رۆژنامەی ھەولێر

كێشەی عێراق بەرهەمهێنانی نەوت نییە بەڵکو هەناردەكردن و بەبازاڕكردنیەتی

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بەهرۆز جەعفەر بەرپرسی ئینستیوتی مێدیتریانە یە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS. كە دامەرزاوەیەكی كوردییە، لە تازەترین توێژینەوەیدا كە تایبەت بۆ “هەولێر”ـی ناردووە، باسی لە تەڵەو پارادۆكسی نەوتی عێراق: ئابووریی كرێخۆر لە نێو شۆكە جیۆپۆڵەتیكییەكاندا كردووە؛ لە بەشی دووەمی توێژینەوەكە توێژەر تیشكی خستۆتە سەر پارادۆكسی وەبەرهێنان لە عێراق پێی وایە كە كێشەكە بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵكو بەڕێوەبردنی داهاتەكانە

ئەو ئاماژەی بەوە داوە كە هەرچەندە، زیاتر لە دە ساڵە عێراق پێی وایە كێشە سەرەكییەكەی ئەو بریتییە لەوەی ئاستی وەبەرهێنان زیاد بكات، بەردەوام كابینە یەك لە دوای یەكەكان مژدەی گەیشتن بە ئاستی ٧ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیان داوە، كێشەی عێراق بەرهەمهێنان نییە، بەڵكو هەناردەكردن و بەبازاڕكردنە، بنیادنان و بەهێزكردنی سیستەمی دارایی هاوچەرخە (كە لایەنەكان ئەمە ناكەن و حەز بە باسكردنیشی ناكەن). بێگومان (ئەی بێگومان) زۆربەی بیرە نەوتەكانی عێراق پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوە و چاودێریی هەیە، بۆ ئەوەی ئاستی وەبەرهێنان زیادتر بكات (ئەمە ئەركێكی سەرەكی وەزارەتی نەوتە كە ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بكاتەوە، نەك وەك كێشەیەك بیناسێنێت)، چوونكە بەشێكی زۆر لە كیڵگەكان كەمتەرخەمی تیاداكراوە، زیاتر لە چەندین كۆمپانیای بیانی هاتوەو ئیشی تیاكردوون و بەجێی هێشتوون، یان لەڕووی جیۆلۆجی و ئەندازەییەوە، یاخود لە ڕووی بەكارهێنانی تەكنیكی نوێ بۆ دەر‌هێنان و، تادوایی.
توێژەر دەڵێـت ڕاستیتان دەوێ؟ وەزارەتی نەوت پێش ئەوەی بیر لەزیادكردنی ئاستی وەبەرهێنان بكاتەوە، دەبێت ناوەكەی خۆی بگۆڕێت بۆ وەزارەتی كاروباری وزە و كانزاكان؛ تۆ كە نەتوانی فرەچەشنكردن لە خودی نەوتە خاوەكەدا بكەیت، چۆن دەتوانیت ئاسایشی وزە بپارێزیت؟ چۆن فرەچەشنكردن لە تەواوی ئابورییەكدا دەكەیت! فرۆشتنی نەوت و بە بازاڕكردنی ئامانجێك ناپێكێت ئەگەر سیاسەتی دارایی وڵاتەكە لە بنچینەوە نادروست بێت؛ ئەمە وەك ئەوە وایە تانكییەكی گەورەی ئاو، بەردەوام و زووزوو ئاوی تێ بكرێت، بەڵام چەند كونێكی لە ژێرەوە تێدا بێت؛ كاتێك نرخی نەوت بەرزەو پارە زۆر دەچێتە خەزێنەكانەوە وادەزانین خەزانەكە پڕ بووە، بەڵام هێواش‌هێواش لێی دەچێت و بەتاڵ دەبێتەوە:
بە هەزاران كەس لە سەرۆكایەتییەكانی عێراق وەك فەرمانبەر هەن بەڵام هیچ ئەرك و دەوامێكی فەرمی ئەوتۆیان نییە و مانگانە مووچەی بەرز دەچێتە سەر هەژمارەكەیان، لە سۆشیال‌میدیاش گاڵتە بە حكومەت دەكەن و، لە شوێنی دیكەش خەریكی كاری دیكەن! بە سەدان‌هەزاری هاوشێوە لە دامەزراوەكانی حكومەتدا هەن، ڕاگرتنی ئەو خوێنەچۆڕە داراییەی عێراق دەبێت لە پاككردنەوەی لیستی فەرمانبەران و جیاكردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە لەوانی تر دەست پێ بكات. لە هەرێمی كوردستاندا لە ماوەی نێوان (٢٠١٥ تا ٢٠٢٦) تەنها (٧٠٠) هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرای دانەمەزراو لە هەرێمی كوردستاندا هەن، دانەمەزراون، تاوەكو دامەزراوەكان گەنجتر و نوێتر ببنەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بە سەدان‌هەزار بندیوار لە حكومەتی عێراقدا دامەزراون. كاركردن و كارپێدان دەبێت لەسەر بنەمای كارامەیی بێت، نەك لەسەر بنەمای ئەو بڕوانامە بەدەستهاتووانەی زانكۆكانی عێراق، كە خاوەنی بڕوانامەكە هیچ پێوەی ماندوو نەبووە و، دەوامی زانكۆی نەكردووە و، پێی دامەزراوە!
لە كۆتاییدا قەیرانی عێراق تەنها لە بیرە نەوتەكانەوە دەست پێ ناكات و لە بەندەریش كۆتایی نایەت؛ بەڵكو درێژ دەبێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی داهاتەکەی، هەروەها بۆ پێكهاتەی دارایی و كارگێڕی و دامەزراندن لە دەوڵەتدا.

