رۆژنامەی ھەولێر

لەیادی چلەی ژیانئاوایی نووسەر و سینەماکار (مەهدی ئومێد)ــــدا

ئــــاری ئـــــاغۆک

ئەو خەڵکە هەمووی لەتونێلێک دا ئاوارە دەبن، نەک بە فڕۆکە و شەمەندەفەر و پاس، هەمووان لە تونێلێک دان نازانن بەرەو کوێ دەچن؟! ئەنجام و کۆتاییان دیار نیە، لەوێ ئاهەنگ دەکەن بۆ منداڵان، لەوێ نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان دێ و لێیان تێک دەدا، لەوێ بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کۆمارێک دروست بکەن بۆ خۆیان، کۆمارێکی ئازادی لە ژێر زەمین و لە ئەشکەوت دا، ئەو خەڵکە دەڵێ ئەگەر ناتوانین لە سەر زەوی خۆمان دەوڵەتێک دروست بکەین، لێمان گەڕێن با لە ژێر زەمینەکەی خۆمان دروستی بکەین، بەداخەوە دەبوایە ئەم فیلمە هەموو کورد بیبینێ چونکە مێژووی کارەساتی گەلی کوردە لە ڕێگەی سینەماوە پێشکەش کراوە.
ئەم پێناسەیە، پەیڤ و پەیامی هونەرمەند و سینەماکار و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی( تونێل )، مەهدی ئومێدە.
کاتێ باسی مێژووی سینەمایی کوردی و باسی ( تونێل ) یەکێک لەبەرهەمە مێژووییەکانی سینەمای کوردی دەکەین، ئەوا ناو و شریتی زێرینی نەتەوەیی ( مەهدی ئومێد) دێتە بەرچاو و یادگەمان، چونکە ئەو لە چەندین هەوراز و نشێوی ژیان و تەمەنی دا هەوڵی دا سینەمای کوردی بگەیەنێتە هۆڵ و شاشەی هەموو جیهان، لەگەڵ ئەوەی وەک پێشمەرگەی دێرین و نووسەرێکی پڕ لە ووزە و دامەزرێنەری سینەمای هەرێمی کوردستان خەبات و مێژوو و ئەرشیفی دیار و بەرچاوە، وەک خاوەن چەندین بەرهەمی هونەریی جوان، توانی بوونی خۆی بسەڵمێنێ و داهێنان بکات.
بەڵام ئێمە لێرەدا لە چلەی ژیانئاوایی دا تەنیا ( تونێل ) مان کردۆتە مانشێتی ژیان و هونەر و مەرگی ئەو، چونکە وەک ئاماژەم پێ کرد ئیدی (تونێل ) بوو بە تایتلی مێژووی هونەری ئەم هونەرمەندە مەزنە.
لەم ڕوانگەیەوە هەمدیس وەک ( یاد و وەفا) لە چلەی ژیانئاوایی دا بە ڕیتمی وەفاداری یادی ئەم پیاوە خەمخۆرەی دنیای سینەمای کوردی دەکەینەوە.
کاتێ لە دەرەوەی وڵات گەڕایەوە و بڕیاری دا لە هەرێمی کوردستان خزمەت بکات، هەمووان دڵیان پێی خۆش بوو، چونکە لە کارو پڕۆژەکانی دا )خەون و خزمەت) ی لێ بەدی دەکرا. منیش وەک ڕۆژنامەنووسێک هەر زوو پەیوەندی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵ ( مەهدی ئومێد و هەنار خان ) ی هاوسەر دروست بوو، لەئەرشیفی ڕۆژنامەوانیم دا چەندین چاوپێکەوتن و دیمانە و گفتوگۆی هونەریم ئەرشیف کردوە ئەوانیش لە ( گۆڤاری نواڵەی نوێ، ڕۆژنامەی هونەرستان، ڕادیۆی ئاشتی).
لەم ماوانەی ڕابردووش بەنیازبووین دیدارێکی تەلەفزیۆنی لەسەر ژیان و بەرهەمی سازبکەین، بەڵام بەداخەوە ڕێک نەکەوت.
