ئیبڕاهیم مەلازادە
بەشی یەکەم
“پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی مرۆڤەکان، کە لەکۆتاییشدا “دەبێتە هۆی تێکەڵبوونێکی گەورەتر و پێکەوە پەیوەستبوونێکی قووڵتر لە نێوان مرۆڤەکاندا”
لە دووتوێی سەرقاڵبوون بە خوێندنەوەی ئاگامبین، بەسەر کۆمەڵێک چەمک و بەراوردکاریدا کەوتم، کە پەیوەندی بە واقیعی ئەمڕۆی کورد و دونیاوە هەبێت، لەو چەمکانەش ژیان، مرۆڤ، سەروەری و مرۆڤی ڕووت. لەو کورتە بابەتەدا بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەو چەمکانە بوەستم و بیانبەستمەوە بە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤی کورد وەکو مرۆڤێکی بێ سەروەری، بەدەر لە توانای سیاسەتکردن و مرۆڤێکی بێ دەوڵەت.
ئاگامبین، لە پێشەکی کتێبەکەیدا لە پەیوەندی بە مرۆڤی هاوچەرخەوە ئاماژە بە ڕستەیەکی فۆکۆ دەکات و دەڵێت “مرۆڤی هاوچەرخ ئاژەڵێکە، سیاسەتەکەی؛ تەواوی بوونی، وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە” (Agamben, 1998:3). لەو هاوکێشەیەی فۆکۆدا ڕوانگەی گشتی بەشێوەیەکی ڕەها مرۆڤی هاوچەرخە، بەڵام لێرەدا لە چوارچێوەی تێگەیشتنی ئاگامبیندا، ئێمە دەیبەستینەوە بە مرۆڤی کورد، وەکو مرۆڤێکی ڕووت، مرۆڤێکی بێ سیاسەت. لە خوارەوە بە وردەکارییەوە دەچینە ناو مەبەستە سەرەکییەکەی کوردی بێ دەوڵەت و لە دەرەوەی سیاسەت.
ئاگامبین لە کتێبەکەیدا دەچێتە ناو شڕۆڤەکردنی ژیان و گەڕانەوە بۆ سەردەمی گریکەکان و تێگەیشتن لە چەمکی “ژیانی ڕووت” (Homo Sacer). بە گشتیش قەیرانی مرۆڤی هاوچەرخ تەنها دیاردەیەکی ئابووری یان سیاسیی نییە، بەڵکو ئەگەر لە ڕواڵەت دووربکەوینەوە، دەبینین دابەزینێکی بونیادی و ئەخلاقییە. بەجۆرێک ئاڵۆز بووە، تاک لە نێوان دەستەڵات و هێز و کۆمەڵگەدا تەنها فۆڕمە بایۆلۆژییەکەی ماوە. من دژە دەستەڵات نیم “دەستەڵات بەمانا دابڕاو یان ئەبستراکتەکەی”، بەتایبەتیش لە ڕوانگە لیبڕاڵەکەی کە جۆن لۆک وێنای کردووە و پێی وایە مرۆڤەکان بەر لە پێکهێنانی دەوڵەت خاوەنی مافی سروشتی خۆیان بوون کە بریتییە لە “ژیان، ئازادیی و خاوەندارێتی” (Locke, 2026:106). لێرەدا دەستەڵات تەنها ئەرکی سەرپەرشتیاریی هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی کەس دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی کەسێکی دیکە، بە پێچەوانەی ئەو فۆڕمە دەستەڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زیاتر لە سەد ساڵە لە ڕێی داگیرکارییەوە وەگیرییان هێناوین. بە جۆرێک دەستەڵاتە داگیرکەرەکان ژیانی مرۆڤی کوردییان کردۆتە ئامراز و ئەقڵی مرۆڤی کوردییان لە وەزیفەی ئاسایی خۆی بەتاڵ کردۆتەوە، بچووکییان کردۆتەوە بۆ ئاستی مانەوەی ڕووت، ژیانێکی ڕووت، دوور لە هەموو جۆرە بەها و سەروەرییەک، لەسەر هەردوو ئاستەکانی تاک و کۆمەڵگە.