كاتێك داشكاندنەكان بەس نین؛ قەیرانی هەناردەكردن و بەبازاڕكردن
لە بازرگانیی جیهانیدا، دوو جۆر پرۆسیجەری كڕین و فرۆشتن هەیە، یەكەمیان فۆب (FoB) ئەوەیە كە تۆ لە بەسرە نەوتەكە ڕادەستی كڕیار دەكەیت و، پشكنینی (HGS) بۆ كاڵاكە دەكرێت، ئیتر هەر هەمان كات پارەی بارەكە بەپێی گڕیبەستەكە دێتە سەر هەژماری سۆمۆ (كە بانكی بازرگانی عێراقە). شێوازی دووهەمیان، بە (CIF) ناسراوە، ئەوەیە دەوڵەت یان كۆمپانیای فرۆشیار تێچووی هەناردەكردن و گەرەنتیكردن و دابینكردنی كەشتی و باركردن دەگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەو وڵات و بەندەرەی كە كڕیار دەیەوێت، كە بارەكە گەیشت و پشكنینی بۆ كرا، پارەكەش دەگات.
ئەگەرچی بەردەوام سۆمۆ خۆی ژمارەیەك كڕیاری هەیە و ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و تیمە گەڕۆكەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەچنە گفتوگۆوە لەگەڵ كریارە بیانییەكان و پاڵێوگە گەورەكان. بەڵام سۆمۆ بە شێوەی ئەلۆكەیشن/ تەرخانكردن (بەگشتی لە ٢ملیۆن بەرمیل كەمتر نییە) نەوت دەدات بە چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی-خزمەتگوزاریی بواری نەوت، ئەوان بۆ سۆمۆی دەفرۆشن و، لە هەر بەرمیلێك سەروو ٢ دۆلار و ٥٠ سەنتی بۆ خۆیان هەڵدەگرن، چوونكە كۆمپانیا ناوخۆییەكەی كە ئەو بڕە وەردەگرێت، لە بەرانبەردا (١٪)ی پارەی ٢ملیۆن بەرمیلەكە وەك گەرەنتی (خاوەنكارەكان پێی دەڵێن خیتاب زەمان) دەدات بە سۆمۆ؛ تا نیشانی بدات كە ئەو توانای فرۆشتن و گواستنەوەی ئەو نەوتەی هەیە لە بەسرە.
عێراق لە ڕووی نرخ و بازاڕەوە، سەر بە پلاتی بازرگانی كەنداوە، نرخی نەوت لە بۆرسەی دوبەی لەگەڵ نرخی نەوت لە بۆرسەی عومان كۆ دەكرێتەوە و دابەشی دووی دەكەیت ئەوە نرخی نەوتی عێراقت بۆ دەردەچێت و، بەو نرخە دەیفرۆشێت. كێشەكە ئەوەیە ئێستا لە ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦ـدا، عێراق سی دۆلار (بە داشكاندنی -٣٠) هەر بەرمیلێك دەفرۆشێت، هێشتا كڕیاری وەك پێویست دەست ناكەوێت؟ چوونكە كەشتی نایات بۆ بەسرە، ئەو كەشتیانەی لە بەسرەوە ڕۆیشتوون لەو دیو هورمزەوە گیریان خواردوە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەگشتی كەشتییەكانی نەوت (٢ملیۆن بەرمیل و بەرەو سەرەوە باردەكەن). تەنانەت كەشتیی بچووكتر، ئەوەی بە (Bulk) ناسراوە، چوار مانگ لەوەوپێش چۆتە ئەودیو هورمز هێشتا نەگەڕاوەتەوە. لە كاتێكدا وڵاتانی كەنداو هەموویان خاوەنی كەشتی و بارهەڵگری خۆیانن، بەڵام عێراق هیچی نییە، ئەمەش بۆ خۆی تێچوویەكی ترە لەسەر دەوڵەت كە پارە بە كۆمپانیاكانی كەشتیوانیی دەرەكی دەدات بۆ باركردنی نەوتەكەی، یاخود كڕیارەكان خۆیان كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایییان هەیە و دەیگوێزنەوە.
هەرچەندە، داشكاندنی نرخی نەوتی عێراقی بووەتە هۆی زیادبوونی خواستی كۆمپانیا نێودەوڵەتی و عەرەبییەكان، بەجۆرێك كۆمپانیای (ADNOC)ـی ئیماراتی لە ماوەی مانگی ئاب و ئەیلوولدا ٧٢ملیۆن بەرمیل كڕیوە و داشكاندنەكانیش لە نێوان ١٨ دۆلار و ٢٥ دۆلار و ٢٧ بۆ ٣٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك. پێدەچێت عێراق سەروو خوانێكی گەرمتری لەگەڵ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پەیدا كردبێت! ئەدنۆك لە ٢٠٢٤ـەوە بەنزین بۆ عێراق دابین دەكات و نەوتە خاوەكەی لێ دەكڕێت، بەم دواییە كۆمپانیا ئیماراتیەکەی داناگاز كە نزیكەی ٢٠ ساڵە لە كیڵگەی كۆرمۆر وەبەرهێنان دەكات، بەبێ پرس و بڕیاری هەرێمی كوردستان دەستی بە دابینكردنی كارەبا بۆ ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراق كرد، ئێستاش كۆمپانیا ئیماراتییەكان لە بانگهێشتێكی وەزارەتی نەوت و سۆمۆ هاتوونەتە پێش بۆ دروستكردنی چەندین خەزان و پاڵێوگەی گەورەی نەوت لە ئوردون و سووریا و وڵاتانی دەوروبەر، تا عێراق بەشێك لە نەوتەكەی لە دەرەوە هەڵبگرێت!

