بەکر کەریم حەسەن
(ئەلبێرت ئەنیشتاین) زانای بەناوبانگی ئەڵمانی دەڵێ: “قووڵ سەیری سروشت بكە، ئەوكاتە لە هەموو شتێك باشتر تێدەگەیت”.
كە باسی ژینگە و ژینگەپارێزی و هاوڕێی ژینگە دەكەین. باسكردن نییە لە هەڵمەتێكی پاككردنەوەی سەرپێیی ڕۆژێك یان چەند ڕۆژێك یان بە پێگوتن و چاولێكردن شوێنەكان پاك بكەینەوە، بەڵكو دەمەوێ باسی زیندووكردنەوەی پەیوەندییەكی قووڵ و دێرین بكەم لە نێوان مرۆڤی كورد لەگەڵ نیشتمانەكەی، لەگەڵ خاكەكەی كە خوێنی بەخشیوە بۆ ئەوەی بە پاكی و پارێزراوی بیهێڵێتەوە. چ جای پاك ڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی دارودرەخت و گوڵ و گوڵزار و جوانی سروشتەكەی كە تەنها شتێكی ڕووكەش و ڕواڵەت نییە، بەڵكو بنەمای ژیان و شكۆی ناسنامەیە.
لێرەدا پەروەردە پێویستە ڕۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوە و داچەسپاو ببینێ، چونكە پەروەردە ناتوانێ مرۆڤێك بەرهەم بهێنێ كە دەستی میهرەبانی بۆ چڵی دارێك و گۆڵێكی جوان درێژ بكات ئەوا لە ئەركە بنەڕەتی و ڕاستەقینەی خۆی لایداوە. چونكە ئێمە دەمانەوێت لە پۆلەكانی خوێندن لە قوتابخانەكان تێگەیشتن و تێگەیاندنێكی نوێ بڕوێنین و بچینین كە قوتابی هەست بكات خۆی خاوەنی ژینگەیە، خۆی خاوەنی پۆل و قوتابخانەكەیە. قوتابییەك بەرهەم بهێنین ئەوپەڕی بڕوای تەواوی هەبێت کە خۆی خاوەنی ژینگەکەیە نەك (بەكارهێنەر).
بۆیە پێویستە هزرو و بیروباوەڕی قوتابی ژینگە یی بێت و هۆشیاری ژینگەیی لە مێشكی و بیروهزری قوتابی بڕوێنین ئەوكات نەمامەكان دەپارێزێ و دەیانڕوێنێ و بە پاك و خاوێنی دەیانپارێزێ و هەر ئەو قوتابیەی كە ژینگەی قوتابخانەكەی دەپارێزێ ژینگەی دەرەوەی قوتابخانەكەی كۆڵان و گەرەك و شەقام و بنار و كوێستان و ژینگەی گوند و شارەكەشی دەپارێزێ هاوشانی پاراستنی ماڵەكەی خۆی.
ئەو كات دەتوانین بڵێین توانیومانە پرۆسەی پێگەیاندن و تێگەیاندن گەیشتۆتە ئامانجی خۆی، ئەوكات دڵنیا دەبین نەوەیەك دروست بووە بێ ئەوەی پێی بگوترێت یان چاولێكەر و لاساییكەرەوە بێت، بەڵكو خۆی خاوەن و پارێزەری سروشتی كوردستانە. بۆیە گرینگە لە ناو قوتابخانەكان بە وانەی تیۆری و پراكتیكی ژینگەپارێزی و گرینگی هاوڕێتی ژینگە بۆ قوتابیان ڕوون بكەینەوە و بەردەوام جەخت بكەینەوە، كە ئەوە ماڵی ئەوانە دەبێ بە پاكی ڕابگیرێ و پیسی نەكەین و گەر پیس كرا خۆمان پاكی بكەینەوە، نەك چاوەڕێی خەڵكانی تر بكەین بۆ پاككردنەوەیان ئەوەش بەرپرسیاریەتی و خاوەنداریەتی لای قوتابی دروست دەكات.
لە بیرمان نەچێت كاتێك قوتابی دەبینێت بەرێوەبەر و مامۆستاكەی بەهەمان شێوە گرینگی دەدەن بە پاك و خاوێنی ژینگە و پاشماوەكان هەڵدەگرنەوە و فڕێیان نادەن، بە بایەخەوە ژینگە دەپارێزن ئەوا لای قوتابیش دەبێتە باوەڕ و كلتوور. بۆیە گرینگە ئەو جۆرە پاك ڕاگرتن و ژینگەپارێزی و ئەنجامدانی چالاكی ژینگەیی تەنها ڕۆژێك و دووان نەبێت لە بیری بكەین. پێویستە ئەو جۆرە چالاكی ژینگەییانە و ژینگەپارێزی ببێتە ڕۆتینی ڕۆژانە و هەفتانە تاوەكو ببێتە باوەڕێكی پتەو و بەشێك لە كارە سەرەكییەكان و ئەوكاتیش دەبێتە وانەیەكی سەرەكی و هەم چێژێك گەر هاتوو وەكو چالاكی و كێبڕكێ پیادەكرا بۆ پاككردنەوەی ژینگە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە وشیاركردنەوەی بەردەوام هەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەكە لە هەڵمەتێكی كاتی بگۆڕێت بۆ پرۆسەیەكی پەروەردەیی بەردەوام و هەمیشەیی، قوتابی لە بیری نەكات ژینگە وەكو تەواوكەری زمان و خاك وایە . ئەگەر نەیپارێزین ناسنامەمان دەشێوێت، ژینگە خودی نیشتمانە، نیشتمانیش ئەمانەتی نەوەكانە.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