لە سەردەمی داڕمانی بەها سۆزداریی و ئەخلاقییەکانیدا، مرۆڤ نەک هەر بەرەو ئاستی ئاژەڵبوون دابەزیوە، بەڵکو لە ئاژەڵیش دابڕاوتر بووە یان کراوە، بەو مانایەی پێگەی ئاژەڵیش دووچاری فشاری مرۆڤ بۆتەوە و ئاژەڵ تا ئاستێکی زۆر لە پێگەی ئاژەڵبوونەوە پاشەکشەی پێ کراوە لەلایەن خودی مرۆڤ. ئاژەڵ لە پانتاییە بەرفراوانەکانی هاوسەنگیی ژینگەدا دەژیت، بەڵام مرۆڤ دێت و ئەو هاوسەنگییە گەردوونییە بەرفراوانەی لێ تێکدەدات و داگیری دەکات، لەم شوێنەدا “هەژاریی ئەقڵ”ی مرۆڤ دەبێتە بەرزترین جۆری مەترسیی بۆ پێگەی ئاژەڵ، چونکە تەنها بە زیندوویی مانەوە دەبێتە ئامانج، نەک بەهاداربوونی ژیان، وەکو بەهاداربوونێکی دابڕاو (موجەررەد یان ئەبستراکت)، بەهاداربوونێک لەدەرەوەی هەموو ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانەوە. هەموو ئایین و ئایدیۆلۆژیاکان، ئەگەر کۆمەڵێک بەها و نۆڕمیشییان بۆ ژیان هەبن، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک کۆت و سنووردارکردنیشییان هەن، مرۆڤ لەو مافانە دووردەخاتەوە و نزیکییان دەکاتەوە لەو پانتاییانەی کە ململانێیەتی لەگەڵ کێڵگە بەرفراوانەکانی ئاژەڵاندا.
چەمکی ژیانی ڕووت (Homo Sacer) ی ئاگامبین، یەکێکە لە ناوەندیترین و قوڵترین چەمکەکان، لە فەلسەفەی سیاسیی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئیتاڵی جۆرجیۆ ئاگامبین (Agamben, 1998:8). ئەم چەمکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو قەیرانەوە هەیە، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا؛ واتە دابەزینی مرۆڤ بۆ ئاستی مەخلوقاتێکی زیندووی ڕووت، کە هیچ ماف و بەهایەکی ئەخلاقی و یاسایی نەمابێت. لێرەدا بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندی و تێکهەڵكێشی دەستەڵات، کۆمەڵگە و تاک و ئەرکەکانییان، لە گرنگی ڕۆڵی دەستەڵات تێناگەین، کە نۆربێرت ئەلیاس بە فراوانی لە تیۆرییەکەیدا “پڕۆسەی بە شارستانیکردن” باسی کردووە (van Krieken, 2017).
پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی مرۆڤەکان، کە لەکۆتاییشدا “دەبێتە هۆی تێکەڵبوونێکی گەورەتر و پێکەوەپەیوەستبوونێکی قووڵتر لە نێوان مرۆڤەکاندا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی نێوانییاندا دروست دەکات” (Rohloff, 2012:3). ئەمەش وادەکات کە پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی نەرمونییان و بەیەکەوەپەیوەستبوون (Interdependence) لە کۆمەڵگەدا بە زیندوویی بهێڵێتەوە. کێشە بنەڕەتییەکە لەدۆخی کورددا لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا ئەوەیە کە هەرگیز ئەو دۆخە ڕووی نەداوە و ڕووش نادات، چونکە کورد نامۆیە بە بونیادی ئەو دەوڵەتانە.
لە دەوڵەتێکی نیشتمانیدا، چۆن مرۆڤەکان سەربەخۆ نین، ئاواش وەکو دوورگەیەکی دابڕاو لە یەکتر ناژین، هەمیشە بە زنجیرەیەک پەیوەندی دەستەڵات، سۆز، ئابووری و کولتووری بە یەکترەوە بەستراونەتەوە. لە ئەنجامیشدا ئەلیاس پێی وایە کۆمەڵگە بینایەک یان بوونەوەرێکی ڕەق نییە، بەو مانایەی لە سەرووی مرۆڤەکانەوە وەستابێت، بەڵکو بریتییە لەو شێوازە لە پەیوەندی و کارلێکانەی، کە مرۆڤەکان لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا لەگەڵ یەکتردا دروستی دەکەن (Elias, 1978). ئەمەش لە دۆخی دەوڵەتی داگیرکەردا لەگەڵ هاوڵاتییانی داگیرکراودا ئارەزوومەندانە دروست نابێت. دەولەتی داگیرکەر بە ئاڕاستەی مرۆڤی ڕووت لەگەڵ هاوڵاتییانی داگیرکراودا کار دەکات، وادەکات، داگیرکەر سوود لەهەموو بازنەیەکی پەیوەندی وەربگرێت بۆ بەدیلهێشتنەوەی مرۆڤی خاک داگیرکراو لە ناو هاوکێشەی ئێمە و ئەوان یان دامەزراوەکان و بەئەویترکراوەکاندا. هەروەها یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان (فیگورێیشن)، هاوسەنگی دەستەڵاتە. لە دۆخی داگیرکاریدا هەرگیز داگیرکەر نایەوێت ئەو هاوسەنگییە دروست بکات؛ لە نێوان خەڵکی خۆی کە دەکرێت بە ڕەسەن یان بە دامەزراو ناوزەدییان بکات، لەگەڵ خەڵکی داگیرکراودا کە دەکرێت بە بێگانە، بە هاتوو یان بەهەر جۆرێکی دیکەی “بەئەویدیکردن” ناوزەدییان بکات. هەر بۆیەشە داگیرکەر هەمیشە گروپی داگیرکراو بە مەتەرسی لەسەر خۆی و چارەنووسی خۆیان دەزانێت (Elias, and Scotson, 1994) و تۆمەتی هەمەجۆری بۆ هەڵدەبەستێت. ئەمە تەنها لە حاڵەتی داگیرکردنی نەتەوەیەکدا جوور نابێت، چونکە تەواوی جەستەی نەتەوە بەدابڕاوی دەمێنێتەوە و لە هەموو کاریگەرییەک دادەبڕێندرێت، بەتایبەتیش کە نەتەوە وەکو یەک جەستە خۆی ڕادەست دەکات و چیتر باوەڕی بە ئازادیی نامێنێت.
