رۆژنامەی ھەولێر

دهۆک و زاخۆ گەیشتن بە یاری پێش کۆتایی جامی عێڕاق و هەوڵی بوون بە پاڵەوان بوونی جامەکە دەدەن

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ قۆناغی هەشتی جامی عێڕاقیان بەسەرکەوتووی تەواو کرد و خۆیان گەیاندە یاری پێش کۆتایی و ڕۆژی شەممە میوانداری دوو یانەی گەورەی عێڕاق دەکەن، لەلایەکی تر یانەی زاخۆ دوای یارییەکەی نەورۆز بەفەرمی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق گرێبەستی هێرشبەرێکی نوێ کردەوە.

دهۆک و زاخۆ شەڕی گەورەکانی عێراق دەکەن
لە قۆناغی هەشتەمی جامی عێڕاق، چوار یاری بەڕێوەچوون و دهۆک و زاخۆ خۆیان گەیاندە قۆناغی نیوەی کۆتایی جامەکە، لە یاری یەکەمدا ولەسەر یاریگەی دهۆک، هەڵۆیەکانی چیا میوانداری یانەی مینای بەسرەیان کرد و بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە، لە یاری پێش کۆتایی جامەکە دهۆک ڕۆژی شەممە میوانداری یانەی قوەجەویە دەکات، کە ئەویش لەلایەن خۆیەوە بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لە یانەی نەجەفی بردبوەوە، لەلایەکی تر یانەی زاخۆ بلیتێکی یاری پێش کۆتایی مسۆگەر کرد دوای ئەوەی بە گۆڵێکی یاریزانی یەمەنی ناسر مەحەمەدۆ لە یانەی نەورۆزی بردەوە، کوڕانی خابوور لە یاری پێش کۆتایی میوانداری یانەی شورتەی پاڵەوانی خول و جامی عێڕاق دەکات کە لەیاری لوتکەی جامەکە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی تەڵەبەی بردەوە.
هەردوو یارییەکە ڕۆژی شەممە و لە یەک کاتدا لە کاتژمێر ٧:٠٠ بەڕێوەدەچن، یانەی شورتە وەرزی ڕابردوو بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی قوەجەویەی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامەکە.

زاخۆ گرێبەستی یاریزانێکی نوێکردەوە
ناسر محەمەدۆی هێرشبەری هەڵبژاردەی یەمەن و یانەی زاخۆ بۆ وەرزێکی تر گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی دەلال نوێکردەوە، دوای گەیشتنی یانەی زاخۆ بە یاریی پێشکۆتای جامی عێراق یانەکە گرێبەستی ناسر محەمەدۆی هێرشبەری بۆ وەرزێکی تر نوێکردەوە.
ناسر محەمەدۆ وەرزی رابردوو بە گرێبەسێتک ڕووی لە یانەی زاخۆ کرد و لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق حەوت گۆڵی بۆ ئەو یانەیە کرد و شەوی ڕابردووش لە یاری چارەکی کۆتای جامی عێراق بە گۆڵێکی ئەو یاریزانە زاخۆ لە نەورۆزی بردەوە و خۆی گەیاندە یاری پێشکۆتایی.

بە بەشداریی زیاتر لە ٧٥ کەس، لە هەولێر خولی ڕاهێنەرایەتیی لەشجوانی بەڕێوە دەچێت
لە هۆڵی وەرزشیی دکتۆر سائیر لە کۆلیژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە شاری هەولێر، فیدراسیۆنی لەشجوانیی کوردستان خولی ڕاهێنەرایەتیی ئاستی “ئەی” بۆ ڕاهێنەرانەی یاری لەشجوانی بەڕێوە دەبات.
خولەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەبێت، کە چوار ڕۆژیان بە شێوەی تیۆری و یەک ڕۆژیش بە شێوەی کرداری دەبێت، کە یاریزانان لە یەکێک لە هۆڵەکان وانەکان وەردەگرن، ٧٥ کەس لەسەرجەم شارەکانی کوردستان بەشداری خولەکەیان کردووە، ئەمە بەرزترین ئاستی خولی راهێنەرایەتیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، ئەو کەسانەی بەشداری خولەکە دەکەن، مەرجە کە یەکێک لە ىڕوانامەکانی ئاستی “بی” یان “سی” یان هەبێت، یاخواد کەسەکە بڕوانامەی یەکێک لە پەیمانگا یان کۆلیژی وەرزشی هەبێت.