رۆژنامەی ھەولێر

‫ پێشەکیی ”ئەنتۆلۆجیای شاعیرە ژنەکانی کوردستان”‬‬‬

وەرگێڕانی پێشەکی بۆ کوردی سۆرانی:

کۆکردنەوەی وەرگێڕانی بۆ یۆنانی:
جەمیل توران بازیدی

‫شەش ساڵ لەمەوبەر کاتێک سەرقاڵی ئەنتۆلۆژیای ”شیعری هاوچەرخی کوردی” بووم، زانیم کە نادادپەروەرییەک بەرامبەر ژنە شاعیرانی کورد دەکەم. من نەک تەنیا بەرهەمە گەورەکانیان دەناسم، بەڵکو سەرسامم بە ژیانیان.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫ئەو ئەنتۆلۆژیایەی لەبەردەستدا بوو، بەڵێنێک نەبوو، پتر ئەرکێک بوو بۆ ئەم ژنانە، کە وشەی ”ئازادی” بۆ ئەوان لە دروشمێک کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو هەناسەیەکە، مەرجێکی ژیانە. چیرۆکی داپیرە و دایکانە، ئەوانەی بوێرانە لوولەی چەکەکانیان لە دژی داگیرکەران وەرگێڕا؛ چیرۆکی ئەو ژنانەیە کە لە شاخەکانەوە خۆیان فڕێدایە خوارێ تا نەکەونە دەستی دوژمن.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫شاعیرانی مۆدێڕنی کورد بەو بەهایانە گەورە بوون، بەڵام لەسەرووی ئەوە: بناغەی ئازادی لە یەکسانیدایە، لە مافی خوێندن، لە مافی قسەکردن بە زمانی زگماکی مرۆڤ بەبێ ترس لە ژیان، یان داهێنان بەبێ ئەوەی لە هەموو چرکەیەکدا بکەوێتە مەترسییەوە.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫زۆربەیان لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە یان لە ڕێگەی بابەتە بڵاوکراوەکانیان ناسیمن. من سەرسا بووم بە گەرموگوڕیی قسەکانیان، بە ئاماژەکردن بە وابەستەیی، لە وڵاتێک کە هەندێکیان هەرگیز نەیانناسیبوو، بەڵام لە ڕێگەی چیرۆکی دایک و باوکیانەوە خۆشیان دەویست، بە شیعرەکانیان سەبارەت بە جوانی سروشت و بە خولیای هاوڕێیەتی و خۆشەویستی ئەوەیان دەربڕیوە. هەموو ئەمانە بە بڕینی ڕێگا سەختەکانەوە هاتوونەتەدی…‬‬‬‬‬‬‬‬
‫ئەو ڕوۆحە ئازادانە، بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دا تاریکیی ئەو داگیرکەرانە ببەزێنن کە کوردستانی سەربەرزیان دابەش کرد. ئەو ژنانە دەیانەوێت کۆنترۆڵی ژیانیان، هەڵبژاردنەکانیان، ڕواڵەتیان و قسەکانیان بکەن.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫زۆربەی شاعیرانی ئەم ئەنتۆلۆژیایە لە زێدی خۆیان دەربەدەر بوون، ”جانتاکەم پڕە لە فرمێسکی سنوورەکان/ هاواری شاخ و دۆڵەکان…”، ڤێزینا کورد لە یەکێک لە شیعرەکانیدا ئەوەی نووسیوە. هەندێکیان لە ئۆردوگای پەنابەران گەورە بوون، هەندێکی تریان لە زیندانەکانی داگیرکاریدا ئەشکەنجە دراون و هەندێکی دیکەشیان بە داکوتانی پێیان، ڕەتیان کردەوە خاک بەجێبهێڵن. بەڵام هەموویان ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە مێژووی کوردستاندا داکوتاوە، لە خەباتەکانی سەربەخۆیی، لە ماتەمینی لەدەستدان، لە هەمان کاتدا، لە گەشەکردنی خۆشەویستی و سۆز و باوەشی سروشتدا. هاوکات لەگەڵ شیری دایکیان مێژووی کوردستانیشیان خواردووە.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫ هەزاران ساڵە کورد بە شێوەی زارەکی، لە ڕێگەی داستان و ڕاپسۆدەکانی پرسەی لەدەستدان، شارەزایی کولتووری خۆی بووە. ئەوانە شوێنەوارێکی پیرۆز بوون کە هۆشیاری نەتەوەیی کوردیان لە قاڵب دا. ئاوازێکی هاوسەنگ بوو لەگەڵ هاوارەکانی بەرەنگاری. شیعر بوو بە بەشێک لە ژیانیان. بە نێوەندییەوە و لەگەڵیدا قسەیان دەکرد و باسی ژیانی ڕۆژانەیان دەکرد، باسی هیوایان دەکرد، لەسەر ئەو ناپاکیی و ستەم و کۆمەڵکوژییانەی کە تووشی بوون، دەوەستان. کورد نییە ئەفسانەی مەمی ئالان نەزانێت، دەربارەی خۆشەویستی پاشایەک بۆ ژنێک.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫پاشان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا شوێنەوارناسانی بەریتانی ناوچەی هەورامانیان لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) پشکنی و ئێستا یەکەم شاعیری کورد دەناسین، ”بۆرازبۆز” کە لە سەدەی چوارەمی پێش زایین ژیاوە و شیعرەکانی پڕن لە شیعرییەت و تایبەتن بە ژنێک، بە شێوازی کوردی کرمانجی نووسراون و تا ڕادەیەکی زۆر بە یەکەم خوێندنەوەی لێی تێدەگەین.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫بەیەکەوە‬‬‬‬‬‬‬‬
‫ خۆزگە پێکەوە دەبووین‬‬‬‬‬
تا بچین پێکەوە نان بخۆین
لە هەر شوێنێک بێت، وەرە، با بڕۆین
با پێکەوە گۆرانی بڵێین، ناسکۆڵەی من
سەیرکە کۆترەکە بەرەو کوێ دەڕوات
بە هەموو هێزی خۆیەوە هاوار دەکات
لە شاخ و دەشتەوە
ئەی هاوار! خۆشەویستی
من و تۆ، وەک یەک دڵ
تەنانەت ئەگەر خەزانیش بێت
پێکەوە دەمێنینەوە
لە ژیاندا یان لە مردن
یان دەڕۆین یان دەمێنینەوە.
‫ ‬‬‬‬‬‬‬‬
‫ئەم دۆزینەوەیە، کە بۆ کولتووری کوردی زۆر گرنگە، ئەمڕۆ لە مۆزەخانەیەکدایە لە لەندەن.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫لە سەدەی شازدەدا، ئەدەبیاتی کوردی نەشونمایەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، تەنانەت ئەوەی ڕۆژئاوای ڕەت دەدایەوە. بواری نووسین، بابەتی ڕۆژنامە و گۆڤار و شیعری دەگرتەوە. بەڵام هەمووی لە دەستی پیاواندا بوو. ساڵانێکی زۆری ویست تاکو ژنانی کورد پێنووس بگرنە دەست و بە شێوەیەکی تایبەتمەند ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و خەون و هیواکانیان دەربڕن.‬‬‬‬‬‬‬
‫هۆکاری سەرەکی ئەم دواکەوتنە بێگومان نەخوێندەواریی بوو، چونکە کۆمەڵگای کوردی لەو باوەڕدا بوون، کە خوێندن پێویست نییە بۆ ژنان، چونکە ئەرکی زۆری لەسەر شانە، وەک شەڕ، منداڵان، کاری ماڵەوە… ڕێگەپێنەدانی خوێندەواریی بە کچان بۆ پاراستنیان بوو، نەک بۆ وەدەرنانیان یان سووکایەتی پێکردن، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا قەدەغەکردنێک بوو.‬‬‬‬‬‬‬
ئەم تێڕوانینە زاڵ بوو هەتا ڕەوشەن بەدرخان دەرکەوت، ژنێکی لێهاتوو و پێشەنگی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری کوردی بوو. یەکەم ژن بوو لە پاشخانێکی پارێزەرانە جیا بووەوە و ژیانێک بەڕێوە ببات کە بە ویست و کرانەوەیەکی گەورە پێناسە کراوە. ئەم ئەنتۆلۆژیایە لەم ژنە پێشەنگەوە دەست پێدەکات، هەرچەندە هەرگیز شیعری نەنووسیوە، بەڵام زەمینەی بۆ پەروەردەکردنی ژنان و دانپێداهێنان بە مافەکانیان خۆشکردووە. شۆڕشگێڕێکە کە چرایەکی بۆ هەموو ژنە ڕۆشنبیرەکانی کورد هەڵکرد.
‫بەبێ ئەوەی ڕۆڵی ”ماه شەرەف خانم، ناسراو بە مەستوورەی ئەردەڵان” لەبیر بکەین، ئەو ژنە چالاکەی کە بۆ ڕێزلێنانی بەرگی پێشەوەی ئەم ئەنتۆلۆژیایە بە وێنەکەی ئەو نەخشراوە، شۆڕشگێڕێک بوو ڕێگەی بۆ هەموو ژنانی ڕۆشنبیر خۆش کرد.‬‬‬‬‬
ساڵانێکی زۆری خایاند تا ژنانی کوردستان دەستیان بە نووسین و چاپ و بڵاوکردنەوە کرد و ژنە شاعیرەکانی کورد لە ڕێگەی هەر یەکێک لە شیعرەکانیانەوە ”مانیفێستێکی ژیانیان” پێشکەش کرد، با پڕ لە ماتەمینیش بێت.‬‬‬‬‬

