عارف ڕوشدی
لەو باوەڕەدام ڕووداوەکانی ئێستای وڵاتانی ئەورووپا، کەڵەکەبوونی دەرهاوێشتەی ئەو تەنگەژە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەن کە زیاتر لە دوو دەیە دەبێت بەدەستییانەوە دەناڵێنن. هەرچەندە لەم ساتەدا ئەم بزووتنەوەیەی هەڵچوونی جەماوەری، لەژێر دروشمی گرانی، هەژاری و بێکاریدا خۆی پێناسە دەکات، بەڵام لە بنەڕەتدا، گەڵاڵەبوونی پرۆسەیەکی مێژووییە لە ئاراستەی پەرەسەندنی هزری (نەتەوەیی و نیشتمانی)ی گەلانی ڕەسەنی ئەورووپا. ئەم پرۆسەیە بەرەو ئاقاری گۆڕانکاریی چۆنایەتی و زیندووکردنەوەی بنەماکانی ڕێککەوتننامەی ناسراو بە (وێستفالیای ساڵی ١٦٤٨) هەنگاو دەنێت، بە مەبەستی داڕشتنی سیستمێکی نوێی جیهانی. مەزندە دەکەم مەرجی بنەڕەتیی دامەزراندنی (دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتمانی) دەبێتە بەردی بناغەی ئەم سیستمە. بەپێی ڕێککەوتنی ئاماژەپێکراو، گەلانی ئازادیخواز قۆناغی ململانێی خوێناوی، هەرەسهێنانی ئابووری، باڵادەستیی هزری فراوانخوازی و چەوساندنەوەی نەتەوەییان تێپەڕاند و ڕوویان لە قۆناغی سەروەریی نیشتمانی کرد. هەروەها بە دووری نابینم پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی چالاکتر و چاکسازی بۆکراودا سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە، کە ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی دەیان بڕیاری ستەمکارانە و هەڵەی مێژوویی هەیە، بۆ نموونە: ڕێککەوتننامەکانی (سایکس-پیکۆ و لۆزان) و گرفتی قوبرس و ئێرلەندا.
لە لایەکی دیکەوە، ڕووداوەکان جاڕدانی هەرەسهێنانی بیرکردنەوەکانی وەک (برایەتیی گەلان، هاووڵاتیبوونی تێکشکاو و کۆمەڵگەی خەیاڵیی دیموکراتیک) لەخۆ دەگرن، بە هەمان شێوەی داڕووخانی کۆمەڵگە داخراوەکانی سەردەمی سۆڤیەت. بۆیە پێویستە بزووتنەوەی کوردایەتی لە ئاستی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکاندا هەڵوەستە بکات و لە یەک ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، بیر لە پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و کار بکرێت بۆ سوودمەندبوون لەو ئاراستە جیهانییە لە ڕێڕەوی باڵادەستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی.
هەروەک چۆن زاهیدی گەورەی یۆنانی (دیۆجین)، کاتێک ئەسکەندەری مەزن (پاشای مەقدۆنیا) دەچێتە لای و پێی دەڵێت: “فەرموو چیت پێویستە بۆت بکەم؟”، ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت: “تەنها کەمێک لادە و هەتاوەکەم لێ مەگرە”، گەلە ئازادیخوازەکەشمان بە ناحەزان و ملکەچبووان ڕادەگەیەنێت: “جارێ یەخەمان بەربدەن، ئازادانە بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانی، پێشکەوتن و جوانترکردنی گەشتی ئاسایشئامێزی ژیانمان”.
ئیتر با بزانین ئاراستەی ڕووداوەکان چۆن و کەی لەنگەر دەگرن ؟

