رۆژنامەی ھەولێر

دەم پارتی دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

دوای ئەوەی چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، لەناو پەرلەمانی توركیا دەنگی پێویستی هێنا و تێپەڕی، پاشان لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاوكرایەوە، ئیدی ئەو پرۆژەیاسایە كە لە ١٢ مادە پێكهاتووە، دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە. دەم پارتی، كە ئەكتەرێكی گرنگی ئەو پڕۆسەیەیە، ئایە دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە؟

هاوپەیمانیی كۆماری، لەلایەن هەردوو پارت ئاكەپە و مەهەپە پێكهێنرا، پاشان دوو پارتی بچووكی تر هاتنە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە، هەر پارتێكیش بێتە ناو ئەو هاوپەیمانییە، دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دەنگ بە رەجەب تەییب ئەردۆغان بدات.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٣دا، دەم پارتی پشتگیریی تەواوی بەربژێری جەهەپە و هاوپەیمانیی میللەتی كرد دژی ئەردۆغان، بەڵام ئایە دوای ئەوەی چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە، دەم پارتی دێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە؟
ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووتری هەدەپە، پێیوایە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی، دەم پارتی پشتگیریی لە ئەردۆغان دەكات، چونكە بەهۆی ئەو پرۆژەیاسایەوە لە یەكتری نزیك بوونەتەوە و بەئەگەرێكی زۆرە بەشێك لەو پرۆژەیاسایە بۆ ئەوەیە، دەم پارتی پشتگیریی لە ئەردۆغان بكات.
چەند رۆژنامەنووسێكی سیاسی توركیا پێیانوایە، ئامانجی گەورەی ئاكەپە و مەهەپە بۆ پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و ئەو پرۆژەیاسایە بۆ ئەوەی دەم پارتی رابكێشن و لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، چونكە بەبێ دەنگی كورد، ئەردۆغان ناتوانێت بیباتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، كە بە ئەندازیاری ئەو پرۆژەیاسایە دادەنرێت و داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێن و خەباتی مەدەنی دەستپێبكەن، پێی باشە دەم پارتی دەنگ بە ئەردۆغان بدات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
بەگوێرەی شڕۆڤەی چەندین كەسایەتی سیاسی، ئۆجەلان ئەو بەڵێنەی بە ئاكەپە و مەهەپە داوە، كە لە قۆناغی جێبەجێكردنی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكەدا، هەموو هەوڵێك دەدات تا كورد و بەتایبەت دەم پارتی، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن.
رەنگە دەم پارتی نەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆمارییەوە، بەڵام بەناڕاستەوخۆ پشتگیریی لە ئەردۆغان بكەن، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣دا، نەچوونە ناو هاوپەیمانیی میللەت، بەڵام دەنگیان بە كەمال كلیچدارئۆغڵودا، هەمان سیناریۆ دووبارە دەكەنەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە دژی ئۆپۆزسیۆن و پشتگیری لە ئەردۆغان دەكەن.
ئەگەر بێت و دەم پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دژی ئەردۆغان بێت و پشتگیریی لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بكات، پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە، رەنگە تێكبچێت و دیسان لە بری ئاشتی دەنگی گوللە ببیستینەوە، چونكە بەهیچ شێوەیەك ئەردۆغان قبوڵی ناكات لەلایەك دەست بخاتە ناو دەستی دەم پارتی و ئیمیڕاڵی بۆ پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، لەلایەكی تر ئیمیڕاڵی و دەم پارتی دژایەتی بكەن و نەیەڵن ببێتەوە بەسەركۆماریی داهاتووی توركیا.
كەواتە یەكلایی بووەتەوە دەم پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەردۆغان ببێتەوە بە سەركۆماری توركیا، ئەمەش بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هەنگاوەكانی رانەوەستن و بگاتە ئەنجام، بەوەی پەكەكە چەك دابنێت و گەریلا بگەرێتەوە ناو ژیانی ئاسایی، پاشان دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا بەهێز بێت و ژمارەی پەرلەمانتارەكانی زیاد بكات.
ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، یەكلایی دەكاتەوە ئاخۆ كورد پشتگیریی لە ئەردۆغان دەكات یان نا، چونكە دەمیرتاش كاریگەریی هەیە و ئەگەر لەگەڵ ئەوە بێت ئەردۆغان ببێتەوە بەسەركۆماری توركیا، دەنگێكی زۆری كوردەكان بۆ ئەردۆغان دەبێت و ئەگەریش لەگەڵی نەبێت، سەركەوتنی ئەردۆغان ئەستەم دەبێت، تەنانەت ئەگەر دەم پارتیش پشتگیریی لە ئەردۆغان بكات، ئەمەش بەگوێرەی شڕۆڤەی زۆرێك لە لێكۆڵەرانی سیاسی.