ماكوان عێزەت – هەولێر
ئایا دەزانیت تەنها چەند خولەکێک پیاسەکردن دوای نانخواردن، دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی جەستەت لە مەترسییەکانی شەکرە؟ لێکۆڵینەوە پزیشکییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پیاسەیەکی کورت، کاریگەرییەکی ئەفسوناوی لەسەر ڕێکخستنی ئاستی گلوکۆز لە خوێندا هەیە.
شەکری خوێن چۆن بەرز دەبێتەوە؟
جەستەی مرۆڤ کاربۆهیدراتەکان دەگۆڕێت و دەیکاتە شەکر (گلوکۆز). لە دۆخی ئاساییدا، پەنکریاس هۆرمۆنی “ئەنسۆلین” دەردەدات بۆ ئەوەی گلوکۆزەکە بگوێزێتەوە ناو خانەکان و وەک وزە بەکار بهێنرێت، بەڵام کاتێک ئەم پرۆسەیە تێک دەچێت، شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە. ئەمەش بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوەیە:
1. کەمیی ئەنسۆلین: پەنکریاس بڕی پێویست ئەنسۆلین بەرهەم ناهێنێت (وەک لە شەکرەی جۆری یەکەمدا باوە).
2. بەرگریی ئەنسۆلین: جەستە ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنێت، بەڵام خانەکان ناتوانن بە دروستی بەکاری بهێنن (وەک لە شەکرەی جۆری دووەمدا باوە).
بە تێپەڕینی کات، بەرزمانەوەی شەکری خوێن زیان بە بۆرییەکانی خوێن دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کوێری، لەکارکەوتنی گورچیلە، جەڵتەی دڵ و تێکچوونی دەمارەکان.
سوودەکانی پیاسەی دوای نانخواردن
بە شێوەیەکی سروشتی، ٣٠ بۆ ٩٠ خولەک دوای هەر ژەمێک، ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە. لێرەدا ڕۆڵی پیاسەکردن دەردەکەوێت؛ چونکە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە پیاسەیەکی کورت دوای نانخواردن:
• ڕێگری دەکات لە هەڵفڕینی کتوپڕی ئاستی گلوکۆز لە خوێندا.
• ئاستی ئەنسۆلین بە جێگیری دەهێڵێتەوە.
• بەرگریی ئەنسۆلین کەم دەکاتەوە و وا دەکات جەستە بە کاراییتر سوود لەو هۆرمۆنە وەربگرێت.
تەنها ٥ خولەک بەسە!
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە تەنانەت ٢ بۆ ٥ خولەک بە پێ ڕۆیشتن دەتوانێت ئاستی شەکری خوێن دابەزێنێت. هەرچەندە ئەمە بە تەنها چارەسەری بنەڕەتیی شەکرە نییە، بەڵام خوویەکی تەندروستیی زۆر بەهێزە بۆ هاوسەنگکردنی دۆخی جەستە.
ئاگادارییەک بۆ تووشبووانی شەکرە
پزیشکان ئامۆژگاریی شەکرەگرتووان دەکەن، پێش وەرزشکردن و دوای وەرزشکردن ئاستی گلوکۆزی خوێنیان بپێون. کاتی چالاکییەکە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تووشی دابەزینی کتوپڕی شەکر نەبن. باشتر وایە بۆ دیاریکردنی کاتی گونجاو بۆ وەرزش، ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

