هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی ژێر 20 ساڵانی کوردستان، چوار یانە سەرکەوتووەکە بۆ ئەم قۆناغە لە دوو یاریی چوون و هاتن ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، بەمەش بە ئەنجامدانی دوو یاری ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ٤:٣٠ یارییەکانی چوون لە هەردوو شاری کەرکووک و سلێمانی بەڕێوەدەچن.
سبەی گەڕی شەشەمی یارییەکان دەکرێن
دوای تەواو بوونی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ٤ یانە بە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی کۆتایی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یارییەکا بەشێوازی چوون و هاتن ئەنجام بدرێن، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک یەک یاری لە یاریگەی خۆی و یەک یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، خاوەنی پلەی یەکەمی هەر دوو یارییەکەیش دەگەنە یاری کۆتایی و بەیەکەوە یاری دەکەن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تا ئێستا وادەو شوێنی یاری کۆتایی خولەکەی دیاری نەکردووە.
یارییەکانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین ڕۆژی پێنجشەممە بە ئەنجامدانی دوو یاری دەسپێدەکات و تیایدا لەشاری کەرکووک یانەی خاک میوانداری لاوانی یانەی زاخۆ دەکات هەردوو یانە لە قۆناغی یەکەم بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکانیان گەیشتوون ئەم قۆناغە، بڕیاریش وایە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە یاریگەی زاخۆ یاری گەڕانەوە ئەنجام بدرێت، لە دووەم یاریدا لاوانی سیروانی نوێ لەسەر یاریگەی زانکۆ میوانداری لاوانی هەولێر دەکات، سیروانی نوێ تاکە یانەی خولەکە تا ئێستا یەک یاری یەکسانیش نەبووە و سەرجەم یارییەکانی لە دوو قۆناغی ڕابردوودا بردۆتەوە، دەربارەی ئەو یارییە، عیسا ئەحمەد ڕاهێنەری هەولێر، قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: بە تەواوی پێکهاتەوە بۆ ئەو یارییە ئامادەین و هیچ یاریزانێکمان دانابڕێت، هەماهەنگیەکی باش لەنێوان یاریزانان هەیە و ئامانجمان ئەوەیە بە کۆی گشتی هەردوو یارییەکە سەرکەوتوو بین و بگەینە یاری کۆتایی، ڕۆژی دووشەمەی داهاتوویش لەسەر یاریگەی دووەمی شەهید فرانسۆ هەریری یاری گەڕانەوە ئەنجام بدرێت و سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
دوای تەواو بوونی قۆناغی دووەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن دەبیندرێن:
١- باوان ستار – ١٥ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- فەرهاد عوسمان – ١٠ گۆڵ یانەی خاک
٣- کاردۆ کاوە – ١٠ گۆڵ یانەی رزگاری
٤- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٥- هێژا خۆشناو – ٨ گۆڵ یانەی هەولێر
٦- مستەفا عودەی – ٨ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٧- یونس ئەحمەد – ٨ گۆڵ – یانەی زاخۆ
٨- رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٩- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
١٠- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
١١- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە

