وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رێكاری نوێی بۆ پاراستنی ژینگە دەركرد و تێیدا جەخت لەوە كرایەوە، هەر كەسێك ببێتە هۆكار بۆ پیسكردنی ژینگە سزای توند دەدرێت كە لەنێوان 100 هەزار بۆ 10 ملیۆن دینار دەبێت.
ڕێكارەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە نووسراوێك كە واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرە، ئاراستەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و بەرگریی شارستانی و پۆلیسی ژینگە و دارستان و پۆلیسی هاتوچۆ و تەواوی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ كراوە و سەرجەمیان راسپێردراون هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ جێبەجێكردنی رێكارەكان.
لە گشتاندنی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:-
“لەبەر رۆشنایی فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ بایەخدانی زیاتر بە پاراستنی سروشتی جوانی وڵاتەکەمان، و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 2008، کە تیایدا هاتووە (هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە لە ژینگەیەکی هێمن و پاکدا بژی و ئەرکی هەموو کەسێکیشە کار لەپێناو پاراستنی ژینگە و پاکییەکەیدا بکات) – ماددەی سێیەم/ یەکەم. هەروەها لەبەر رۆشنایی یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009، کە ئەرکی (جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان) ماددەی دووەم/یەکەم و (پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی) ماددەی دووەم/ دووەم سپاردووە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەو هۆیەی ژینگە و شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان وەکو بەشێک لە سامانی گشتی هەژمار دەکرێن، دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ وەکو پۆلیس، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرگریی شارستانی، پۆلیسی هاتوچۆ، هەر یەکەیان بە پێی پسپۆڕی و ئەرکی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2008 و هەموو ئەو ڕێنماییانەی دەستە بۆ پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەی کوردستان دەریکردوون”.
لە گشتاندنەکەدا داوا لە دامەزراوەکان کراوە کە لە رێی خۆیانەوە ئاگاداری هاووڵاتییانی خۆشەویست بکەن کە:
یەکەم: لە کاتی گەشت و سەیراندا سروشتی جوان و ڕەنگینی کوردستان وەکو ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان بە دوور بگرن لە پیسکردن لە ڕێی بەجێهێشتنی پاشماوەی گەشت و زبڵ و خاشاک. پێویستە پاشماوەکان لەگەڵ خۆیان بهێننەوە و لە شوێنی تایبەت دابنێن کە دەستی دامەزراوەکانی شارەوانی دەگاتێ. هەر کەسێک پاشماوەی گەشت بەجێ بهێڵێت و ببێتە هۆی پیسکردنی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بە پێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 42 لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر کە سزای پێبژاردنە لە (100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت). دامەزراوەکانی پۆلیس هاوکاری دەستە دەکەن لە سەپاندنی ئەم سزایە.
دووەم: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە بەشداربن لە پاک و جوانهێشتنەوەی سروشتی کوردستان وەکو شوێنە گەشتیارییەکان، پۆند و بەنداو و جۆگە و چەمەکان، شاخ و دەشت و دۆڵ و چیا و دارستانەکان، پێویستە وەکو ماڵی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ بکەن. داوا دەکەین ئەگەر هاووڵاتیەکیان بینی ژینگە پیس دەکات و زیان بە سروشتی کوردستان دەگەیەنێت، ڤیدیۆی بکەن و بۆ پلاتفۆرمەکانی دەستە، یان وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی پۆلیس رەوانە بکەن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان بگیرێتە بەر.
سێیەم: داوا لە خاوەن پڕۆژەکان دەکەین، بە هەموو جۆرەکانیان کە ناویان لە ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (2)ی ساڵی 2023 هاتووە، بە وردی ئەو رێنماییە بخوێننەوە و خۆیان لەگەڵ پێداویستییەکانی پاراستنی ژینگە بگونجێنن. بە پێچەوانەوە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستە بەدواداچوون بۆ چالاکییەکانیان دەکەن و سەرپێچیکار بە گوێرەی ئەو سزایانەی لە ڕێنمایی ئاماژە بۆکراو هاتووە، سزا دەدەن.
چوارەم: ئەنجوومەن و لێژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ پەیامێکی گرنگ ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و ئاراستەیان دەکاتە کە “ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان سامانی گشتی وڵات و هاووڵاتیانن، پاراستنی ئەرکێکی نیشتمانی، ئایینی و مرۆییە. کەس مافی ئەوەی نییە پیسی بکات و بێ لێپرسینەوە دەرباز بێت”.