لەناو ئەو ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەی پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، ئاگامبین لە کتێبەکەیدا بەناوی “هۆمۆ ساکەر، دەستەڵاتی سەروەر و ژیانی ڕووت” دا، دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. هۆمۆساکەر، چەمکێکی لاتینی کۆنە و بە مانای مرۆڤی پیرۆز یان نەفرەتلێکراو. لەوبارەیەوە ئاگامبین دەڵێت:
“مرۆڤی پیرز (هۆمۆساکەر) ئەو کەسەیە، کە خەڵک (نەتەوە) بەهۆی تاوانێکەوە بڕیارییان لەسەر داوە. ڕێگە پێدراو نییە ئەم مرۆڤە بکرێتە قوربانی (لە نەریتە ئایینییەکاندا)، لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک بیکوژێت، بکوژەکە بە تاوانی مرۆڤکوژی سزا نادرێت؛ لە ڕاستیدا، لە یەکەم یاسای تریبۆنیدا ئاماژەی پێدراوە کە: ئەگەر کەسێک ئەو کەسە بکوژێت، کە بە گوێرەی گشتپرسی (بڕیاری نەتەوە) بە پیرۆز دیاری کراوە، ئەوا وەک تاوانی کوشتن ئەژمار ناکرێت. هەر لەبەر ئەمەشە، لە دابونەریتدا بە کەسێکی خراپکار یان ناپاک (پیسکەوتوو) بگوترێت پیرۆز (Agamben, 1998:71).
لێرەدا جەوهەری پارادۆکسەکە پیسبوونە لە جەستەیەکدا بە پیرۆز هەژمار دەکرێت؛ ژیانی ئەو کەسە بە جۆرێک لە یاسای مرۆیی و لە پانتاییە گشتییەکاندا دەردەهێندرێت، کە کوشتنی وەک تاوان دانانرێت، هاوکات ئەوەندەش بە ناپاک دادەندرێت، کە خوداوەندەکانیش وەک قوربانییەکی ئایینی قبوڵی ناکەن. دەقەکە گێڕانەوەیەکی مێژوویی، یاسایی بەناوبانگی فەرهەنگنووسی یاسایی و کولتوورری ڕۆما پۆمپیۆس فێستۆتە (Pompeius Festus)، سەبارەت بە چەمکی “مرۆڤی پیرۆز”. لە یاسای ڕۆمانەکاندا، بە کەسێک دەگوترا “مرۆڤی ڕوو” کە مافە سیاسییەکانی لێ دەسەندرانەوە. لە سایەی ئەو سزایەشدا کوشتنی مرۆڤەکە وەکو تاوان هەژمار نەدەکرا. بەڵام پارادیکسەکە لەوەدا سەرچاوە دەگرێت، کە لەڕووی ئایینییەوە “چونکە دەست بەسەر جەستە و ڕۆحیدا دەگیرا، دەدرایە دەست خواوەندەکان و دەبووە موڵکی ئەوان”، قەدەغە بوو بکرێت بە قوربانی و وەک قوربانی بکوژرێت. ئا لێرەدایە مافە سیاسییەکان گرنگن بۆ ئەوەی جۆرێک لە مانا بە کەسایەتی مرۆڤ ببەخشێت، نەک هەر پیرۆزییەکانی بەڵکو بەو هۆیەوە دیوە بایۆلۆژییەکەشی پارێزراو دەبێت.