لێرەدا وەک وەفایەک بۆ ڕابردووی زێرینی ئەم هونەرمەندە، ئەوا بەشێک لە دیدار و گفتوگۆی هونەریی و ژیانی دەخەینە ڕوو، کە لەسەر زاری خۆی باسی ژیان و وێستگەی ژیان و تەمەن و هونەری دەکات، لە ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٠٨ڕۆژنامەی هونەرستان بەندە وەک سەرنووسەری ئەم ڕۆژنامەیە دیمانەیەکی فراوانم لەگەڵ ئەم دوو هونەرمەند و هاوسەرە سازداوە، لێرەدا بەشێک لەو گفتوگۆیانە لەگەڵ هونەرمەند (مەهدی ئومێد) دەخەینەڕوو.
*لەدایک بوون و ژیانی.
دەربارەی ژیان و لەدایکبوونی (مەهدی ئومێد) بەم جۆرە باسی کرد:
من لەدایکبووی سەر ڕووباری ڕووخانم ١٩٥٥ کە لەسەنتەری گەرمیانە، سەر بە شارۆچکەی قادر کەرەم، باپیرانمان لە ڕواندزەوە هاتوون، نەنکم کوردی تورکیایە بە شێوازی بادینی قسەی دەکرد، بەیەک گەیشتنی ئەمانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر لەگەڵ ڕوخانی میرنشینی پاشای کۆرە، ئەوا باپیرە گەورەم لە تەمەنی لاویەتی هاتوون بۆ کەرکوک لەگەڵ شێخەکانی قادر کەڕەم و شێخەکانی بەرزنجە تێکەڵاو بوون، کاتی خۆی باپیرە گەورەمان لەکەرکوک کارگەی شەکری داناوە، کە ئێستاش پێی دەڵێن ماڵی مام ئاغا.
سەبارەت بەخوێندن، من خوێندم لەکەرکوک تەواو کردوە، هەرچەندە دەشزانرا لە ڕواندزەوە هاتووین، بەڵام دەترسان لەوەی بەهۆی بارۆدۆخێکەوە هاتبووین بۆ کەرکوک، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا ئەگەر سەیرکەی لەدەرختی بنەماڵەکەمان کە بریتی یە لە ( مەهدی عەبدولڵا محەمەد ڕەسوڵ) کە کۆتاییەکەی ناوی ( ڕەسول ) ە، دەکاتە برای پاشای کۆرەی ڕەواندز، خەڵکی باس لەوە دەکەن باپیرە گەورەمان دەنگی زۆر خۆش بووە.
*منداڵی لە وێنەکێشانەوە بۆ سینەما
سەبارەت بە حەز و بەهرەی هونەریی و تەمەنی منداڵی، (مەهدی ئومێد) ئاماژەی بەوەکرد؛ لەسەرەتای منداڵی حەزی لە وێنەکێشان و دنیای فلچە و ڕەنگ کردوە، وێنەی کێشاوە، بەڵام سەیری کرد وێنە تێری ناکات، لە پاڵ ئەوە دەست دەکات بەچیڕۆک نووسین و شیعر و ڕۆمان، دواتر حەزی کرد گۆرانی بڵێت، پاشان چۆتە نێو دنیای شانۆ، چەند شانۆیەکی نووسیوە و دەرهێنانیشی بۆ کردوە، لە تافی لاوی حەزی لە جیهانی سینەما کردوە و بەردەوام سەیری فیلمی دەکرد، جگە لەوەش لە شۆڕش دا لە ساڵی (١٩٧٤-١٩٧٥) بێژەری ئێزگەی دەنگی کوردستان بووە لەگەڵ بارزان مەلا خالید.
*مام هەژار هاندەری مەهدی ئومێد بووە.
