رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر دوو باند دەستگیركران كە هەڕەشەیان لە ئافرەتان دەكرد

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی دوو باندی مەترسیدار رادەگەیەنێت كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی سەدان ئافرەتیان فڕیوداوە و دواتریش لەژێر فشاری هەڕەشە و ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەی وێنەكانیان، زێڕ و پارەیەكی زۆریان لێ سەندوون.

پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت: دوو باندی مەترسیداری پەیوەست بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیركران کە کاریان خەڵاتاندن و فریودانی سەدان ئافرەت بووە، پاشان لەژێر فشاری هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و نهێنییەکانیان، زێڕ و پارەیەکی زۆریان لێ سەندوون.

باندی یەکەم پێکهاتووە لە دوو کەس بە ناوەکانی (سوهەیب لەزگین ئەحمەد) لەدایکبووی ساڵی 1996 و (باوەڕ شێرزاد حەمەئەمین) لەدایکبووی ساڵی 2004 و دانیشتووی شاری سۆران.

باندی دووەم پێکهاتووە لە سێ کەس بە ناوەکانی (سامان سەعدوڵا حەمەد مستەفا) لەدایکبووی 1993 دانیشتووی قەزا کۆیە و (مزەفەر محەممەد عەزیز) لەدایکبووی ساڵی 1985 دانیشتووی شاری هەولێر و (پاڤێڵ جەبار ئەحمەد عەبدوڵا) لەدایکبووی ساڵی 1994 دانیشتووی شاری سۆران.

پۆلیسی هەولێر داواشی لە هاووڵاتییان كرد لە هەر بارودۆخێکدا دووچاری هەر هەڕەشە و مەترسییەک بوونەوە لەلایەن ئەو جۆرە گرووپ و کەسانەوە، ڕاستەوخۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئاگادار بکەنەوە.

هەروەها هۆشداریشی دایە هەر کەس و گرووپێک کە خۆیان بەدوور بگرن لە فریودان و هەڕەشەکردن، جەختیشی كردەوە كە سەروماڵی هاووڵاتییان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێناکرێت، بەپێچەوانەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزادەدرێن