رۆژنامەی ھەولێر

جەهەپە پڕۆژەیەك بۆ چارەسەری پرسی كورد ئامادە دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، بۆی دەركەوت بەتەنیا ناتوانێت رووبەڕووی پارتی دەسەڵات ببێتەوە، لە بەرامبەر ئەو فشارەی لە سەریەتی، بۆیە هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە تا بتوانن بەرەیەكی گەورەی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن و ناوی لێ بنێن بەرەی دیموكراتی.

ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، بە سەرۆكایەتی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، هەموو سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە و سەرۆك لقەكان و پەرلەمانتارەكانیان، لە ٥ی ٥ی ٢٠٢٦ دا، دەبێت بڕژێنە سەر شەقام و رووبەڕوو لەگەڵ دەنگدەر قسە بكەن. جیا لەوەش هەر بە سەرۆكایەتی ئۆزگوور ئۆزەل، سەردانی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكەن و داوا دەكەن بەرەیەكی گەورەی ئۆپۆزسیۆن دژی دەسەڵات دروست بكەن.
جەهەپە، فشارێكی زۆر گەورەی لەسەرە، تاوەكوو ئێستا ٢٠ سەرۆكشارەوانییان لێ دەستگیر كراوە، ئەوەی بووەتە مایەی مەترسی بۆ سەر ئەو پارتە، كردنەوەی دۆسیەی گەندەڵییە لەسەر مەنسوور یاڤاش، سەرۆكشارەوانیی ئەنكەرا، بۆیە دەیەوێت لەگەڵ هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكاندا بەرەیەكی گەورە پێك بهێنێت و فشارەكانی دەسەڵات شكست پێ بهێنێت.
لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ٢٠٢٣، ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرت بوو، كە ئەوكات پێیان دەگوتن (شەش‌مێزەكەی ئۆپۆزسیۆن)، بەڵام دوای ئەوەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەر نەكەوت و شكستی هێنا، هەرزوو مارال ئاكشەنەر، سەرۆكی ئەوكات پارتی خاس، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كشانەوەی خۆی لە شەش‌مێزەكە راگەیاند، بۆیە هاوپەیمانییەتییەكە شكستی هێنا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پەرت بوون.
جەهەپە، هەوڵی جیدی دەدات، ئەو مێزە دروست بكاتەوە تا ئەمجارەیان بەهێزتر دەركەونەوە و بتوانن كاریگەرییان هەبێت.
یەكێك لەو پرسانەی ئۆزگوور ئۆزەل، دەیەوێت لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان باسی بكات، بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، چونكە ئەگەر پارتەكانی تری ئۆپۆزسیۆن پشتگیریی نەكەن ناتوانێت ئەو پرسە بهێنێتە بەرباس، بۆیە دەیەوێت بەرای گشتی توركیا بڵێت، ئێمە وەكوو ئۆپۆزسیۆن یەك بەرەین و دەتوانین دەسەڵات بگرینە دەست.
هەرچەندی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرت بێت و دژایەتی یەكتری بكەن، لەبەرژەوەندی ئاكەپە و مەهەپەیە، بۆیە ئۆزگوور ئۆزەل پێی وایە، بەرەیەكی گەورەی ئۆپۆزسیۆن، رێگری دەكات لەوەی هیچیتر حكوومەت نەتوانێت سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە دەستگیر بكات.
پرسی كورد دەبێتە بابەتێكی گرنگی ئەو بەرەیەی ئەگەر هەیە دروست ببێت، چونكە ئۆزگوور ئۆزەل بەڕوونی باسی لەوە كرد، ئەوان پڕۆژەیەكی تایبەتیان بۆ پرسی كورد دەبێت و بەگوێرەی زانیارییەكان، لەرێگەی ئەو بەرە ئۆپۆزسیۆنەی دەیەوێت دروستی بكات، باس لە پرسی كورد دەكەن و بۆچوونی ئەو پارتانەش وەردەگیرێت، بەوەی چۆن بتوانن پڕۆژەیەكی گشتگیر لەبارەی پرسی كورد لە توركیا بخەنە بەرباس.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، دەم پارتی چۆن پێشوازی لەو بەرەیە دەكات كە جەهەپە دەیەوێت دروستی بكات، چونكە دەم پارتی لە ئاكەپە و مەهەپەوە نزیكە، ئەویش بەهۆی بوونی پرسی چارەسەری و هەروەها دەرچوونی یاسای تایبەت بەو پرسە.
عەبدوڵا ئۆجەلانیش، بە نهێنی بە شاندی ئیمرالی گوتووە، پێویستە لەم ساتە مێژووییەدا پشتگیری لە مانەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بكەن، بۆیە ئەگەر زۆرە لەناو ئەو بەرەیەدا دەم پارتی تێدا نەبێت، ئەگەر دەم پارتی تێدا نەبێت، ئەو بەرەیە گەورە نابێت و كاریگەریی جیدی لەسەر رای گشتی نابێت، چونكە دەم پارتی سێیەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا و خاوەنی ٥٩ كورسییە لە پەرلەمانی توركیادا.