‫ ئەو شاعیرانەی ناویان لەم ئەنتۆلۆژیادا هاتووە:‬‬‬‬‬‬‬
‫ (ناوەکان بەپێی ئەلفوبێی یۆنانی ڕیزبەندی کراون)‬‬‬‬‬‬‬
هیجران ئەسلان، سوڵتان یارای، نارین یوکلەر، دڵشا یوسف، گولیزار، کەژاڵ ئەحمەد، ڤێژینا کورد، تارا مامەدۆڤا، گۆهار مامۆ، میدیا مەروان بەرەکات، مەروە بریم، کارینا ئۆسیان، ڕێشە، فاتمە ساڤچی، بەیان سەلمان، نارین عومەر سەیفەدین، ئەڤین شکاکی، هێلالێ سۆهرابی، بەیان سۆهرابی، دیمەن سۆهرابی، هینارا تاجدین، بۆنیە سوعاد جێگەرخوێن، یڵدز چاکار، ڤینۆس فایق، میزگین هێسکۆ، بەهار هیسێنی.
‫ بەرگی کتێبەکە بە ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستان دیزاین کراوە و بە وێنەی مەستوورەی ئەردەڵان بە هەمان ڕەنگەکانی ئاڵاکە ڕازاوەتەوە.‬‬‬‬‬‬‬‬
‫ هەروەها چیرۆکی ژیانی ڕەوشەن بەدرخانی تێدا دەگێڕێتەوە، کە ژنێکی پێشەنگی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری نەتەوەیی کوردە، لەژێر ناونیشانی ”کچی تاراوگە” و ئەم ئەنتۆلۆژیایە پێشکەش بە یادی ئەو کراوە.‬‬ ‬‬‬
‫‬‬‬‬‬‬‬
‫‬‬‬‬‬‬‬‬
‫‬‬‬‬‬‬‬‬