لیا سیفەدین
لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، زۆرجار یەکە سیاسییە مامناوەندەکان دەبنە قوربانیی “تیۆریی بەریەککەوتنی جەمسەرەکان” هەرێمی کوردستان، وەک ئەکتەرێکی کاریگەری نادەوڵەتی کە خاوەنی دامەزراوەی نیمچە دەوڵەتی و پێگەیەکی ستراتیژیی هەستیارە، لە ئێستادا خۆی لە ناو جەرگەی “جەنگی سێبەر” و ململانێی تاقەتپڕوکێنی نێوان واشنتۆن، تاران و تێل ئەبیب دەبینێتەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی هەرێمی کوردستان کراوەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی پەیامەکان؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە، پێویستە لە ڕێگەی چەند ڕەهەندێکی زانستییەوە سەیری بابەتەکە بکەین:
١. ستراتیژیی “گواستنەوەی جەنگ” و تێچووی کەم:
لە ململانێی نێوان هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا، لایەنەکان پەنا دەبەنە بەر ستراتیژیی “بەرپەرچدانەوەی ناڕاستەوخۆ” ئێران وەک جەمسەرێکی سەرەکی، بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر خاکەکەی، جەنگ دەگوازێتەوە بۆ “خاکی سێیەم” لێرەدا هەرێمی کوردستان بەهۆی نزیکیی جوگرافی و بوونی بەرژەوەندییە گەورەکانی ئەمریکا، دەبێتە ئامانجێکی دەستکەوتوو، لێدان لە هەولێر، بۆ تاران تێچوویەکی کەمتری هەیە وەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا یان ئیسرائیل، بەڵام هەمان کێشی پەیامە سیاسییەکەی هەیە.
٢. بە ئاسایشکردنی گوتار
داڕشتنی “پاساوی ئەمنی” یەکێکە لە ئامرازەکانی هێزە ئیقلیمییەکان. تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان بە بوونی بنکەکانی “مۆساد” لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە جۆرێکە لە “بە پاساوکردنی هێرش” بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێز. ئەم گوتارە نەک تەنها بۆ دەرەوە، بەڵکو بۆ ڕازیکردنی ناوخۆی ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانە تا نیشانی بدەن کە توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیلیان هەیە، تەنانەت ئەگەر ئامانجەکە خاکی وڵاتێکی دراوسێی وەک عێراقیش بێت.
٣. ململانێ لەسەر “مۆدێلی سیاسی” و سەروەری:
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری کە خاوەنی پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی کراوەیە لەگەڵ ڕۆژئاوا، وەک “نامۆییەک” لە ناو ژینگەیەکی سیاسیی پڕ لە گرژی دەبینرێت. سزادانی هەرێم، بەشێکە لە ستراتیژیی لاوازکردنی ئەو قەوارانەی کە نایانەوێت ببنە بەشێک لە “تەوەرەی مقاوەمە” لێرەدا، شەڕفرۆشتن بە هەرێم ئامانج لێی تەنها لایەنی سەربازی نییە، بەڵکو لێدانە لە ژێرخانی ئابووری، وزە و وەبەرهێنانی بیانی تا هەرێم ناچار بە پاشەکشە بکەن لە بڕیارە سەربەخۆکانی.
٤. داخورانی سەروەریی دەوڵەتی عێراق:
نەبوونی هێزێکی ناوەندیی تۆکمە لە بەغدا کە بتوانێت پارێزگاری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق بکات، وای کردووە کە هەرێمی کوردستان باجی “بۆشایی ئەمنی” بدات کاتێک دەوڵەتی فیدراڵ ناتوانێت ئاسمانی وڵات بپارێزێت، هەرێم دەبێتە مەیدانێکی کراوە بۆ جەنگی موشەکی و درۆنیی وڵاتانی دراوسێ.
ئاراستەی سیاسیی هەرێم لەم واقیعە پێویستمان بەوەیە کە جەخت لەسەر سێ خاڵی بنەڕەتی بکەینەوە:
یەکەم: پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی وەک تاکە قەڵغان بۆ بەرپەرچدانەوەی فشارە دەرەکییەکان.
دووەم: بەردەوامبوون لەسەر “دیپلۆماسییەتی هاوسەنگ” کە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی پەیڕەوی دەکەن، بۆ دوورخستنەوەی کوردستان لە جەنگی وەکالەت.
سێیەم: داواکردنی گەرەنتیی نێودەوڵەتیی زیاتر و کارکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چەسپاندنی سەروەریی ڕاستەقینە.
هەرێمی کوردستان قوربانیی جوگرافیایەکی ئاڵۆز و هەڵوێستێکی سیاسیی سەربەخۆیە. ئەو شەڕەی بە هەرێم دەفرۆشرێت، شەڕی گۆڕینی ناسنامە و ئیرادەی سیاسییە، نەک تەنها کێشەیەکی تەکنیکی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر. بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بە دانایی سیاسی و خۆڕاگریی ستراتیژی هەیە.

