شێرکۆ حەبیب
هەڵمەتی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لایەن هەندێ شۆفینییەکان بە هاوکاریی هەندێ لایەنی کوردی کە بوونە کەوا سووری بەر لەشکر، چڕ بووەتەوە. هەڵمەتێک کە هەندێک جار لە چوارچێوەی ڕەخنەی سیاسی دەردەچێت و دەگاتە ئاستی هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەزموونی سیاسیی کوردستان و کەمکردنەوەی پێگەی ئەو هێزەی کە بەشێکی گرنگی مێژووی خەباتی سیاسیی کوردی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیارە، ئەوەیە: بۆچی هەندێک کەس، لەبری ئەوەی هێز و توانای خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان و پشتیوانی مافە ڕەواکان بەکاربهێنن، هەموو هەوڵیان بۆ دژایەتیی پارتی و لاوازکردنی پێگەی سیاسیی ئەو حزبە تەرخان دەکەن؟ بۆچی لە هەندێک هەڵوێستدا، سنووری نێوان ناکۆکیی حزبی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەبەرچاو ناگیرێت؟ ئایا ناکۆکی لەگەڵ حزبێک دەبێتە پاساو بۆ ئەوەی کەسێک، بە ئاگایی یان بەبێ ئاگایی، هەمان پەیامی ئەو لایەنانە دووبارە بکاتەوە کە لەگەڵ داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد ناکۆکن؟
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا بە دروشم دروست نەبووە، بەڵکو بە خەبات و قوربانی و تێکۆشان، بۆیە بە هەڵمەتی ترسنۆکی میدیایی لەناو ناچێت، حزبێک مێژوویەکی درێژی خەبات، قوربانی و بەشداریی سیاسیی و سەروەری هەبێت، خاوەن رێبازی بارزانی و سەرۆک بارزانی بێت، هەردەم بەردەوام دەبێت لەسەر هەمان رێچکە. ڕەخنەی لێ بگرن، لە بڕیارەکانی بپرسنەوە، لە حکوومەت داوای بەرپرسیاریەتی بکەن، ئەمانە هەمووی ماف و بنەمای ژیانی دیموکراتیین، بەڵام ئەوەی قبوڵ ناکرێت، ئەوەیە ناکۆکیی حزبی یا تێروانینی جیاواز بگۆڕدرێت بۆ هەوڵێکی بەردەوام بۆ لاوازکردنی ئەزموونی کوردستان و پێشخستنی هەڵوێستەکانی ئەو لایەنانەی کە لەگەڵ مافەکانی کوردستان ناکۆکن.
ڕەخنە لە پارتی مافە و ئاساییە، بەڵام بەکارهێنانی ناکۆکیی حزبی بۆ زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی کوردستان، پرسیارێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەییە.
ئەو کوردەی دەنگی نەیارانی کوردستان دووبارە دەکاتەوە، دەبێت لە هەڵوێستی خۆی بپرسێتەوە
کەسانێک یا لایانێک ئەگەر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ناکۆک بن، هیچ کێشەیەک نییە ئەمە مافێکی سیاسییە، بەڵام کاتێک ناکۆکیی حزبی دەبێتە هۆکاری پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییەکان، کاتێک هەندێک کەس لەبری ئەوەی بەڵگە و بەرنامە پێشکەش بکەن، تەنها هەمان تۆمەت و پڕوپاگەندەی نەیارانی کوردستان دووبارە دەکەنەوە، ئەوا پێویستە پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیان بکەنەوە ، نەبنە زووڕنا ژەنی نەیاران.
کوردایەتی بە ناو و دروشم ناپێورێت، بە هەڵوێست و کردار لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەردەکەوێت. ناتوانرێت لە ڕۆژێکدا بە دروشمی نەتەوەیی شانازی بە کوردبوونەوە بکرێت، لە ڕۆژێکی دیکەشدا بەهۆی ناکۆکییەکی حزبی، بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان لەبیر بکرێت. هەستی نەتەوەیی کاتێک مانای خۆی دەپارێزێت کە لە کاتی ناکۆکیدا بە هەڵوێستی بەرپرسانە دەربکەوێت، نەک تەنها کاتێک قازانجی حزبی و کەسی لەگەڵیدا یەکدەگرێتەوە.
ئەگەر کەسێک پێی وایە پارتی هەڵەی کردووە، با بە بەڵگە هەڵەکە دیاری بکات و چارەسەر پێشکەش بکات. ئەگەر بەرنامەیەکی باشتری هەیە، با بیخاتە بەردەم خەڵک. ئەگەر لە حکوومەت ڕازی نییە، با لە ڕێگای دیموکراتی داوای گۆڕانکاری بکات. بەڵام ئەگەر هەموو توانای سیاسیی کەسێک تەنها لە دژایەتیی پارتی کورت بکرێتەوە، ئەوا پرسیارەکە ئەوەیە: بەرنامەی ئەو بۆ کوردستان چییە؟ چۆن دەیەوێت مافەکانی کورد بپارێزێت؟ چارەسەری بۆ کێشەکانی خەڵک چییە؟ دژایەتیی پارتی بە تەنها بەرنامەی سیاسی نییە، هەروەها دووبارەکردنەوەی پڕوپاگەندەی نەیارانیش بەڵگەی کوردایەتی نییە.
