رۆژنامەی ھەولێر

شاخەوان کەرکووکی (تۆراوە دڵی من)ی بڵاوکردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

شاخەوان کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی لەژێر ناوی (تۆراوە دڵی من)، لە چەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆی بڵاوکردەوە.

شاخەوان کەرکووکی، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی گوتی: ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای هەڵبژاردەیەک لە شیعری شاعیرانی گەورەی کوردی وەکوو نالی و بێخود دامەزراوە. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لە مەقامی نەهاوند ئامادەکراوە، کە یەکێکە لە مەقامە ناسراوەکانی مۆسیقا و هەستێکی قوڵ و کاریگەر دەگەیەنێت.
شاخەوان کەرکووکی گوتیشی: ئەم بەرهەمە کاری تۆمارکردنی دەنگ لە ستۆدیۆ کاروان ئەنجامدراوە، هەروەها میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن کاروان تەیفور بۆی کراوە و بە شێوەیەکی هونەری تێیدا بەکارهاتووە. لە هەمان کاتدا، کلیپ و مونتاژی بەرهەمەکەش هەر لەلایەن کاروان تەیفور ئەنجامدراوە.”
ئەو هونەرمەندە باس لە ستایلی گۆرانییە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت: ستایلی ئەم بەرهەمە جیاوازە لە کارەکانی پێشووم، چوونکە زیاتر سوودم لە شیعری کلاسیکی کوردی وەرگرتووە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ گرێدانی مۆسیقای نوێ بە میراتی ئەدەبی کوردی و پێشکەشکردنی بە شێوازێکی تازە بۆ گوێگر. هیوادارم ئەم بەرهەمە نوێیەم بەدڵی هەموو هەوادارە ئازیزەکانم بێت.”
شاخەوان کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری کەرکووکە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.