بەرەو حوكمڕانی فراوانتری ئاسایشی وزە
بۆیە پێویستە دەرەنجامەكە ڕوون بێت: ئەم بابەتە نەك هەر باس لەو پارادۆكسە دەكات كە نەوت بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و ژێرخانی ناتەواو لە كەرتی نەوتدا دروستی دەكات، بەڵكو حوكمڕانی ئاسایشی وزە لە عێراق لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا لەبەرچاو دەگرێت. عێراق پێویستی بە خێراكردنی جێبەجێكردنی پرۆگرامی بەكرێدانی كەشتیی هەڵگری نەوتی خاوی زۆر گەورە (VLCC) و دروستكردن و پەرەپێدانی بەلەمی تانكەری نیشتمانی و هەمەچەشنكردنی ڕێڕەوی هەناردەكردن و گواستنەوەی و فراوانكردن و پەرەپێدانی ستراتیژییەكانی بازاڕكردنی مۆدێرن هەیە. ئاسایشی نەوت لە بیرەوە دەست پێ ناكات و لە بەندەر كۆتایی نایەت؛ لە بەرهەمهێنانەوە دەست پێدەكات، لە ڕێگەی گواستنەوە و هەڵگرتن و بازاڕكردنەوە درێژدەبێتەوە و بە توانای دەوڵەتێك بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكان، پاراستن و بەردەوامبوونی لێشاوی داهاتەكەی لە بەرامبەر شۆكی جیۆپۆلەتیكیدا دەگاتە لوتكە.