ناسنامەیەک کە بە پڕوپاگەندە ناسڕدرێتەوە
کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ناسنامە و مافەکانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان، لە زاخۆ تا خانەقین، دەکاتەوە، ئەمە بە مانای بانگەشە بۆ دابڕان لە عێراق نییە. ئەوە باسکردنە لە مێژوو، ناسنامە و مافە نەتەوەییەکان، لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی و پابەند بە دەستووردا.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم هێشتا چارەسەر نەکراوە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەشێکی گرنگی ئەو پرۆسەیەیە. بۆیە ناتوانرێت ماف و داواکارییەکانی کورد بە دروشمی سیاسی لاببرێن، یان هەر کەسێک باس لە ناسنامەی کوردستانیی ئەو ناوچانە بکات، بە هەوڵی دابڕان لە عێراق تۆمەتبار بکرێت.
ئەو کەسانەی بە ناوی کوردەوە، بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافە نەتەوەییەکان، هەمان هەڵوێستی ئەو لایەنانە دووبارە دەکەنەوە کە داواکارییەکانی کورد پشتگوێ دەخەن، دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: ئەگەر مافی ئەو ناوچانە بە دەستوور و ڕێگای دیموکراتی چارەسەر نەکرێت، ئەوان چی پێشنیار دەکەن؟ بەردەوامبوونی دواکەوتن؟ یان سڕینەوەی پرسی کورد لە گفتوگۆی سیاسی؟
ناکۆکیی حزبی نابێت ببێتە چەک دژی مافە نەتەوەییەکان
ئەزموونی هەرێمی کوردستان بە هەموو سەرکەوتن و کەموکوڕییەکانییەوە، بەشێکە لە مێژووی سیاسیی گەلی کورد. پاراستنی ئەم ئەزموونەش تەنها ئەرکی پارتی نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو ئەو لایەنانەیە کە باوەڕیان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد هەیە. ئەگەر ناکۆکییەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و ڕکابەریی دیموکراتی چارەسەر نەکرێن و ببنە هۆی لاوازکردنی بنەماکانی ئەم ئەزموونە، زیانەکە تەنها ناگاتە حزبێک، بەڵکو دەگاتە کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان.
لەبەر ئەوە، پێویستە جیاوازییەکە بە ڕوونی بزانین: ڕەخنە لە پارتی شتێکە، و بەکارهێنانی هەموو ناکۆکییەکان بۆ لاوازکردنی مافەکانی کوردستان شتێکی دیکەیە. یەکەم مافێکی دیموکراتییە، دووەم پێویستی بە ڕوونکردنەوەی سیاسی و بەرپرسیاریەتی هەیە.
مێژوو هەڵوێستەکان تۆمار دەکات
ئەوانەی ئەمڕۆ بە هەڵمەتی میدیایی و پڕوپاگەندە هەوڵ دەدەن پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لاواز بکەن و ئەزموونی هەرێمی کوردستان بخەنە ژێر پرسیار، دەبێت بزانن کە مێژووی گەلێک بە ئارەزووی تاک و لایەنێک ناسڕدرێتەوە. هەر کەسێک بەرنامەیەکی سیاسیی هەیە، با بیخاتە بەردەم خەڵک، هەر کەسێک ڕەخنەی هەیە، با بە بەڵگە بیسەلمێنێت، و هەر کەسێک داوای گۆڕانکاری دەکات، با ڕێگایەکی ڕوون بۆ چارەسەر پێشکەش بکات.
بەڵام هیچ کەسێک نابێت چاوەڕێی ئەوە بێت کە خەڵکی کوردستان، بەهۆی ناکۆکییە حزبییەکانەوە، ماف و ناسنامەی خۆیان لەبیر بکەن. گەلی کورد مێژووی خەباتی خۆی هەیە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەهای گران بۆ مافەکانی داوە. ئەو مێژووەش پێویستی بە پاراستن، هۆشیاری و بەرپرسیاریەتی هەیە، نەک بە هەڵمەتێک کە تەنها ئامانجی لاوازکردنی بەرامبەری سیاسی بێت.
ئەو کوردەی کە بەهۆی ناکۆکیی حزبی، بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەبیر دەکات، پێویستە جارێکی تر بە هەڵوێستی خۆی دابچێتەوە، ئەوەی کوردایەتی بە دروشم دەکات، دەبێ بە کردار دەبێت بیسەلمێنێت نەک دروشم.
لە کۆتاییدا، پەیامەکە ڕوونە: ناکۆکیی سیاسی بەردەوام دەبێت، ڕەخنەش بەردەوام دەبێت، بەڵام مافە نەتەوەییەکانی کورد نابێت ببنە قوربانیی هیچ ناکۆکییەک. پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ڕەخنەی بەرپرسانە و ڕکابەریی دیموکراتی هەڵسەنگێنرێت، نەک بە پڕوپاگەندە و هەڵمەتی بێ بنەما.
هەوڵە پووچەڵەکان بەردەوام بن، خەونەکانیان هەر بە خەون دەمێننەوە، چونکە چارەنووسی کوردستان بە ئارەزووی نەیاران دیاری ناکرێت. ئەوانەی پێیان وایە بە دژایەتیی پارتی دەتوانن مێژووی کوردستان بگۆڕن، دەبێت بزانن کە مێژوو بە هەڵمەت نانووسرێتەوە و مافی گەلێک بە پڕوپاگەندە ناسڕدرێتەوە.