هەر لەو دیدارە تایبەتیەم لەگەڵ هونەرمەند (مەهدی ئومێد) لەدرێژەی بیرەوەریەکانی دا گووتی: یادی بەخێر مام هەژار منی زۆر خۆش دەویست و هاندەرم بوو بۆ نووسین و خوێندنەوە، من داوام لە ئەو کرد یارمەتیم بدات بچمە شوێنێک تا لە هونەری سینەما بخوێنم، بەڵام بەداخەوە ئەو کات شۆڕشی کورد ئەو کارەساتەی بەسەر داهات، هەر ئەو کاتیش بەرپرسی لقی ٣ خوالێخۆش بێ (سدیقە فەندی) ئەویش هەوڵی ئەوەی دا کە ئەم داوایەی ئێمە بگەیەنێتە بارزانی، بەڵام بارودۆخەکە ڕێگەی نەدا ئەم حەزەم جێ بە جێ ببێ، دواتر گەڕاینەوە ئێمە هەموو نەفی کراین بۆ باشوور ( دایکم و حەسەن گەرمیانی برام) نەفی کران بۆ کەربەلا، منیش نەفی کرام بۆ کوت، ماوەی چەند ساڵێک لەوێ مامەوە، لەساڵانی (١٩٧٩-١٩٨٠) گەڕامەوە بۆ شاری سلێمانی ئیتر کەوتمە خۆم کە پێویست بوو وڵات بە جێ بهێڵم، ئەوەبوو بەشی وێژەیی شەشی ئامادەییم تەواوکرد، ئینجا چوومە دەرەوەی وڵات.
*کەرکوک و شیعر و ئەدەب و هونەر.
سەبارەت بە دنیای نوسین و هونەر ( ئومێد) ئاماژەی بەوە کرد: ئەو ئینسانێکی بە جموجۆڵ بوە، سەرەتا بە شیعر دەستی پێکردوە لە تافی لاویەتی بەتایبەتی شیعری نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی نووسیوە، کاتی لە شیعرێک دا باس لە نەوت و زێری کەرکوک دەکات، دوای خوێندنەوەی لە کۆڕێکی شیعری، ئەوا جەماوەر زۆر بە دڵیان بوو.
لەبواری هونەریش دا شاری کەرکوک لەساڵانی حەفتاکان بزووتنەوەیەکی هونەری لێ دروست ببوو، ئەو کات ماڵمان لە شاری سلێمانی بوو، بەڵام من لە کەرکوک دەژیام، لەبارەگای لاوان شەوەکانی تەمەنم بەڕێ دەکرد، ئەو کات بوون و بیرکردنەوەمان بریتی بوو لە گەڕان بەدوای خۆ دۆزینەوە، گەڕان بوو بەدوای ناسنامەی هونەری ڕاستەقینە، بۆیە لەدوای ئەوەی چەند کارێکی شانۆییم کرد، تا بەم دواییەش شانۆنامەیەکی من بە ناوی ( بوکی بەفر) لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری ( بانە) نمایش کرا، بەڵام دواجار من خۆم لە دنیای سینەما دۆزیەوە.
*برایانی نومێر و ناسنامەی سینەمای کوردی.
بۆ قسەکردن دەربارەی سینەما و گەڕانەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر،( برایانی نومێر) لە فەرەنسا لە ڕێگەی چەند کورتە فیلمێک سینەمایان داهێنا، پاشان تورکیا و ئینجا ڕوسیا و … ووڵاتانی تر، ئەمە گفتوگۆی نێوان من و مەهدی ئومێد بوو دەربارەی مێژووی سینەمای کوردی، بۆچوونی ( ئومێد) ی هونەرمەند بەم شێوەیە بوو؛
هەموو پیشەسازیەکی پێشکەوتوو لە پێناو سەربازی دا هاتۆتە کایەوە، ( برایانی نومێر) کامیرایەکی سینەماییان دروست کرد، چونکە خۆیان کارگەی کامیڕا یان هەبوو، هەر لەو کاتە تورک توانی سود لە کامیرا وەربگرێ بۆ پیشاندانی کاروباری سەربازی، دواتر ئەوڕوپای گرتەوە، سەبارەت بە ( کورد) یش لێرەدا کەمتەرخەمی و تەمبەڵی و بەستەزمانی میللەتی کورد وای لێ کردوین کە دەست نەبەین بۆ شتی باش، بۆ نموونە وەزعی ئەرمەنیەکان زۆر لە ئێمە باشتر نەبوو، کەچی چەندەها فیلمی دیکۆمێنتی دەربارەی کوشتاری ئەرمەن خۆیان وێنەیان گرتووە، بەڵام بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە دەست بۆ کامیرا ببەین، پاشان ئەرمەنیەکان دوای ساڵی بیستەکان خۆیان چەند فیلمێکیان بە کوردی دروست کردوە، وەک فیلمی ( زارێ و لە ژێر دەسەڵاتی کوردان) لەگەڵ چەند فیلمێکی تر، بەڵام ئێمە دراوسێی یەکین و پێکەوە دەژیاین کەچی بێ خەم بووین!. بۆیە دەڵێم کورد نەک دەستی بۆ کامیرای سینەما نەبردوە، دەستی بۆ کامیرای ئاسایش نەبردوە، ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر داهات نەیتوانی شتێک بەشتێک بکات، کەواتە ئێمە ئەرشیفێکی هەژارمان هەیە، کەچی میللەتی وەک ئاشور خاوەن ئەرشیفێکی گەورەن، بۆیە کە دەڵێین سینەمای کوردیمان هەیە؟ یا نییە؟ ئەمە وەک ئەوە وایە ئایا دەوڵەتی کوردیمان هەیە، یا نییە؟!
