عومەر چنگیانی
هەینییەکەی ڕابردوو كە كردیە 1ـی ئایاری 2026 هاوكات بوو لەگەڵ ڕۆژی كڕێكاران لە جیهاندا، لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، دوو ناونیشان و سەردێڕی جوان خرایە بەردەم مامۆستایانی ئایینی تا لەڕێگای دوانگەی مزگەوتەكانی كوردستانەوە بیدەن بە گوێی دڵ و میشك و سینگی نوێژ خوێنە بەڕیزەكاندا، باسكردن لە چەمكی وەفاداری و ڕێزگرتنی ئیسلام لە كاركردن، كە ئێمەیش لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەكوبراوە هەردوو بابەتەكەمان كردە توێشووی دوگوتارەكەمان كە خەلەكی 343ی گوتارمان بوو لەسەر ئەو دوانگە پیرۆزە و لێرەدا پوختەیەكیان دەخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز.
چەمكی وەفا لە ئیسلامدا:
(خوای گەورە لە نەوەدویەكەمین ئایەتی سوورەتی (نەحل)دا ڕووی گوتاری دەكاتە مەردمیەل و دەفەرمێت: (بەئەمەك، وەفادار و جێبەجێكاری ئەو سۆزیانە بن كە بە خوای دەدەن، یاخود ئەو سۆزیانەی بە ناوی خواوە بە یەكدی دەیدەن، نەكەن پەیمانشكێن بن و پەیمان هەڵوەشێننەوە و تەفرەدەری یەكدی و ناپاكیكار بن).
چونكە ڕەوشتی وەفا بە یەکێک لە جوانترین و گەورەترین ئەخلاقەکان دادەنرێت لە ژیانی تاک و گەل و کۆمەڵگەکاندا و، تەنها ڕەوشتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ئەو کۆڵەکەیەیە کە توندوتۆڵی و ئاسایشی کۆمەڵگەی لەسەر بنیاد دەنرێت، ئاینی ئیسلام هاتووە تاوەکو گرنگی و فەزڵ و شوێنەواری ئەم خەسڵەتە لە ژیانماندا ڕوون بکاتەوە.
گرنگیی وەفا لە کۆمەڵگەدا
وەفا ئەوەیە کە مرۆڤ پابەند بێت بەو پەیمان و بەڵێن و ئەرکانەی کە لەسەریەتی، وەفا پێچەوانەی غەدر و خیانەت و سپڵەیی و بەدنمەکی و ناپاكییە.
خوای گەورە فەرمانی پێ کردووین بە وەفاکردن بە بەڵێنەکانمان و لە ئایەتی سیوچواری سوورەتی (ئیسرا)دا دەفەرمێت: (وەفا بكەن و بەو پەیمان و سۆزییانە كە بەر لە هەركەس بە خواتان داوە چونكە سۆزی و پەیمان، لێپێچانەوەی لەسەر دەكرێت).
تێبینی: ئەم ئایەتە ئاماژەیەكی وردی دوورە بەر لە هەر شت بۆ ئەو سۆزییەی خوا لە ئادەمیزادەكانی وەرگرتووە لە كاتی دروستكردنی یەكەم جاری بوونمان لە جیهانی ڕۆحدا؛ وەك لە ئایەتی 172ـی سوورەتی (الاعراف) باسی لێ دەكات.
پێغەمبەری خۆشەویستمان محەمەد دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت، دەفەرمێت: (ئەو كەسەی سۆزیشكێن بێت بڕوایشی نییە!) کەواتە ئیسلامەتی و چاکەی مرۆڤ تەواو نابێت، مەگەر بەوەی لە بەڵێنەکەیدا ڕاستگۆ بێت و وەفادار بێت بۆ پەیمانەکانی و دوور بێت لە سیفاتی دووڕووەکان.
گرنگیی وەفا وەک بەهایەکی بنەڕەتی لە ڕێکخستنی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی چاک لەم خاڵانەدا دەردەکەوێت:
1. بنیادنانی متمانەی دوولایەنە: وەفا تەنها دەستەبەری، گەرەنتییە بۆ بەردەوامی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مامەڵە داراییەکان؛ چونکە بەبێ وەفا گومان بڵاو دەبێتەوە و مافەکان دەفەوتێن.
2. سەقامگیریی گرێبەست و پەیمانەکان: ئەو کۆمەڵگەیەی تاکەکانی وەفادار بن بۆ بەڵێنەکانیان، کۆمەڵگەیەکی پارێزراوە لە کێشە و ململانێ یاساییەکان و، دادپەروەری و ڕێزی دوولایەنە لەنێوان کڕیار و فرۆشیار و، کرێکار و خاوەنکاردا دروست دەبێت.
3. بەدەستهێنانی بەرەکەت و چاکە: ڕاستگۆیی و وەفا لە مامەڵەکردندا دەرگاکانی ڕۆزی دەکاتەوە و بەرەکەت دەخاتە ناو ماڵی کەمیشەوە.
