رۆژنامەی ھەولێر

کە دەم پارتی بچێتە ناو كۆنگرە، ئۆجەلان سەركردایەتییەكی تازەی بۆ دادەنێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

بڕیارە لەم مانگەدا، دەم پارتی بچێتە ناو كۆنگرە و لەوێوە گۆڕانكاریی زۆر گەورە بکات؛ بەشێكی زۆری سەركردایەتی دەگۆڕێن و عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، سەرپەرشتی كۆنگرە دەكات و ئەوانەی دەبنە ئەندامی سەركردایەتی و هاوسەرۆكی دەم پارتیش، بۆ خۆی دایاندەنێت و سەرپەرشتیی دەكات.

ماوەیەكە دەنگۆیەك لەسەر زاری چەند رۆژنامەنووسێكی توركیا بڵاو بووەتەوە، گوایە عەبدوڵا ئۆجەلان مافی ئومێد دەیگرێتەوە و ئازاد دەبێت، هەروەها لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٨ لە توركیا، بە ئەگەرێكی زۆرەوە دەبێتە جێگری سەركۆماری توركیا یان پۆستی راوێژكاری دەدەنێ؛ ئەم دەنگۆیە دوای ئەوە کەوتەوە كە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەسەدە، بە فەرمی هەسەدەی هەڵوەشاندەوە و بۆ خۆیشی بووە راوێژكار لە سەرۆكایەتیی كۆماری سووریا.
ئەم دەنگۆیە لەلایەن بەشێكی زۆری بەرپرسانی دەم پارتیەوە رەت كرایەوە، هەروەها راوێژكاری باڵای سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاند، ئۆجەلان مافی ئومێد نایگرێتەوە و بە هیچ شێوەیەك ئازاد نابێت، بەڵام ئیمرالی وەكوو جاران نابێت و كارئاسانی دەكرێت تا ئۆجەلان بتوانێت چالاكوانان و رۆژنامەنووسان و بەرپرسانی دەم پارتی ببینێت.
لەم مانگەدا دەم پارتی دەچێتە ناو كۆنگرە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە، ئۆجەلان بۆ خۆی سەرپەرشتی كۆنگرە دەكات و ناوی دەم پارتی دەگۆڕێت و سەركردایەتییەكی تازە بۆ دەم پارتی دادەنرێت، بەشێكی زۆری سەركردایەتییش ئۆجەلان بۆ خۆی دایاندەنێت، واتە ئۆجەلان ئەگەر لە زیندانیشدا بێت تا ماوەیەكی زۆر، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ رێبەڕایەتی دەم پارتی دەكات.
هۆكاری ئەوەی ئۆجەلان كاریگەریی لەسەر كۆنگرەی دەم پارتی دەبێت ئەوەیە، پێویستە ئۆجەلان كارئاسانیی بۆ بكرێت تا لەناو دەم پارتی و پەكەكە رۆڵی هەبێت، چونكە پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە، بەبێ بوونی ئۆجەلان ناكرێت و كێشەی تێدەكەوێت، بۆیە پێشتریش چەند بەرپرسێكی دەم پارتی گوتووبویان ئۆجەلان بۆ خۆی سەرپەرشتی چەكدانانی پەكەكە دەكات.
ئەوەی گرنگە بۆ ئاكەپە و مەهەپە، ئۆجەلان كاریگەریی لەسەر دەم پارتی هەبێت، چونكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی دەبێت دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان بدەن، ئەگەر ئەوە روو نەدات پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە سەركەوتوو نابێت.
ئۆجەلان، چەند جارێك بەشاندی ئیمرالی گوتووە، پێویستە پشتگیریی لە ئەردۆغان بكەن، چونكە بۆ برەودان بەپڕۆسەی ئاشتی، ناكرێت دژایەتی ئەردۆغان بكرێت، ئەگەر دژایەتی ئەردۆغان بكرێت، بەو واتایە دێت دژایەتی پڕۆسەی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە كراوە، بۆیە وەكوو چۆن پێشتر دەم پارتی پشتگیریی لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٣، دەبێت ئەمجارەیان پشتگیریی لە ئەردۆغان بكات.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، دەم پارتی بە فەرمی ناچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆماریی، بەڵام دەنگ بەبەربژێری ئەو هاوپەیمانییە دەدات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی.
دەم پارتی، دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەناو پەرلەمانی توركیا بەهێز بن و ژمارەی كورسییەكانیان بۆ ١٠٠ كورسی بەرز بكەنەوە، ئەمەش بەهاوكاری ئۆجەلان و ئەو نەخشەرێگەیەی بۆیان دادەنێت، ئەگەر ئەوە روو بدات، كاریگەریی دەم پارتی زۆر دەبێت و رەنگە ببێتە كلیلی پەرلەمانی توركیا، واتە زۆرینەی هاوپەیمانیی كۆماری، بەدەنگی دەم پارتی دەبێت و ئەگەر دەم پارتی بكشێتەوە، ئەو هاوپەیمانییە زۆرینە لە دەست دەدات.
ئەمانە هەموویان پێمان دەڵێن، دەنگۆی وەرگرتنی پۆست لەناو سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بۆ ئۆجەلان دوورە لە راستی و تەنانەت ئازادبوونی ئۆجەلانیش زەحمەتە، چونكە بەرپرسانی ئاكەپە، بەڕوونی دەڵێن ئۆجەلان بەهیچ شێوەیەك ئازاد نابێت.