*داهێنان لای مەهدی ئومێد.
سەبارەت بە داهێنان و ئەفراندن ئەم هونەرمەندە سینەماکارە ڕوانینی وابوو گەر کارێک لاسایی کردنەوەی سەقەت نەبێت، ئەوا لەفۆڕمی داهێنان خۆی دەدۆزێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو داهێنانێک لە ژێر کاریگەری پێشووی خۆیەوە دێتە کایەوە، لە هەموو سەردەمێک دا هونەر خۆی دەگۆڕێت بۆ فۆڕمێکی نوێ، بۆیە ئێمە داهێنانمان نابێت ئەگەر بەرپرسەکانمان هونەرمەند نەبن، ئەگەر وەزیرەکانمان چاوێکی هونەرییان نەبێت، ئەگەر ئەوان خەمی سینەمایان نەبێت، ئێمە ناتوانین ئەفراندن بکەین.
*ئومێدی ئومێد مەهدی.
دەربارەی ئومێد و پاشگری ئومێد و خەونی ئومێد مەهدی، ئەو بەم چەند دێرە وەڵامی دایەوە؛ ئومێدم لەوەوە هاتوە، کە ئومێدم بە ژیان هەیە و بتوانم پردی ئومێد دروست بکەم، منیش وەک زۆربەی ئەو کەسانە سەرەتا شەرمم هەبوە لەئیشکردنی هونەری، بەڵام شەرمم وەلاوە ناوە بە بێ ترس و گومانەوە هاتمە نێو ئەم جیهانە، بۆیە خەون و ئومێدی گەورەم سەربەخۆیی نیشتیمان و ناساندنی بەرهەم و کاری هونەرییە بە هەموو دنیا.
* لە تونێڵی ژیان و هونەرەوە بۆ تونێڵی مەرگ.
دوای ٧١ ساڵ تەمەن، نووسەر و هونەرمەند و پێشمەرگە و دامەزرێنەی هونەری سینەما لە هەرێمی کوردستان ( مەهدی ئومێد) لە ڕێکەوتی ٢٨-٣-٢٠٢٦ لە تونێلی ژیان و هونەرەوە بۆ تۆنێلی مەرگ ژیانئاوایی کرد، بەڵام سەرجەم کارە هونەریەکانی بەگشتی لە یادگای هەموومان دەمێنێەوە، بەتایبەتی فیلمی سینەمایی ( تونێل ) کە بوو بە ئەرشیف و مێژووی زێرینی هونەر و نەتەوەیی ئەم هونەرمەندە مەزنە، لەگەڵ ئەوەی لە ئاسمانی هونەر و سینەمای کوردیدا چرا یەکی ڕوناک کوژایەوە، بەڵام تیشکی بەرهەمەکانی هەمیشە بە ڕووناکیەوە پرشنگ دەداتەوە، لە چلەی ژیانئاوایی دا چل گوڵی وەفا بۆ گلکۆی، ڕۆحی شاد.