سوود و بەرهەمەکانی وەفا لە ژیاندا:
گەرچی لە ڕواڵەت و نوسین و دەربڕیندا وشەی وەفا وشەیەکی زۆر بچووکە، بەڵام چەندین مانای گەورە لەخۆ دەگرێت؛ وەفا خۆشەویستییەکی ڕاستگۆیانەیە لە هاوڕێوە بۆ هاوڕێکەی، لە مێردەوە بۆ ژنەکەی و بەپێچەوانەشەوە، لە دراوسێوە بۆ دراوسێ، لە فەرمانبەرەوە بۆ بەڕێوەبەرەکەی، لە قوتابییەوە بۆ مامۆستاکەی و، لە هاووڵاتییەوە بۆ نیشتمانەکەی. وەفا بۆ مسوڵمان دەبێتە مایەی سەرفرازیی قیامەت و، پلە و پایەی بەرز لە دنیادا، لە ڕێگەی:
1. وەفا لەگەڵ خودای گەورە: ئەمە گەورەترین جۆری وەفایە، ئەویش بە جێگیربوون لەسەر پەرستشەکان و پابەندبوون بە فەرمانەکانی ئایین و دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکان، وەک وەفایەک بۆ پەیمانی بەندایەتی بۆ خودا.
2. وەفا بۆ دایک و باوک و خاوەن فەزڵەکان: مسوڵمانی ڕاستەقینە ئەو کەسە لەبیر ناکات کە چاکەی لەگەڵ کردووە؛ وەفای بۆ دایک و باوکی بە چاکەکردن و دوعاکردن دەبێت، بۆ زانایان بە قەدرگرتنیان و، بۆ نیشتمان بە پاراستن و ئاوەدانکردنەوە و تێکنەدانی شوێنە گشتی و تایبەتەکان.
3. دوورکەوتنەوە لە سیفاتی مونافیقەکان: وەفا مسوڵمان دەپارێزێت لەوەی بکەوێتە ناو زۆنگاوی نیفاقەوە، چونکە پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، شکاندنی بەڵێنی بە خەسڵەتێکی مونافیقەکان داناوە و، وەفا ڕەنگی بڕواداری ڕاستگۆیە.
4. بەدەستهێنانی خۆشەویستیی خودا و خەڵک و پاداشتی قیامەت: کەسی وەفادار لای خوا و لای خەڵکیش خۆشەویستە و، پاداشتی گەورەی پێ شایانە.
گەرچی زۆر بە داخ و كەسەرەوە، كەوتووینەتە كات و زەمانێكەوە كە سەردەمی سپڵەیی و، کینە و دوژمنایەتی و ململانێکان زیادیان کردووە و خوێنی مسوڵمانان بە دەستی مسوڵمانان بە ناهەق دەڕژێت. بۆیە دەپرسین: کوا وەفای مسوڵمان بۆ مافەکانی برای مسوڵمانی؟ وەك درۆ لەگەڵ نەكردن و ئێرەپێ نەبردن و قین لێ نەبوون و، هتد.
بەشێك لە ناونیشانی دووەم؛ مافەکانی کرێکار:
هەروەکچۆن ئیسلام ئەرکی خستۆتە سەر کرێکار، چەندین مافیشی بۆ دابین کردووە تا کەرامەتی بپارێزێت و دادپەروەری بەرپا بکات:
1. شایستەیی و کرێی گونجاو: نابێ زڵمی لێ بکرێت یان مافی بخورێت.
2. هەقدەستی کرێکار، دەمودەست بدرێت و دوا نەخرێت: ڕێکەوتی ١/٥/١٨٨٦ـی زایینی زیاتر لە ٣٠٠هەزار كرێكار لە شاری شیكاگۆی ئەمریكا داوای دەستەبەربوونی مافەكانی خۆیان دەكرد و ڕووبەڕووی سزا و ئازاردان بوونەوە، كە ئەو ڕۆژە بەپیی ڕۆژژمێری ئیسلامی كردوویەتیە 27ی ڕەجەبی 1303؛ بەر لەو ڕێکەوتە بە زیاتر لە 1303 ساڵ پێغەمبەری ئێسلام محەمەد دروود و سەلامی خوای لەسەر، فەرموویەتی: (مافی كرێكارەكار بدەن بەر لەوەی ئارەقەی ناوچەوانیان وشك ببێتەوە) كە ئەمە زۆر مانا هەڵدەگرێت، ئیتر هەر لە عارەقی ناوچەوانی دەرەنجامی ماندووبوونەوە بگرە، تا دابینكردنی مافەكانیان.
3. پێنەسپاردنی کارێک کە لە توانایدا نییە: پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، دەفەرمێت: (نەكەن لە ژوور توانای خۆیانەوە داوای كارێك بكەن لە كرێكارەكان، گە ر واتان كرد خۆتان یارمەتییان بدەن). كە ئەمەش بانگەوازە بۆ بەزەیی و هاوکاری.
4. پاراستنی کەرامەت و ڕێزگرتن لێی: پێغەمبەری ئازیز دروود و سەلامی خوای لەسەر، دەفەرمێت: (كارگوزارەكان براتانن). بەمانا کرێکار ئامێر نییە تەنها بەکار بهێنرێت، بەڵکو مرۆڤە و کەرامەتی هەیە. پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لەسەر، جوانترین نموونەی لە ڕەحمەت و مامەڵەی چاک نیشان داوە.
بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە ئیسلام سیستەمێکی تەواوی بۆ کارکردن داناوە، کە هاوسەنگی لەنێوان ئەرک و مافەکاندا دروست دەکات بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی تێیدا سەروەر بێت.

