كارزان گلی – هەولێر
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بڵاوكرایەوە، هیچ پارتێكی سیاسی نەیتوانی ٦١ كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام پارتەكەی بونیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، توانی ببێتە پارتی یەكەم و لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كورسییەكانی بۆ سەرووی ٥٠ كورسی بەرزبووەوە.
پێكهێنانی حكوومەتی ئیسرائیل زۆر ئەستەم بووە، تەنیا چوار سیناریۆ بوونی هەیە، لەو چوار سیناریۆیە زیاتر، هیچ رێگەیەكی تر نییە بۆ دەرچوون لەو چەقبوستووییە، ئەمەش بەگوێرەی بەدواداچوونی ئاژانسی (BBC).
سیناریۆی یەكەم: حكوومەتی یەكێتی نەتەوەیی
ناتانیاهو، بۆ ئەوەی بتوانێت حكوومەت پێكبهێنێت و بۆ خۆی ببێتە سەرۆك وەزیران، دەكرێت لەگەڵ ركابەرە سەرسەختەكەی (ئێیسەنكۆت)دا حكوومەت پێكبهێنێت و ناوی لێبنێن حكوومەتی یەكێتی نەتەوەیی، واتە بەهێزترین حكوومەت كە دوو پارتی سەرەكی پێكی دەهێنن. بەڵام ئەمەش بۆ ركابەرەكەی سەختە، چونكە لەپروپاگندەی هەڵبژاردندا، بەئاشكرا دەیگوت ئامانجمان لابردنی ناتانیاهووە، بۆیە زەحمەت دەبێت بۆ خۆی ناتانیاهو بكاتەوە بەسەرۆك وەزیران.
ناتانیاهو، دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن چووە بەردەم پارتی لیكۆد و وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: ”سوپاسی هاوبەشە راستڕەوەكان دەكەم“ شڕۆڤەكاران پێیانوایە ئەمە بەو مانایە دێت دەیەوێت لەگەڵ (ئێیسەنكۆت)دا حكوومەتی هاوپەیمانیی دروست بكات.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ناتانیاهوو دەیەوێت لەگەڵ ئەو پارتانەدا حكوومەت پێكبهێنێت كە دژی ئێرانن و دەتوانن هاوكاری بكەن بۆ لێدان لەئێران، بۆ ئەمەشیان رەنگە ركابەرە سەرسەختەكەی رازی بكات، چونكە ئەویش دژی ئێران.
سیناریۆی دووەم: بەبێ ناتانیاهوو پێكهێنانی حكوومەت
ئەم سیناریۆیە بۆ ناتانیاهوو قورسە، رەنگە روو بدات و رەنگیشە زەحمەت بێت، ئەویش پێكهێنانی حكوومەتە لەلایەن (ئێیسەنكۆت) و پارتە عەرەبەكان كە توانیان ١٩ كورسی بەدەست بهێنن، واتە ئەگەر پارتە عەرەبەكان بچنە پاڵ ركابەرەكەی ناتانیاهوو، ئەوكات دەتوانن بەبێ ئەو حكوومەت پێكبهێنن.
ئەمە یەك زەحمەتی هەیە، ئەویش هیچ پارتێكی یەهودی لەگەڵ ئەو پارتە عەرەبانە حكوومەتی پێكنەهێنانەوە تەنیا لە ٢٠٢١ نەبێت، ئەویش حكوومەت شكستی هێنا.
واتە ئەگەر پارتێكی یەهوودی لەگەڵ پارتە عەرەكان حكوومەت پێكبهێنن، رای گشتی ئیسرائیل نیگەران دەبێت و رەنگە گرژییەكی گەورەش دروست ببێت، بۆیە تاكە ئەستەم لەبەردەم (ئێیسەنكۆت)دا رای گشتی ئیسرائیلە، گەرنا دەیتوانی حكوومەت لەگەڵ پارتە عەرەبەكان پێكبهێنێت.
سیناریۆی سێیەم: لەگەڵ پارتە راستڕەوەكان
ناتانیاهو، بتوانێت خۆی لەپارتە راستڕەوەكان نزیك بكاتەوە، تا حكوومەتی زۆرینە پێكبهێنن، چونكە راستڕەوەكان تا ئاستێكی زۆر لەگەڵ سیاسەتی ناتانیاهوون، بۆیە ئەم سیناریۆیە لاواز نییە و بەهێزە.
دوو پارتی راستەڕەو هەن، لەبەشێكی زۆری سیاسەتەكانی ناتانیاهوو رازین، بەڵام لەپروپاگندەی هەڵبژاردن دژی بوون و قسەیان پێی دەگوت، بۆیە ئەگەر ناتانیاهوو بتوانێت لەوان نزیك ببێتەوە، دەتوانێت بەئاسانی ٦١ كورسی مسۆگەر بكات و ببێتەوە بەسەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل.
سیناریۆی چوارەم: هەڵبژاردنی پێشوەختە
ئەگەر بێت و ئەو سێ سیناریۆیەی باس كرا هیچیان روو نەدات، ئیسرائیل دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە.
بەشێكی زۆری شڕۆڤەكاران پێیانوایە، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەرژەوەندی ناتانیاهوو دەبێت، چونكە ئەمجارەیان دەتوانێت بەتەنیا ٦١ كورسی بەدەست بهێنێت، چونكە دەبێتە سەرۆك حكوومەتێكی كاتی و تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن دەكرێتەوە، دەتوانێت سوود لەكات وەربگرێت بۆ ئەوەی دەنگی پارتەكەی زیاد بكات.
هەر بەگوێرەی ئاژانسی (BBC) ئەگەر هەڵبژاردن بكرێتەوە، دەنگدەری عەرەب بەو شێوەیە بەشداری ناكات، یاخود رەنگە رێگەیەك بدۆزرێتەوە تا پارتە عەرەبەكان ١٩ كورسی بەدەست نەهێنن، ئەمەش لەبەرژەوەندی ناتانیاهوو دەبێت.
بابەتێكی تریش هەیە ناتانیاهووی نیگەران كرد، ئەویش گەڕانەوەی ٧٠ هەزار دەنگدەری ئیسرائیلی بوو لەدەرەوەی وڵات و هەموویان دژی ناتانیاهوو دەنگیان، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێتەوە، ئەوان ناگەڕێنەوە، چونكە كاتیان نییە و تێچووی هاتنەوەشیان زۆرە، ئەمەش هەر لەبەرژەوەندی ناتانیاهوو دەبێت.

