەکانی زیادبەكارهێنانی شاشە

ماكوان عیزەت -هەولێر

لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی ڕۆژانە، بەڵام تێپەڕاندنی سنوور، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر جەستە و مێشک دروست دەکات. دکتۆر بژار موسا، پزیشكی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو، تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری شاشەکان و ڕێژەی ڕێگەپێدراو بۆ گەنجان دیاری دەکات.

سنووری ڕێگەپێدراوی سەیرکردنی شاشە
دکتۆر بژار ڕوونی دەکاتەوە کە سەیرکردنی شاشەی مۆبایل، کۆمپیوتەر و ئایپاد بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبێتە هۆی چەندین بارودۆخی ناتەندروست. بەپێی زۆربەی توێژینەوە زانستییەکان، بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە (جگە لە کاتی کارکردنی فەرمی) بۆ ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بە ئاسایی و ڕێگەپێدراو دادەنرێت؛ تێپەڕاندنی ئەم ماوەیە بەکارهێنەر تووشی کێشەی تەندروستی دەکات.
ئەم پزیشکە پسپۆڕە کاریگەرییە زیانۆکەکان لە شەش خاڵی سەرەکیدا کورت دەکاتەوە:
1.تێکچوونی خەو: ناڕێکی لە شێواز و کوالیتی خەوتندا.
2.ئازار: پەیدایشتی ژانەسەر و چاوئێشەی بەردەوام.
3.هۆکارەیی (ئالوودەبوون): زیادبوونی خولیای بەکارهێنانی سۆشیال‌میدیا و بەرزبوونەوەی کاتی بەکارهێنانی ڕۆژانە.
4.کێشەی ئێسک و ماسوولکە: پەیدایشتی ئازار لە شانومل و، لاکەلاکە و پشتدا.
5.دابەزینی چالاکیی ژیری: کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان و چالاکییە وردەکانی مێشک (Cognitive Function).
6.تەمەڵداگەڕانی جەستە: کەمبوونەوەی جووڵە کە مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.

چۆن کاتی بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد کەم بکەینەوە؟
بۆ پاراستنی تەندروستی، دکتۆر بژار موسا چەند ئامۆژگارییەکی پراکتیکی ئاراستەی گەنجان دەکات:
•ڕاگرتنی نوتیفیکەیشن: کوژاندنەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەرنامەکان بۆ ئەوەی سەرنجت بۆ لای مۆبایلەکە ڕانەکێشرێت.
•دانانی سنووری کاتی: بەکارهێنانی تایبەتمەندیی دیاریکردنی کات (App Timer) بۆ هەر بەرنامەیەک لەناو مۆبایل یان ئایپاددا.
•خەوگە و ژووری نووستن بەبێ شاشە: نەهێنانی مۆبایل و ئایپاد بۆ ناو ژووری نووستن و، جێهێشتنیان لە دەرەوەی ژوورەکە، تاوەکو خەوێکی خۆش و بێوەی و بێمزەڕەتت هەبێت.