بارزان ئەکرەم – هەولێر
رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە گەڕی یەکەمی خولی ئەستیرەکانی عێراق، یانەی هەولێر میوانداریی یانەی نەجەف دەکات، یانەی هەولێر لە مێركاتۆی ئەم هاوینە زۆرترین یاریزانی كوردی گواستووەتەوە و پارێزگاری لە زۆرینەی یاریزانە كوردەكانی وەرزی رابردووش كردووە.
هەولێر، بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق، حەوت یاریزانی كوردی وەرزی رابردووی هێشتووەتەوە كە پێكهاتوون لە نیاز محەمەد، ئەركان ئەمیر، گەیلان لوقمان، عومەر جەنگی، هەڵگورد قەیس، مستەفا قابیل و سەفین مەنسوور.
لە بەرامبەردا حەوت یاریزانی دیكەی كوردیشی گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە بژار مەهدی، ئاكۆ عوزێر، ژیار گۆڤەند، سەرهەنگ موحسین، عەلی شاخەوان، لاس هەمەوەندی و ئەحمەد زیرۆ.
لە لایەكی دیكەیشەوە بە گشتی یانەی هەولێر لە مێركاتۆی ئەم هاوینە دەستبەرداری 18 یاریزانی بووە و لە بەرامبەردا 15 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لەسەر دۆخی تیپەکەی رایدەگەیەنێت لەگەڵ یاریزانێكی ئارجێنتینا گەیشتوونەتە رێككەوتن، دەشڵێت: لەوانەیە لە دەستپێكی ئەم وەرزە خراپ بین، بەڵام بەڵێن دەدەین سیناریۆ و دەستكەوتەكانی یانەی دهۆك دووبارە بكەینەوە.
هەولێر لە گواستنەوەی یاریزانی پیشەگەر دواكەوتووە
راهێنەری یانەی هەولێر تەواوی زانیارییەكانی لەبارەی پێكهاتەكەی یانەكەی ئاشكرا كرد و لەبارەی یاریزانی پیشەگەر رایگەیاند ئەو ئەزموونێکی گەورەی لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ یاریزانانی پیشەگەر هەیە، دەشڵێت: من نزیکەی 25 بۆ 26 ساڵە لەم خولە کاری راهێنەرایەتی دەکەم، زۆربەی راهێنەران و دەستەی کارگێڕی یانەکان لەم دۆخە دەکەونە کێشەوە، چونکە گواستنەوەی یاریزانی پیشەگەر پێویستی بە کاتێکی دیاریکراوە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە خواست و خستنەڕوو هەیە، ئێمە لە بابەتی گواستنەوەی یاریزانانی پیشەگەر دواکەوتووین، بە بڕوای من ئێستا زۆربەی یاریزانە پیشەگەرە باشەکان نەماون، بەڵام پێویستە ئێمە لەسەرخۆ بین، چونکە دوابکەوین باشترە لەوەی یاریزانی پیشەگەری نەگونجاو بگوازینەوە، دەکرێت دواکەوتن چارەسەر بکرێت، بەڵام بژاردەی هەڵە چارەسەر ناکرێت، چونکە لەوانەیە یاریزانەکە ساڵێک لەگەڵت بەردەوام بێت و خەرجییەکی زۆر بکەوێتە سەر یانەکەمان.
“هەولێر لە رووی دەروونییەوە بەتەواوی ئامادەنییە”
باسم قاسم جەختی لەوەش كردەوە تیپەكەی ئێستا لە دۆخێکی باشدا نییە و لەوانەیە لە دەستپێکی وەرز ئەنجامەکانیان باش نەبێت، چونکە یاریزانەكان ناتوانن لەو دۆخەدا لەرووی دەروونی و هونەری و جەستەییەوە تەواو ئامادە بن.
ئێمە دوێنێ گواستنەوەی یاریزانێکی لیبرۆی نێجیریامان تەواو کرد، پەنا بەخوا لەوانەیە ئەمڕۆ لە نیوەی دووەم بەشداریی بکات، یاریزانێکی دیکەی لیبرۆمان گواستووەتەوە و بەفەرمی گرێبەستمان لەگەڵی واژۆ کردووە، لەگەڵ یاریزانێکی بەڕازیلی و توونسیش رێککەوتووین، یاریزانێکی ئارجێنتیناش هەیە کە هەرچەندە گرێبەستەکەی دواکەوت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت یاریزانێکی پیشەگەری باش بگوازینەوە و لەگەڵ یاریزانە ئەرجەنتینییەکە گەیشتووینەتە رێککەوتن، زۆربەی ئەو یاریزانە پیشەگەرانەی دەمانەوێت بیناگوازینەوە لەگەڵ یانەکانیان بەردەوامن بۆیە دواکەوتوون، چونکە دەبێت بە خواستن بیانگوازینەوە، ئێمە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانی ئازاد و بێ یانەمان نەداوە، یاریزانە ئارجێنتینایەكە بەمزووانە پەیوەندی بە یانەکەمان دەکات و دەستەی کارگێڕی رەزامەندی داوە.
“یاریزانی نێوخۆیی باشمان نییە”
باسم قاسم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ هەولێر، هێمای بۆ ئەوە كرد كە هەوڵدەدەن بۆ یاریی دۆستانەی رۆژی 9ـی ئەم مانگە بەرامبەر دهۆک ئەگەر هەر شەش یاریزانە پیشەگەرەکەمان ئامادە نەبن، بەلایەنی کەم پێنج یاریزانی پیشەگەر ئامادەبن، دەشڵێت: ئەگەر یاریزانە پیشەگەرەكانمان گەیشتن دەتوانین مەشقەکانمان بەیانیان و ئێواران زیاد بکەین، پاشان لەکاتی وەستانی خول هەوڵی بەهێزکردن و تۆکمەکردنی تیپەکەمان دەدەین، هەرچەندە ئێمە تاوەکو ئێستا یاریزانی ناوخۆیی باشیشمان نییە، سەرەڕای ئەم دۆخە ئێمە متمانەمان بەخۆمان هەیە و بەڵێن بە هاندەران دەدەین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین و دەستکەوت و سیناریۆی دهۆک دووبارە بکەینەوە.

